ئەسعەد مەردۆخیی قەرەداخی؛ هونەرمەند، نووسەر
یەکێک لە شانازییەکانی نەتەوەکەمان ئەوەیە، کە لە کوردستانى گەورەدا چەند بنەماڵەیەک هەن، تەواوی بنەماڵەکە هەموو هێز و توانایان خستووەتە گەڕ لەپێناو خزمەتکردن بە نەتەوەکەیان. هەر یەک لەو بنەماڵە ئازیزانە لە ڕێی هونەر بە هەموو شێوەکانییەوە، وێژە، زمان و نووسین خۆیان تەرخان کردووە و ئەمڕۆ بوونەتە ناو و ناوبانگ و جێدەست و کار و بەرهەمەکانیان بەرچاون و جێی ڕێز، پێزانین و بەرزنرخاندنن...
ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە هونەری مۆسیقا و گۆرانییە، وەک بنەماڵەی (کامکارەکان، عەندەلیبییەکان، ماملێیەکان، مەرجانەکان، نامدار قەرەداخی و تا دەگاتە بنەماڵەی مامۆستا و هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی). هەر یەک لەو بنەماڵە ئازیزانە بەبێ ماندووبوون تێکۆشاون و خزمەتیان بە هونەری ئاواز، مۆسیقا و گۆرانیی کوردی کردووە...
یەکێک لەو هونەرمەندانەی ساڵانێک لە ڕێی دەست و پل و پەنجە هونەرییەکەیەوە بە ئامێری (قانوون و سەنتوور) خزمەتی کردووە، هونەرمەند، گۆرانیبێژ، نووسەر و مامۆستا (ئەسعەد قەرەداخی)یە...
بەهۆی سەرقاڵی، بژێویی ژیان و بارودۆخی وڵاتەوە، ساڵانێکە ئەو دەست و پەنجە جوانە هونەرییە و گەرووە شیرینە کوردانەیە لە گۆڕەپانی هونەر دوورکەوتووەتەوە و بەشێوەیەکی دیکە سەرگەرمی مامۆستایەتییە؛ لەگەڵ خەریکبوونی بە وانینەوە (وانەوتنەوە)، توێژینەوە (Research) و وتارنووسین، کە لەو بوارانەیشدا مێژوویەکی جوانى بۆ خۆی نەخشاندووە...
ئەسعەد قەرەداخی و کار و تێکۆشانە هونەرییەکانی..
ئەسعەد عومەر محەمەد مەردۆخیی قەرەداخی، ناسراو بە (ئەسعەد قەرەداخی)، لە ساڵی (1951) لە خانەوادەیەکی ئایینی و ڕۆشنبیر لە شاری (هەڵەبجە) لەدایکبووە. ئەو بنەماڵەیە بەڕەچەڵەک (مەردۆخی)ن و باب و باپیرانیان لە (قەرەداخ) نیشتەجێ بوون، ناوی (قەرەداخ) بووەتە پاشگر و ناسناوی هەموو بنەماڵەکەیان.
ئەسعەد قەرەداخی (7) برا و خوشکێکی لە خۆی گەورەتری هەیە؛ واتە ئەسعەد دوایین منداڵی خانەوادەی (شێخ عومەر محەمەد مەردۆخیی قەرەداخی) بووە. بەداخەوە لە تەمەنی منداڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات.
(من لە هەموویان بچووکترم، بەداخەوە من باوکم نەبینیوە، دایکم گۆشی کردووم و جێی هەموو شتێکی بۆ پڕ کردمەوە، براکانیشم دڵسۆزانە کەمتەرخەمییان نەکردووە لەگەڵم)...
بنەماڵەکەیان لە ساڵی (1954) شاری هەڵەبجە جێدێڵن و ڕوو دەکەنە شاری سلێمانی و بۆ هەمیشە لەو شارەدا نیشتەجێ دەبن. کار، بەرهەم و تێکۆشانەکانیان لە بوارەکانی ئایینی، مۆسیقا، گۆرانی، هۆنراوە، پەروەردە و فێرکردندا، تیشکی ڕووناکییان بە هەموو کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە...
ئەسعەد قەرەداخی دەخرێتە بەر خوێندن؛ یەکەم وێستگەی پەروەردە و فێربوونی ئەلفوبێی کوردی لە قوتابخانەی سەرەتایی (فەیسەڵیە) و قوتابخانەی (غازی) بووە، دواجار لە قوتابخانەی (پیرەمەگروون). لەم دوا قوتابخانەیەدا، بەیانیانی شەموان لە ڕیزکردنی خوێندکاراندا بانگهێشت دەکرا بۆ چالاکی و چڕینی سروودە نیشتمانییەکان، بەتایبەتی سروودەکانی شاعیری گەورە (زێوەر).
قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو دەکات...
لە زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی زانستی (B.Sc.) لە بوارى (کیمیا) لە ساڵی (1972 - 1973) بەدەست دێنێت. دوای تەواوکردنی خوێندن، لە ساڵی (1975) بە ئاسیستەنت/موعید (Demonstrator) لە بەشی کیمیا/زانکۆی سلێمانی، لە بوارەکانی ئۆرگانۆکیمیا (Organochemistry) و ژیۆکیمیا/کیمیای زیندەیی (Biochemistry) دەستبەکار بووە...
ساڵی 2000ز بڕوانامەی B.Sc. لە پەروەردە (پێداگۆجی / Pedagogy) لە ستۆکهۆڵم / سوید وەرگرتووە...
هونەرمەند لە ماوەی خوێندنی لە زانکۆی سلێمانی، جیا لە خوێندن و هەست و خولیا هونەرییەکەی، لە خەمی نووسین و زانستدا بووە...
لەو دوو دواساڵەی خوێندنیدا لە زانکۆ، لەگەڵ چەند هاوکارێکیدا گۆڤارێکی زانستیی وەرزیی بەناوی (کۆلێژی زانستەکان) هێناوەتە بەرهەم و هەر بە خۆیشی سەرپەرشتیی گۆڤارەکەی کردووە...
لە هەموو چالاکییەکی هونەری و میهرەجانەکانی زانکۆدا بەشداریی کردووە و ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە تێیدا...
ئەسعەد قەرەداخی و هەنگاونانی بۆ نێو جیهانی هونەر..
خولیاى هونەرمەند و مامۆستا (ئەنوەر قەرەداخی / 1946 هەڵەبجە) لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ مۆسیقا هەبووە و هەوڵی داوە، دواتریش کە دێنە سلێمانی لە قوتابخانەی فەیسەڵیە وەردەگیرێت. لە ڕێی مامۆستای هونەرمەند (وەلیەم یوحەننا / 1934 - 14/9/2005) پەی بە توانا و بەهرەکەی دەبرێت، زۆر گرنگیی پێ دەدرێت و دەخرێتە گرووپی سروودی قوتابخانە و بەیانیان لە گۆڕەپانی قوتابخانەک بەیانیان سروودی بۆ قوتابییان خوێندووە، بەو شێوەیە بەردەوام بووە تا گەیشتووەتە ئاواتەکەی. مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی لە (26/1/1964) بە پلەی یەکەم بڕوانامەی مامۆستایەتی لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی بەدەست دێنێت و دەبێت بە مامۆستا. مامۆستا ئەنوەر لە ڕێی توانا، بەهرە و دەست و پەنجە زێڕینەکەیەوە کاریگەریی لەسەر هەست و ئارەزووەکانی ئەسعەدی برای دادەنێت...
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی زۆر بە ڕاشکاوییەوە دەگێڕێتەوە:
{کاک ئەنوەرى برام چەند ساڵێک لە من گەورەتر بوو، هەر لە منداڵییەوە پێکەوە گەورە بووین و هەمیشە وەک هاوڕێیەک بووین...
من لە قۆناغی ناوەندییەوە کەوتوومەتە کاری هونەری. لەیادمه کاک ئەنوەر ئامێرێکی (قانوون)ی کڕیبوو و لە ماڵەوە داینابوو؛ هەرکاتێک لە ماڵ نەبووایە، بە بێدەنگی قانوونەکەم دەردەهێنا و خۆم پێوە خەریک دەکرد، تا جارێک بە بێدەنگی هات بەسەرمدا و بینی کە هەوڵ دەدەم فێر ببم. ئەگەرچی لە سەرەتادا هەستم بە تووڕەبوونی کرد، بەڵام دوایی هێور بووەوە و گوێی لێ گڕتم چی دەکەم، ئیتر لەو ڕۆژەوە پشتیوانیی لێ دەکردم و بووە هاوکارم}.
هێدی هێدی هەستی بە پێشکەوتن دەکرد و ئەویش ڕێنیشاندەری دەبوو، تا گەیشتە ئەو ئاستەی لە نێو تیپی مۆسیقای سلێمانیدا وەک قانوونژەن خۆی ببینێتەوە...
ئەسعەد قەرەداخی؛ بچووکترین ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی..
یەکێک لە تیپە مۆسیقاییەکانی کوردستان مێژوویەکی پڕ بەخشندەی هونەریی هەیە و خزمەتێکی زۆری بە زیندوبووکردنەوە و پاراستنی فۆلکلۆر و پێشخستنی مۆسیقا و گۆرانی لە کوردستاندا کردووە؛ بە مەبەستی بووژاندنەوە و پەرەپێدانی گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی لە (23/5/1967) تیپی مۆسیقای سلێمانی دادەمەزرێنرێت و چەندین بەرهەمی جوان پێشکەش دەکرێت...
لە ڕێکەوتی (2/4/1969) لەگەڵ هونەرمەندانی شانۆ یەک دەگرن و ناوی دەنێن (تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی). لەبەر تایبەتمەندییە هونەرییەکانی هەردوو بوارەکە (نواندن و مۆسیقا)، دوای یک ساڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی جیا دەبێتەوە و لە هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتی ڕەسمیدا دەبن.
لە ڕێی فەرمانی وەزاریی وەزارەتی ڕاگەیاندن و دەزگای گشتیی ئێستگە، تەلەڤزیۆن و سینەما بە فەرمانی ژمارە (10297) لە (23/5/1973) بەناوی ئەم پێنج هونەرمەندەوە مۆڵەتی فەرمیی کارکردن وەردەگرن:
هونەرمەندان (ئەنوەر عومەر قەرەداخی، فەرەیدوون سەعید دارتاش، فەرید عیسا نەزەر، وەلیەم یوحەننا و محەمەد ئامۆکەیی).
لە ڕێکەوتی 7/6/1973ز، یەکەمین دەستەی کارگێڕیی تیپی مۆسیقای سلێمانی لە ڕێی هەڵبژاردنەوە دامەزرا کە لەم هونەرمەندانە پێکهاتبوو:
م. ئەنوەر عومەر قەرەداخی (سەرۆکی تیپ)
م. فەرید عیسا نەزەر (سکرتێری تیپ)
م. فەرەیدوون سەعید دارتاش (ژمێریاری تیپ)
م. وەلیەم یوحەننا خنانیشۆ (کارگێڕیی هونەری)
م. محەمەد ئامۆکەیی (کارگێڕیی تیپ)
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی لەگەڵ دەستپێکی کار و تێکۆشانە هونەرییەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بووەتە ئەندامی تیپەکە وەک ژەنیاری ئامێری (قانوون) و پاشان وەک گۆرانیبێژ.
(من یەکێک بووم لە ئەندامانی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای سلێمانی و دەتوانم بڵێم بە تەمەن لە هەموویان بچووکتر بووم؛ بە ئامێری قانوون بەشدار بووم و دواتر بە گۆرانی)...
یەکەم گۆرانیی بەناوی (تەنکە) لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار کردووە.
(ئەو گۆرانییانەی چڕیومە لەگەڵ هونەرمەندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی، زۆربەیان لە ئاواز و دابەشکردنی مۆسیقادا لە ئامادەکردنی کاک ئەنوەر بووە. دەتوانم ئەوەیش بڵێم کە لە تۆن و سروشتی دەنگم تێگەیشتبوو و کارەکانی لەسەر دەنگی من دادەڕشتەوە)...
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی (تیپی مۆسیقای زانکۆ) و (تیپی میللیی زانکۆی سلێمانی) سەر بە مەڵبەندی ڕۆشنبیریی زانکۆی سلێمانی. دەگێڕێتەوە و دەڵێت ئەو تیپە فۆلکلۆرییەی دامەزرا، بە ڕاوێژکردن لەگەڵ کاک ئەنوەر بوو کە سەرپەرشتیاری تیپەکە بوو؛ توانرا بۆ یەکەمجار لە کوردستانی باشووردا ئامێری سەنتوور بهێنرێتە ئاراوە و وەک ئامێرێکی ڕەسەنی کوردی بەکار بێنرێت...
لە هەردوو تیپەکەدا وەک ژەنیاری قانوون و سەنتوور و گۆرانیبێژ جێپەنجەی دیارە. هونەرمەندانی تیپی میللیی زانکۆ پێکهاتبوون لە هونەرمەندان: (ئەنوەر قەرەداخی / ئامێری ساز، ئەسعەد قەرەداخی / ئامێری سەنتوور، ڕەحیم ڕەسوڵ "ناسراو بە ڕەحیمی نەی" / ئامێرژەنی باڵەبان، عەزیز حەکیم عەزیز ئەحمەد "ناسراو بە عەزیز خەمزەیی" / ئامێری زەرب، بەختیار محەمەد / ئامێری دەفزەنگ، جەلال عەلی قادر / ئامێری زەرب). گۆرانیبێژانی تیپی میللیی زانکۆی سلێمانی بریتی بوون لە هونەرمەندان: (کەریم حەکیم عەزیز ئەحمەد "ناسراو بە کەریم خەمزەیی" و عوسمان عەلی).
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی وەک ژەنیاری سەنتوور و گۆرانیبێژ بەشداریی لە هەموو چالاکییە هونەرییەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی هونەریی میللیی زانکۆی سلێمانی کردووە...
لە سەروبەندی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ئەیلوولدا، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی وەک ئەرکێکی نیشتمانی بووەتە پێشمەرگە و لە خەبات و تێکۆشانی ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا بەشدار بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بەشێکی گرنگی پێشمەرگایەتیدا خەباتی کردووە، نەیتوانیوە لەگەڵ هاوڕێیانی مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژەکانیدا لە تیپی مۆسیقای شۆڕشدا کاری هونەری ئەنجام بدات...
چالاکییە هونەرییەکانی هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی
دوای نسکۆی ساڵی 1975ز، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی بە هاوکاریی هونەرمەندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و بەتایبەت هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداخی)، بە گوڕوتێنێکەوە کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە لەگەڵ تیپی مۆسیقای زانکۆ و تیپی مۆسیقای سلێمانی بۆ تەلەڤزیۆن تۆمار دەکات...
لەبارەی هەردوو گۆرانیی (گیان گیان و گیان ئازیزەکەم) و (خۆشی لە سەرچنارە)، مامۆستا و هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی لە چۆنیەتیی تۆمارکردنی ئەو دوو گۆرانییەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن بۆ تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار کراوە:
ساڵی 1975ز، لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک گۆرانیی (گیان گیان) و (خۆشی لە سەرچنارە)م بۆ ئەسعەد قەرەداخی کلیپ کرد...
لە ساڵی (1974) لە شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ برای ئەزیزم هونەرمەند (وریا ئەحمەد کۆیە) و خوالێخۆشبوو (سەباح محەمەد ئەمین)، لە ماڵی خۆمان لە نەغەدە تۆمارمان کرد. ئەگەرچی هەر بۆ تاقیکردنەوە بوو، بەڵام زۆر جوان دەرچوو...
لە کاتی تۆمارکردنی لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک، هونەرمەند (جەمال کابان / 1947 - 26/7/2001) خرایە جێی سەباح محەمەد ئەمین، لەبەرئەوەی سەباح ئامادە نەبوو و کاری هەبوو لە کاتی تۆمارکردنەکەدا...
ساڵی (1977)، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی لەگەڵ هونەرمەندانی تیپی میللیی زانکۆی سلێمانی بە سەرپەرشتیی مامۆستا و هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداخی) چەند گۆرانییەک بۆ هونەرمەند "کەریم خەمزەیی" لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار دەکەن. هەر لە هەمان ساڵدا، تیپی میللیی زانکۆی سلێمانی لەلایەن زانکۆی بەسڕەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ پێشکەشکردنی چەند چالاکییەک لە هونەری میللیی کوردی بە بەشداربوونی گۆرانیبێژان (کەریم خەمزەیی)، (عوسمان عەلی) و (عەبدولقادر حەسەن)...
لە (12/9/1978) لە ستۆدیۆی ژمارە (5)ی تەلەڤزیۆنی بەغدا، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی وەک ئەندامی دێرینی تیپی مۆسیقای سلێمانی بە ئامێری قانوون بەشدار دەبێت لە تۆمارکردنی چەند گۆرانییەک بۆ هونەرمەندان: (کەریم کابان، حەسەن گەرمیانی، عوسمان عەلی، کامەران عەبدولمەجید، عەبدولقادر حەسەن و عەباس محەمەد...).
جیا لە ژەنینی ئامێری قانوونەکەی، لە هەمان ستۆدیۆدا بە شێوەی ڕەنگاوڕەنگ گۆرانی تۆمار دەکات...
لە کاتی پشوودانی تۆمارکردنی گۆرانی و ژەنینی مۆسیقا لە ستۆدیۆی ژمارە (5)، دەربارەی خاڵە سەرەکییەکانی بەرهەمێکی ڕەسەن و مۆڕکی کوردی، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی لە وەڵامی خاتوونی نووسەر و ڕۆژنامەنووس (ئەحلام مەنسوور / 1951 - 10/1/2013)دا دەڵێت:
(بۆ بەرهەمهێنانی گۆرانییەکی پاراوی کوردی دەتوانم چەند خاڵێکی سەرەکی دەستنیشان بکەم کە هەمیشە هاوشانی یەکترن؛ ئەویش هەڵبژاردنی هۆنراوەیەکی ڕێکوپێک، پڕواتا و گونجاوە لەگەڵ بیری ئاوازدانەر و دەنگی گۆرانیبێژ. ئەگەر لەو بارەیەوە سەیرى بەرهەمەکانم بکەم، بەشێوەیەکی گشتی ئەم ڕەفتارانەی تێدا بەدی دەکەم...
بۆ نموونە... لە چەند گۆرانییەکدا هۆنراوەی فۆلکلۆریم لەگەڵدا وتووە، ئەویش لەبەر شێوەی ئاوازەکانە کە مۆرکێکی فۆلکلۆریی کوردییان تێدا دەبیسترێت. لە چەند بەرهەمێکی تردا چ ئاواز و چ هۆنراوە گوڕوتێنێکی نوێ و گونجاوی تێدا هەست پێ دەکەم کە مۆرکە کوردییەکەی تێدا بێت...
ئەم ڕێبازەی لەسەری دەڕۆم، بووژانەوەی هونەری مۆسیقا و گۆرانییە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بەخشینی هەستێکی کوردەواریی پاراو کە تایبەت بێت بە دەنگی خۆمەوە بەبێ لاساییکردنەوە. بێگومان بە شانازییەوە دەڵێم لەگەڵ کاکە ئەنوەر زۆر هاودەنگ و هاوسازی یەکتر بووین لەم ڕێبازەدا، ئەمەیش وای کردووە کە زۆربەی ئاوازەکان هەر بۆ دەنگی من بشێن)...
لە دەستپێکی کاری هونەرییەوە، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی جیا لەو ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییانەی بە دەنگ و بە ژەنین بەشداریی تێدا کردووە، بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی بەڕێز (هاشم جەباری) لە کتێبەکەیدا، ئاماژە بە (14) گۆرانیی تۆمارکراوی هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی لە تەلەڤزیۆن دەکات.
هونەرمەند لە ساڵی (1996) لە وڵاتی (سوید) نیشتەجێ دەبێت...
بەداخەوە لە کاری هونەری دابڕاوە، بەڵام لە گەلێک بوارى دیکەدا ئەو دابڕانەی پڕ کردووەتەوە؛ ئەویش کارکردن لە سێ تەوەرى سەرەکیی جیاوازدا بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان لە بوارەکانی ((زمان - مۆسیقا - زانستەکان)) کە هونەری مۆسیقا ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕێت تێیاندا...
دوای گەیشتن و مانەوەی لە سوید، جارێکی دیکە چووەتەوە بەر خوێندن؛ لە ساڵی (2000) بڕوانامەی لە بوارى زانستی پەروەردە لە زانکۆی (سۆدەرتۆرن / ستۆکهۆڵم) وەرگرتووە.
هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد قەرەداخی بۆ ماوەی ساڵێک لە بەشی ژیۆکیمیا (Biochemistry) لە ناوەندی زانستگەریی نۆڤوم (Novum / ستۆکهۆڵم) دەستبەکار بووە و بەشداریی لە چەندین پروژهی توێژینەوەی زانستی (Scientific research)دا کردووە.
لە ساڵی (2003) بە پێشەی مامۆستایەتی دەستبەکار بووە و بەردەوام بووە لەسەر ئەو ئەرکە پیرۆزە تا ساڵی (2018) خانەنشین بووە.
هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی وەک هونەرمەندێکی بەئەمەک و خەمخۆر بۆ هونەری مۆسیقا، ئاواز و گۆرانی، ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی:
تیپی مۆسیقای سلێمانی.
تیپی مۆسیقای زانکۆ / زانکۆی سلێمانی، و لەو قۆناغەدا سێ گۆرانیی بۆ تەلەڤزیۆن تۆمار کردووە.
تیپی مۆسیقای "فۆلکلۆر"ی زانکۆی سلێمانی، وەک ژەنیاری ئامێری سەنتوور.
کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان.
سەندیکای وەرگێڕانی کوردستان.
سەندیکای کیمیاگەریی کوردستان.
هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد بە درێژایی ئەو ساڵانەدا، لەپاڵ کارکردن و وانەوتنەوەدا چەندین وتار، نووسینی جۆراوجۆر و نامیلکەی نووسیوە و هێناوەتە بەرهەم. هەروەها ڕەوانبێژێکی بەتوانایە لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و سویدی. چڕکردنەوەی ئەرک و وانەوتنەوەکانی لە زاراوەسازیی کوردیدا، لە داڕشتن و داڕشتنەوەی زۆر زاراوە لە بوارەکانی زانستە سروشتییەکان، هونەری (مۆسیقا)، زانستی پەروەردە و زمانەوانیدا بووە.
ئەو بابەتانەی کە هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی بەرهەمی هێناون:
مێژووی توخمە کیمیاییەکان (The History of Elements): بە دوو بەرگ، (750) لاپەڕە، چاپکردنی زانکۆی سلێمانی (2006).
بنەماکانی پۆلیمەرزانی و کاربردنەکانی (Principles of Polymer Science and Their Applications): بە هاوبەشی لەگەڵ پڕۆفیسۆر (زەنون پیریادی)، (450) لاپەڕە، چاپکردنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی (2010).
چوار توخمە دێرینەکەی سروشت (The Four Classical Elements of Nature): بە دوو بەرگ (892) لاپەڕە، بە هاوبەشی لەگەڵ پڕۆفیسۆر (زەنون پیریادی)، چاپکردنی زانکۆی سلێمانی (2019).
لەبارەی ئەم بەرهەمە زانستییانەوە، پڕۆفیسۆر د. زەنون پیریادی لەم دوو بەرهەمەدا (2 و 3) نووسیویەتی:
"ڕۆڵی هونەرمەند و کیمیاگەری بەڕێز ئەسعەد قەرەداخی ئەرکێکی سەرەکی بووە لە هێنان و داڕشتنی دەیان وشەی کوردی و داڕشتنەوەیان تا شێوەیەکی زانستی وەربگرێت و ببێتە زاراوەیەکی گونجاو. ئەمەش هونەرێکە کە هەر لە توانا و لەخۆبوردوویی کاک ئەسعەددا زۆر بە ڕوونی دیارە."
تەنگەبەری (Bullying) لەنێو خوێندکاراندا: توێژینەوەیەکی پەروەردەیییە لەبارەی دیاردەی توندوتیژیی تەنگەبەری (The phenomenon of bullying violence) لە دەبستانە بنەڕەتییەکاندا، (205) لاپەڕە، بە زمانی عەرەبی (2013) و بە زمانی کوردی (2025).
لە بوارى هونەری مۆسیقادا:
فەرهەنگی مۆسیقا (Dictionary of Music): (550) لاپەڕە، چاپخانەی موکریانی (2010).
فەلسەفەی مۆسیقا لە ساز و ئاوازدا (The Philosophy of Music in Tone and Melody): (500) لاپەڕە، ئامادەیە بۆ چاپ.
خۆشخوانیی دەنگ و چۆنیەتیی گوَشکردن و گەشەپێدانی.
سروودی ئەی ڕەقیب: لە بڵاوکراوەکانی پرۆژەی هاوژین، سلێمانی (2012).
لە بوارى زمانەوانیدا:
فەرهەنگی زمانەوانی و گوفتارەوانی (Dictionary of Linguistics and Phonetics): کوردی-عەرەبی-ئینگلیزی، ئامادەیە بۆ چاپ.
فەرهەنگی گوڵزار: کوردی-عەرەبی-ئینگلیزی، لەبەردەستدایە.
واژە بێژەرە / بیبیژە / بیوێژە: لێکدانەوەی ئەو واژانەی لە کوردیدا هەن، لەبەردەستدایە.
پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی هەندێک پەڕاو و بابەتی زانستی، زمانەوانی و ڕۆشنبیریی گشتی.
لە بوارى ڕۆشنبیریی گشتیدا:
کتێبی سەد کەسی یەکەم (The First Hundred): ڕێزبەندیی ئەو کەسایەتییانەی زۆرترین هەژموون و کاریگەرییان لە مێژوودا هەبووە (د. مایکل هارت)، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی (1983)، دوو جار لە چاپ دراوەتەوە.
بیری نیشتمانیی کوردستانی و ستراتیژی ڕزگارکردنی کوردستان: (214) لاپەڕە، نووسینی (مەهدی کاکەیی)، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەسعەد قەرەداخی و مەهدی کاکەیی (2025).
هەروەها بە پێویستم زانی ئاماژەیەک بە ناوی بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی بدم، کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی وەک گۆرانیبێژێک بە گۆرانییەکانی گەنجینەی هونەری ئاواز و گۆرانیی کوردیی دەوڵەمەند کردووە. بەرهەمە گۆرانییەکانی هونەرمەند:
تەنکە: هۆنراوەی فۆلکلۆر، ئاواز و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
جوانیی بێناو: هۆنراوەی گۆران، ئاوازی هونەرمەند ڕەفیق چالاک، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: قادر دیلان. بەڵام لەگەڵ تیپی مۆسیقای زانکۆ بە دەنگی ئەسعەد قەرەداخی و ئامادەکردنی مۆسیقای ئەنوەر قەرەداخی لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار کراوە.
گیان گیان: هۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆر، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
سەرچنار: هۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆر، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
سەوزەڵێ وا هاتم: هۆنراوەی فۆلکلۆر، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
دەروێش عەبدوڵڵا: هۆنراوەی گۆران، ئاوازی سەلاح ڕەئوف، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی؛ تۆمارکراو لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک، تیپی مۆسیقای سلێمانی.
نامەی دووری: هۆنراوەی نوری وەشتی، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
لە یادم ناچێ: هۆنراوەی ئەحمەد قەرەداخی (برای)، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
هەی بۆ هەلامە: هۆنراوەی فۆلکلۆر، ئاوازی شەوکەت ڕەشید، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
هەی داد: هۆنراوەی فۆلکلۆر، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
خۆم و یارە جوانەکەم: هۆنراوە و ئاوازی شەماڵ سائب، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
کاروانچی: هۆنراوەی دلشاد مەریوانی و شێخ ڕەئوف بەرزنجی، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
ئارەزووی دەروون: هۆنراوەی ئەحمەد قەرەداخی (برای)، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی (تیپی مۆسیقای سلێمانی).
نارینێ و ئاگربارانە: چڕینی دووئاوازی (ئەسعەد قەرەداخی و پەیمان عومەر)، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی (تیپی مۆسیقای سلێمانی)، تۆمارکراو لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک.
ناسکۆڵە و هەی بێنن: هۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆر، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە: هۆنراوەی گۆران، ئاواز و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
خاکی شیرینی وڵات: دووئاوازی (ئەسعەد قەرەداخی و ئاڵا عومەر)، لە ئاوازی هونەرمەند خالید سەرکار (تیپی مۆسیقای سلێمانی)، تۆمارکراو لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک.
سروودی ئەی نیشتمانم: ئاوازی دلێر ئیبراهیم، بە دووئاوازی ئەسعەد قەرەداخی و ئاڵا عومەر (تیپی مۆسیقای منداڵان، ساڵی 1977).
سروودی شەهید: ئاواز، ئامادەکردن و مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی، چڕینی: ئەسعەد قەرەداخی (لە سەردەمی ڕاپەڕیندا بە دەنگی ئەنوەر قەرەداخی نوێ کرایەوە).
سروودی Welat ĉ qez xoŝ u ȓende: تیپی مۆسیقای سلێمانی، لە هۆڵی خولد / بەغدا، ئامادەکردن و مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی، چڕینی: ئەسعەد قەرەداخی.
وام دەزانی... (لاواندنەوەیەک بۆ چوار شەهیدی هونەرمەند لە تیپی مۆسیقای منداڵان): ئاواز و هۆنراوەی دلێر ئیبراهیم، ئەسعەد قەرەداخی و ڤیان عەنبەر. ئامادەکردن و دابەشکردن، تۆمارکردنی لە ستۆدیۆی تیپی مۆسیقای سلێمانی، ساڵی (1978).
شل شل: هۆنراوەی فۆلکلۆر، ئاوازی ئەنوەر قەرەداخی، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
خانم خانم خانمی: هۆنراوەی فۆلکلۆر، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی (تیپی مۆسیقای زانکۆ)، تۆمارکراو لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک.
لە یادم ناچێ: هۆنراوەی ئەحمەد قەرەداخی (برای)، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
بەیانی هەر دێ: هۆنراوەی فەرەیدوون عەبدولبەرزنجی، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
ئازیز: هۆنراوەی مەولەوی، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
زایەڵەی بەسۆز: هۆنراوەی زاهید قەرەداخی (برای)، ئاواز، ئامادە و دابەشکردنی مۆسیقا: ئەنوەر قەرەداخی.
سروودی Ber êvarên ȓojava: هۆنراوەی Berwar Dereŝewî، ئاوازی ئەسعەد قەرەداخی، تۆمارکردن و ئامادەکردنی مۆسیقا: بڵند قەرەداخی.
.................
سەبارەت بەوەی لە گۆرانییەکانی هونەرمەند کام لە بەرهەمەکانی خۆی بەدڵییە، هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووس (ئەحلام مەنسوور)دا دەڵێت:
(بەرهەمی "نامەی دووری" کە هەستی تایبەتیمی بزواند؛ ئەویش لە ساڵی 1974دا بە هاوکاریی هۆنراوەی نوری وەشتی و ئاوازی ئەنوەر قەرەداخی، بە تۆمارکراوی لە زانکۆی سلێمانی دەستمان بە تۆمارکردنی کرد).
هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە شۆڕشی کوردستان ڕووبەڕووی نسکۆ بووەوە و کاری دەروونیی زۆر بەتینی کردە سەرانسەری کوردستانی گەورە.
خەرمان بەرەکەت و بەرهەمە هونەرییەکانت جێی بەرزنرخاندنە. سڵاو لەو مێژووە جوانە و خۆتەرخانکردنەت بۆ خزمەتی مۆسیقا و ئاوازی کوردی.
دوای بەسەربردنی ماوەی (30) ساڵ لە غوربەت و ژیانی تاراوگەدا، هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد قەرەداخی جیا لەوەی لە هونەری مۆسیقا، ئاواز و گۆرانی دوورکەوتووەتەوە، ناسنامەی نەتەوەیەتیی لاواز نەبووە، بەڵکو دڵسۆزانە خۆی تەرخان کردووە بۆ وانەوتنەوە، ئەکادیمیکاری و خزمەتکردن بە فەرهەنگ و زمانی کوردی. سەرەڕای ئەوەیش، بەداخەوە دوای ئەوەی بە سەختی تووشی خوێنپژانی مێشک و پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوو، سوپاس بۆ پەروەردگار ئەو نەخۆشییە سەختانە ئەوەندە نەبوونەتە لەمپەر لە بەردەم هونەرمەنددا، بەڵکو بەپێی توانای ئێستای، لە تێکۆشاندایە و بەردەوامە لە چالاکییەکانی لەو بوارە جیاجیايانەی خەریکیانە.
هونەرمەند و مامۆستا ئەسعەد قەرەداخی ژیانی هاوسەریی لەگەڵ خاتوو گوڵزار قەرەداخی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە؛ کچێک و دوو کوڕ بە ناوەکانی (سارا، عومەر و ئارا).
لە ساڵی (2018)دا هونەرمەند خانەنشین دەبێت و هەر لە وڵاتی (سوید) دەمێنێتەوە. هەردەم هیوا بەخشینی تەمەندرێژی و تەندروستیی باشی بۆ دەخوازم و پێی دەڵێم: سوپاس بۆ ڕەنج، ماندووبوون، دڵسۆزی و خەمخۆریتان بۆ هونەری مۆسیقا، ئاواز و نووسین. ڕێگاتان ڕووناکتر و بەهرەدارتر بن.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک) - (22/9/2026) سلێمانی.
سەرچاوەکان:
(1، 2، 4، 5) بەرنامەی ڕۆژانەی کوردێک، دیدار لەگەڵ هونەرمەند (ئەسعەد قەرەداخی)، پێشکەشکردنی (تارا قادر)، کەناڵی (EURO KURD TV).
(3) لەنێو هونەری ڕەسەنی کوردیدا، مێژوویەک بۆ تیپی مۆسیقای سلێمانی، نووسینی (محەمەد ڕەشید دارتاش)، گۆڤاری سلێمانی، ژمارە (56)، کانونی یەکەمی (2004)، لاپەڕە (12).
(6) وەرگرتنی زانیاری لە مامۆستا و هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداخی) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لە (13/3/2021).
(7) تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ئەرشیفی مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی (19/6/2026).
(8 و 11) تۆمارێک لەبارەی تیپی مۆسیقای سلێمانی، ڕیپۆرتاژ: ئەحلام مەنسوور، گۆڤاری بەیان، ژمارە (52)، لاپەڕە (93).
(9) کتێبی مێژووی تەلەڤزیۆنی کەرکووک (1967-1999)، هاشم جەباری، لاپەڕە (67).
(10) پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند و مامۆستا (ئەسعەد قەرەداخی)، ڕۆژی یەکشەممە (6/9/2026)، پێدانی هەندێک زانیاریی تایبەت بە ژیان، کار و بەرهەمەکانی خۆی (سلێمانی - سوید).
لەگەڵ سوپاس، پێزانین و حورمەتم بۆ هونەرمەند ئەسعەد قەرەداخی.







