دەنگێکی خۆڕسک، بێخەوش و درەوشاوەی هونەری میللی لە بواری مەقام و بەستەدا؛ هونەرە شیرینەکەی هانی دەدام یادێک لەو هونەرمەندە هەژار، نەدار و فرەبەخشە بە گەنجینەی هونەری ئاواز، مەقام و بەستەی کوردی بخەمە سەر کاغەز. هەرچەند دەکەم، نازانم لەبەر دەوڵەمەندیی هونەرە ڕەسەن و خۆڕسکەکەی لە کوێوە دەست پێ بکەم.
کاتێک گەرەکمان بێت باس لە ژیان و کارە هونەرییەکانی هونەرمەند (سەلاح داودە) بکەین، ناوێکی درەوشاوە و مامۆستای، مامۆستای مەقام و بەستەی کوردی (عەلی مەردان ١٩٠٤ – ٢٤/٧/١٩٨١) دێتە پێشەوە؛ ئەویش (خدر بارام چاوەش ١٨٧٥ – ١٩٢٩)ی باپیری هونەرمەند سەلاح داودەیە.
مامۆستا و هونەرمەندی ژەنیار (چالاک سدیق) لەوبارەیەوە نووسیویەتی:
«دیارە شاری کەرکووک و دەوروبەری، ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە مانەوە و گەشەسەندنی هونەری مەقام و ئاواز و گۆرانیی کوردی؛ لەناو چەقی شار بێت یاخود لە دێهات و ئاوایی و شارۆچکەکاندا، بەتایبەتی لەناو دیوەخان و تەکیە و خانەقاکانی سنووری کۆنی ئەم پارێزگایەدا، کە دیارترینیان (تەکیەی تاڵەبانی)یە لەناو شاری کەرکووک و (تەکیەی شێخ حەسەنی قەرەچێوار) لە شارەدێی قادەرکەرەم و دیوەخانەکەی (شێخ حەسیب تاڵەبانی) لە شارۆچکەی لەیلان. دیوەخانەکەی (شێخ حەسیب تاڵەبانی) لە شارۆچکەی لەیلان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، نموونەیەک بووە لە دیوەخان و گەورەماڵەکانی کوردستان؛ هونەرمەندی دێرین و تەمبوورژەن و قەتارخوێن (خدر بارام چاوەش)ی باپیری هونەرمەندی نەمر (سەلاح داودە) و (کامل تەپەلوویی) لە شەوچەرەکانیاندا، فۆڕم و ئاوازەکانی (قەتار، خاوکەر، ئەڵڵاوەیسی، خورشیدی و ئای ئای) و گۆرانیی ڕەسەنی تریان چڕیوە و شارەزا و پارێزەری ئەم ئاوازانە بوون؛ وەکوو مامۆستا (عەلی مەردان) کە خۆی دەفەرموێت: "لەو زاتانەوە ئەم ئاوازانەم تەحسیل کرد و وەرمگرتن، لەو سەردەمەدا کە لەوێ دەژیام". جگە لە (مەردان)، بنەماڵەی هونەرمەند (سەلاح داودە) لە (خدر بارام چاوەش)ی باپیریانەوە، چڕین و مانەوەی ئەم ئاوازانە بۆ ئەم بنەماڵەیە بوونەتە قوتابخانە و کلتوور»(١).
گەورەهونەرمەندی نەتەوەکەمان مامۆستا عەلی مەردان هیچ کات نەیشاردووەتەوە و هەمیشە بە ڕاشکاوی و ئەمانەتەوە ئەو ڕاستییەی درکاندووە و گوتوویەتی: من قوتابیی (خدر بارام چاوەش)م. سەلاح داودەی هونەرمەند پێمان دەڵێت:
«ئانێ مامۆستا عەلی مەردان زانی من نەوەی خدر بارامی چاوەشم، پێمی وت: کاکە من لە بابای تۆوە فێر ئەم مەقامێلە بیم و ئێوە گشتان گۆرانیوێژ و مەقاموێژن»(٢).
گڵکۆکەت غەریقی ڕەحمەتی پەروەردگار بێت مامۆستا عەلی مەردان، بڕوانن بە چ زمانێکی شیرینی گەرمیانی ئەو ڕاستییەی درکاندووە!
ڕەگ و ڕیشەی هونەری مەقامبێژی و گۆرانیبێژیی (خدر بارام چاوەش) لەناو بنەماڵەکەیدا داکوتاوە و ڕیشاڵی ڕەگەکانی درێژ بووەتەوە و پەل و پۆی هاویشتووە تا گەیشتووەتە هونەرمەند سەلاح داودە؛ ئەویش زۆر بە ئەمانەتەوە ئەو پەیامە پیرۆزەی تا دوا ساتەکانی ژیانی پاراست و زۆر زەحمەت و جەور و سەختیی کێشا تا گەیاندیە گەنجینەی هونەری مەقام و بەستەی نەتەوەکەی.
هونەرمەند سەلاح داودە، خاوەن دەنگێکی ڕەسەن و هەڵقوڵاوی ناوچەیەکی فراوان و گرنگ و لانکەی (ئەڵڵاوەیسی، قەتار، خاوکەر، خورشیدی و ئای ئای) بوو؛ لە ڕێی دەنگە زوڵاڵەکەیەوە پانتاییەکی فراوانی لە تەواوی کوردستاندا داگیر کرد. ئەم هونەرمەندە خۆڕسک و نەخوێندەوارەی نەتەوەکەمان، هەمیشە بەو پۆشاکە جوانەی (کەواوسەڵتە)، سیمای بێناز، دەمودووی شیرین و ئاوازە بەسۆزەکانی ئەوەی دەردەخست کە هونەرمەندێکی بێفیز، سادە و خاکی بووە؛ زادەی نەتەوەیەکی بندەستە و هەمیشە لەژێر چەوسانەوەی نەتەوایەتی و چینایەتیدا ناڵاندوویەتی.
هونەرمەند سەلاح داودە لە (ئەلبوسەباح)ەوە بۆ ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام...!
مامۆستا و هونەرمەند (وریا ئەحمەد ١٩/٤/١٩٤٧ کۆیە) لە دیدارێکیدا لەگەڵ هونەرمەند (ناسری ڕەزازی) لە ساڵی ١٩٨٤دا دەڵێت: «بۆم هەیە بڵێم چۆلەکەی سەرگوێسوانەکەشیان لە هی خەڵکی دی دەنگخۆشتر بوونە»؛ ئەو دەستەواژەیە پڕاوپڕی ژیانی هونەریی بنەماڵەی هونەرمەند سەلاح داودەیە. هونەرمەند (سەلاح محەمەد خدر بارام چاوەش) ناسراو بە (سەلاح داودە)، لە خانەوادەیەکی هەژاری گەرمیان و لێوانلێو لە هونەری دەنگخۆشی، مەقامزانی و مەقامبێژی، لە شارەدێی (ئەلبوسەباح)ی سەر بە شارۆچکەی (تووزخورماتوو) لە ساڵی (١٩٤١) لەدایک بووە. پەروەردگار منداڵێک دەبەخشێت بە خانەوادەی (محەمەد خدر)؛ ئەو پیاوەی وەک میرات، بەهرەی دەنگخۆشی، لێزانی و شارەزایی لە باوکیەوە بۆ مابووەوە. لەگەڵ گەورەبوونی سەلاحدا، باوکی هەموو ئەو خەسڵەتە هونەرییە پڕچێژانەی وەک ئەمانەتێک پێ نیشان دەدات و فێری دەکات و هەمیشە هانی دەدات، تا ئەو ڕێگا پیرۆزەی مەقامبێژی و بەستەبێژی کوێر نەبێتەوە و مۆڕکی ڕەسەنایەتییە میللییەکە ڕۆشن و بەردەوام بێت.
بەهۆی ئەوەی لەناو خانەوادەکەیدا هونەری مەقامبێژی و دەنگخۆشی بە میرات بۆیان مابووەوە و باوکی، واتە (محەمەد خدر)، دەنگخۆش و گۆرانیبێژی گوندەکەیان و ناوچەکە بووە، بەردەوام لە کۆڕ، کۆبوونەوە، دیوەخانەکان و لەناو خزم و دۆستانیدا بە دەنگە خۆشەکەی گۆرانی و مەقامی چڕیوە؛ بۆ ئەو کۆڕانە سەلاحی کوڕیشی کە هێشتا منداڵ بووە، لەتەک خۆیدا بردووە بۆ ئەوەی ئاشنای بکات بەو کەشوهەوا و ژینگەیەی کە لێوڕێژ بووە لە دنیای مەقام و بەستەی شادیبەخش. بەداخەوە هونەرمەند نەتوانراوە بخرێتە بەر خوێندن و لە خوێندن بێبەش بووە، بەڵام ئەو بەشداریکردنەی لەگەڵ باوکیدا دەبێتە فێرگەیەک بۆی و خەرمانەی هەست و سەلیقەی هونەری لەوێوە سەرچاوە دەگرێت؛ دەبێتە سەرەتایەک بۆ دەرکەوتنی بەهرەی دەنگخۆشییەکەی و لەنێو کۆڕوکۆمەڵ و کەسوکاردا گۆرانی دەخوێنێت.
هونەرمەند لە تەمەنی (١٨) ساڵیدا لە ئەلبوسەباحەوە ماڵ دەگوازنەوە بۆ شارە دێرینەکەی کوردان، شاری کەرکووک، و لە گەڕەکی (باداوە) نیشتەجێ دەبن. لە سەرەتادا ئەم ژیانە نوێیەی شار بۆ ئەو نامۆ دەبێت، بەڵام بەهۆی بەهرەی دەنگخۆشییەکەیەوە و چڕینی بەستە و مەقام، زۆر زوو تێکەڵ بە خەڵک دەبێت و ئاشنایەتی لەگەڵ هونەرمەنداندا پەیدا دەکات. لێرەوە دەستخۆشی، بەردەوامی و هاندانی دەست پێ دەکات کە بچێتە ئێزگەی کوردیی بەغدا بۆ تۆمارکردنی گۆرانی و مەقام.
هونەرمەند (ئەحمەد داودە ١٩٢٦ – ١٩/١/١٩٧٩) کە یەکێکە لە هونەرمەندە باڵەبانژەنەکانی گەرمیان و کوردستان و ئامۆزای هونەرمەند سەلاح داودە بووە و لە ئەویش بەتەمەنتر بووە، بەهۆی ناوبانگ و توانای باڵەبانژەنینەکەیەوە لە ڕێگەی سەرۆکهۆزەکەیان (دارابەگ) چەند جارێک چووبووە بەغدا و ئاشنایەتیی لەگەڵ مامۆستا (عەلی مەردان) پەیدا کردبوو. دەکرێت ئەوەش بڵێم کە هونەرمەند ئەحمەد داودە، جگە لە ماڵباتە هونەرییەکەی خۆی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەرکەوتن و پێگەیاندنی هونەرمەند سەلاح داودە هەبووە.
ئەحمەد داودەی باڵەبانژەن زۆر هانی هونەرمەند سەلاح داودە دەدات کە لەگەڵیدا بچێتە بەغدا بۆ ئێزگەی کوردی. هەردوو هونەرمەند بەڕێ دەکەون بۆ شاری بەغدا؛ بەر لەوەی بچنە ئێستگە، ماوەی (٣) مانگ لە بەغدا لەلای دۆست و ناسیاوەکانیان دەمێننەوە. هەموو شەوێک کۆڕ و بەزمی مەقام و بەستە بووە تا درەنگانێکی شەو؛ سەلاح داودە بە دەنگە خۆشەکەی و ئەحمەد داودە بە باڵەبانەکەی، ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەیان ڕازاندووەتەوە و شادومانییان بە ڕۆحی ئامادەبووان بەخشیوە. دوای ئەو سێ مانگە مانەوەیان لە شاری بەغدا، پاشان چوونەتە ئێزگەی کوردی.
هەر کە دەچنە ئێزگە، مامۆستا عەلی مەردان پێشوازییان لێ دەکات، چونکە پێشتر لە (لەیلان)ەوە هاتووچۆ و ناسیاوییان هەبووە و پەیوەندیی نێوان مامۆستا عەلی مەردان و محەمەد خدری باوکی هونەرمەند سەلاح داودە لەو کاتەوە زۆر خۆش بووە. لە ساڵی (١٩٤٩)دا مامۆستا عەلی مەردان داوای لە باوکی سەلاح داودە کردبوو کە بچێتە ئێزگە و دەنگی تۆمار بکات، چونکە دەیزانی کە خاوەنی دەنگێکی خۆش و مەقامزانێکی بەتوانایە، بەڵام بەداخەوە نەچووبوو:
«مامۆستا عەلی مەردانی ڕەحمەتی هەردەم لە (لەیلان) دەهاتە ماڵی ئێمە و زۆر برادەری باوکم بوو، زۆر یەکتریان خۆشدەویست؛ لە ساڵی (١٩٤٩) داوای لە باوکم کرد کە ئەویش بچێتە ئێستگە، بەڵام نەچوو»(٣).
بەداخەوە ئەو دەنگە خۆشە وەک زۆر لە دەنگخۆشەکانی تری کوردستان دەنگی تۆمار نەکرا و لە سۆز و چێژی هونەرەکەی بێبەش بووین.
مامۆستا و هونەرمەند (باکووری ٥/١١/١٩٢٨ – ٢/١١/٢٠٢٢) وەک شایەتحاڵێک بۆ یەکەم دیدار و ناسینی لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە لە ئێزگەی کوردیی بەغدا، ئەو ڕۆژەمان بەم شێوەیە بۆ دەگێڕێتەوە:
«پایزی ساڵی ١٩٥٧ بوو، چوومە ئێزگە بۆ ئاهەنگی هەفتانەی خۆم. هێشتا کاتم مابوو بۆ تۆمارکردن، لە هۆڵەکە دانیشتم، مامۆستا عەلی مەردانیش لەوێ بوو. دوای کەمێک کابرایەکی بەتەمەن، چاکەت لەسەر کەوایەکی درێژ و قایشێکی لە ناوەقەدی بەستبوو، جەمەدانەی لەسەر بەستبوو بە شێوەی دەستووری کوردەکانی کەرکووک، لە دوای ئەویش (٣) سێ منداڵ بە هەمان شێوە جلوبەرگیان لەبەر بوو، هاتنە ژوورەوە و سڵاویان کرد. مامۆستا عەلی مەردان دیار بوو پێشتر دەیناسین، وتی: ئەمه (کاک ئەحمەد داودە)یە، نەیژەنێکی بلیمەتە؛ ئەوانیش منداڵی خۆی و ئامۆزاکانیەتی لە گەرمیانەوە و لە کەرکووکەوە دەعوەتمان کردوون، گۆرانی و مەقامی خۆش دەڵێن. کوڕە گەنجەکە ڕەنگە تەمەنی (١٦ یان ١٧) ساڵ دەبوو (مەبەستی سەلاح داودەیە)، ئەوەکەی تر چەند ساڵێک بچووکتر بوو، سێیەمیان زۆر منداڵ بوو. دواتر زانیم ئەو تیپە ڕەسەنە ئەوانە بوون:
١. بەتەمەنەکە (ئەحمەد، نەیژەن یان باڵەبانژەن) بوو.
٢. گەنجەکە مەقام و بەستەی دەگوت، ناوی (سەلاح) بوو.
٣. فایەق سێیەمیان بوو.
٤. منداڵەکەش (نەوزاد) کوڕی کاک ئەحمەد بوو؛ گشتیان لە عەشیرەتی (داودە)ی گەرمیان بوون»(٤).
لەو سەردانەیدا هونەرمەند سەلاح داودە، وەک سەرەتای دەستپێکی گۆرانی و مەقام و خاوەنی ئەو دەنگە زوڵاڵ و پڕچێژە، (٩) مەقام و بەستە بۆ ئێستگە تۆمار دەکات و دەبێتە جێی دڵخۆشی و پەسەندکردن. لە ئێزگەی کوردیی بەغداوە دەنگە زوڵاڵەکەی سەلاح داودە بڵاو دەکرێتەوە و ئەو دەنگە خۆشە گەرمیانییە سنوورەکان دەبەزێنێت و بە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە. بۆ هەر بەستە و مەقامێک (٢) دوو دینار، واتە کۆی گشتی (١٨) هەژدە دیناریان وەک پاداشت پێ داوە.
باوکی هونەرمەند سەلاح داودە جیا لە بەهرەی دەنگخۆشییەکەی، شارەزایی لە ژەنینی (زوڕنا، نەی و ساز)دا هەبووە و هەوڵیشی داوە کە کوڕەکەی فێری ژەنینی ئەو ئامێرانە بکات. باوک و کوڕی دەنگخۆش لە چەند ئاهەنگ و زەماوەندێکدا پێکەوە گۆرانییان خوێندووە؛ ئەو گۆرانییانەی ئەو کاتە زۆر لەسەر زاران و باو بوون، بریتی بوون لە: (کراس زەردێ، پرسیم لە چیمەن، کزەی جەرگانم، گەردوون من چی بکەم و... تاد). هەمیشە «باوکی پێی وتووە: کوڕم شەرم مەکە، گۆرانی و مەقامگوتن پشتاوپشت بۆ ئێمە ماوەتەوە و ئەمە ئیش و کارمانە»(٥).
هونەرمەند سەلاح داودە ماوەی (٢٩) ساڵ لە ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ ئێزگەی کوردیی بەغدا و چەندین بەستە و مەقامی تۆمار کرد؛ واتە لە ساڵی (١٩٥٧)ەوە تا دوا چوونی بۆ ئێستگە لە ساڵی (١٩٨٦)دا، نزیکەی (٦٠) گۆرانی و مەقامی تۆمار کردووە. هەروەها زیاتر لە (٢٠) گۆرانی و مەقامیشی بۆ تەلەفزیۆن لە بەغدا و کەرکووک تۆمار کردووە؛ یەکەم گۆرانی کە بۆ تەلەفزیۆن تۆماری کرد، گۆرانیی (کوێستانان خاڵ خاڵ) بوو لە بەغدا لە ساڵی (١٩٧٨)دا. هونەرمەند بە تۆمارکردنی مەقامی (ئەڵڵاوەیسی) و بەستەی (ئامینێ نازەنینێ) کۆتایی بە سەردانەکانی بۆ ئێزگەی کوردیی بەغدا دەهێنێت. لەو ماوەیەدا کە هاتوچۆی ئێزگەی کوردیی بەغدای دەکرد، ئاشنایەتی و پەیوەندییەکی زۆر و فراوانی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو کاتەدا پەیدا کردبوو، وەک: (عەلی مەردان)، (حوسێن عەلی ١٩٢٥ – ١٨/٧/١٩٩١)، (ڕەسووڵ گەردی ١٩٢٢ – ١٧/١٠/١٩٩٤)، (شەماڵ سائیب ١٩٣١ – ٧/١١/١٩٨٦)، (تایەر تۆفیق ١٩٢٢ – ٢٠/١٠/١٩٨٧)، (خوداداد عەلی ١٩١٢ – ١٩/١٢/١٩٨٧) و... تاد.
هونەرمەند جگە لەوەی دەنگخۆش و بەستەبێژ بوو، مەقامزان، مەقامناس و مەقامبێژێکی بەتوانای گەرمیان و هەموو کوردستان بوو. هەروەها شارەزایی تەواوی لە ژەنینی ئامێرەکانی (زوڕنا، نەی و دەهۆڵ)دا هەبوو؛ بەشداریی لە چەندین ئاهەنگ، زەماوەند و بۆنەدا کردووە بە مەبەستی دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی.
هونەرمەند سەلاح داودە هەرچەندە ئەلفوبێی کوردیی لە قوتابخانە نەخوێندبوو، بەڵام لە کارەکەیدا کە هونەری مەقام و بەستەبێژی بوو، کەسێکی بەئاگا و شارەزا بوو. دەیزانی ئەو دەڤەرە فراوانەی تێیدا ژیاوە و گەورە بووە (گەرمیان) چەند دەوڵەمەندە لە بواری هونەری مەقام و بەستەدا؛ ئاواییەک بۆ ئاواییەکی دیکەی گەرمیان لە ڕووی شێوازی چڕینی گۆرانی و مەقامەوە جیاوازییان هەیە. لە دیمانەیەکدا هونەرمەند سەلاح داودە پێمان دەڵێت:
«بۆ نموونە ئەڵڵاوەیسیی جەبارییەکان لەگەڵ ئەڵڵاوەیسیی داودییەکان جیایە. تایبەتمەندیی گۆرانیی کەرکووک و گەرمیان و مەقامە ڕەسەنەکانی کوردی زۆرینەی لە گەرمیانە، جۆری گۆرانیگوتنیشیان لەگەڵ جێگاکانی تر جیاوازە. زۆرینەی مەقامە کوردییەکان هی ناوچەی گەرمیانن وەک ئەڵڵاوەیسی، یارغەزاڵ، خورشیدی و خاوکەر؛ هەموویان مەقامی ڕەسەنی کوردین، لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازە؛ شوێنێک ئای ئای زۆر باش دەڵێت، شوێنێکی تر قەتار باش دەڵێت»(٦).
هونەرمەند سەلاح داودە مەقام و بەستەخوێندنی کردبووە پیشە و لەو ڕێگەیەوە بژێویی ژیانی دابین دەکرد؛ بەڵام چ بژێوییەک، بە ژیانێکی کولەمەرگی! جێی داخە تا ئێستا هونەر نەبووەتە سەرچاوەی دابینکردنی ژیانی شایستە بۆ هونەرمەند، بەڵام ئەو دڵسۆز بوو بۆ هونەرەکەی و فەرامۆشی نەکرد. دوای نەچوونەوەی بۆ ئێزگەی کوردیی بەغدا، ئەم هونەرمەندە نەمرە بەردەوام سەرقاڵی ئاهەنگ و بەزمی شەوانەی کۆڕی یاران و زەماوەند بووە لەگەڵ ئەحمەد داودە و فایەق داودە. ئەو ئامێرانەی لەگەڵ دەنگی خۆشی سەلاح داودەدا کاری هونەرییان ئەنجام دەدا، تەنها باڵەبان و زەربێک بوون؛ بەڵام چ هونەرێکیان دەخوڵقاند! هەر کات گوێبیستی کارە هونەرییەکانی سەلاح داودە دەبیت، لە دەنگ، ژەنین، ڕیتم و میلۆدیی گۆرانییەکان سەرت سووڕ دەمێنێت و چێژت پێ دەبەخشێت؛ هونەرێکی هەژار بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەوڵەمەند و لە لوتکەی ئاواز و گۆرانیدا.
لەو گەشتە هونەرییە نیوسەدەییەدا لەنێو چڕینی مەقام و بەستە و ژەنینی ئامێرەکانی (دەهۆڵ و زوڕنا)، هونەرمەند سەلاح داودە جیا لەو بەرهەمانەی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا تۆماری کردبوون، بە دەیان ئاهەنگی ماڵانی لە کەرکووک و شارەکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ هونەرمەندانی وەک (ئەحمەد شەماڵ ١٩٢٢ – ٣/٤/١٩٩٧)، (هابە ١٩٤٥ – ١٦/٨/٢٠٠١)، (مشکۆ ١٩٠٨ – ١٨/٥/١٩٨٩)، (شکور خەیات ١٩٤٠ – ١٨/٨/٢٠٢٣) و (سابیر کوردستانی ١٩٥٥ – ١٠/٨/٢٠٢٠) تۆمار کردووە کە لە تۆمارگاکاندا وەک دۆکیۆمێنت ئەرشیڤ کراون. دەتوانم ئاماژە بەوە بدەم کە لە کاتی ژیانیدا و دوای کۆچکردنیشی، لەوانەیە چەند بەرهەمێکی کەم لەو هەموو ئاهەنگانەی تۆماری کردبوون وەک ئەرشیڤ لەلای خۆی و خانەوادەکەی مابێتەوە؛ بەداخەوە ئەوە گرفت و خەمێکی بەهەند وەرنەگیراوی ئەرشیڤی هونەرمەندانی نەتەوەکەمانە لەلایەن دەزگایەکی تایبەتمەندەوە. هونەرمەند وشیار ئەحمەد ئەسوەد دەڵێت:
«سەلاح داودە خۆی ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە (٦٠) گۆرانی و مەقامی بۆ ئێزگەی کوردی و زیاتر لە (٢٠) گۆرانی و مەقامیشی بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمار کردووە؛ هەروەها نزیکەی (٣٠٠) کاسێتی لە ئاهەنگە تایبەتییەکاندا تۆمار کردووە. بەڵام بە بۆچوونی من بەرهەمە تۆمارکراوەکانی نێو کاسێتەکان، تەنیا گۆرانییە تورکمانییەکانی لێ بترازێت، ئەوانی تر دووبارەکردنەوەی مەقام و گۆرانییەکانی پێشترن کە پێدەچێت لە سەرووی (١٠٠) بەرهەمەوە بن»(٧).
هونەرمەند سەلاح داودە دەریایەکە لە هونەر؛ لە مەقام و بەستەدا دەهێنێت و پێویستە توێژینەوە لەلایەن مامۆستایان و شارەزایانی بواری موزیک، مەقام و گۆرانی بۆ دەنگ، ئەدا و کارە هونەرییەکانی لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی هونەرییدا ئەنجام بدرێت.
هونەرمەند سەلاح داودە بە هەر چەرمەسەری و نەدارییەک کە تێیدا ژیا، توانیی بە دەیان ئاواز لە گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی گەرمیان بچڕێت و لە فەوتان ڕزگاریان بکات. نموونەی گۆرانییە خۆشەکانی هونەرمەند کە لە یادەوەریی زۆربەماندا بە نەمری ماونەتەوە: (ڕاوەستاوە لەو بانە، حەبیبەخان، ئامۆزاگیان، یار وەرەوە، ڕیزە بە ڕیزە گیانە، خانزادەخان، شەدەلار، خرینگەم، ڕەیحانە، لەو کەلەوە دەنگی ساز دێت و... تاد).
هونەرمەند تەنها و تەنها بۆ مەقام و بەستەی کوردی ژیا؛ شکۆی هونەرەکەی ڕادەستی ڕژێمی بەعس نەکرد و بە دەست هەژاری، دەستکورتی و کرێنشینییەوە زۆر ئازاری چەشت، بەڵام ورەبەرز بوو و هیچ کات نەیویست مل کەچی پارووەنانێک بێت. سەرەڕای ئەو ژیانە هەژارییەی دەیگوزەراند، هەر کۆڵی نەدا و تا دوا ساتەکانی ژیانی خزمەتی بە مەقام، گۆرانی، هونەر و کلتووری کوردی کرد. سەلاح داودە کەسایەتییەکی کەمدوو، هێمن، دەستپاک و نەفسبەرز بوو. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە لەلایەن کەناڵە ئاسمانییەکانەوە تا لە ژیاندا بوو چەندین بەرنامە و دیداری هونەرییان لەگەڵدا ئەنجام دا، کە جێی ستایش و بەرزنرخاندنە.
هونەرمەند سەلاح داودە خێزاندار بووە و لە دوای خۆی کوڕەکانی، بەتایبەت (عەباس و دڵشاد)، ڕێگا پیرۆزەکەی باوکیان گرتووەتە بەر و شارەزایی و توانای مەقام و بەستەبێژییان لە قوتابخانە نەمرەکەی باوکیانەوە فێر بوون؛ درێژەپێدەری ناو، کەسایەتی و هونەری بەرزی سەلاح داودەی نەمرن.
ناوەندی عەلی مەردان لە شاری کەرکووک پێگەیەکی گرنگە بۆ فێربوونی مەقامات و ناساندنی فۆلکلۆری کوردی. لە یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی عەلی مەرداندا، لە هۆڵی (نەورۆز) لە ڕێکەوتی (٨/٥/٢٠٠٩)دا ئاهەنگێک ساز دەکرێت؛ هونەرمەند سەلاح داودە وەک هونەرمەندێکی گەورە و شارەزا لەو بوارەدا بانگهێشتی ساڵیادەکە دەکرێت و بە مەقامی (قەتار و خاوکەر) و بەستەی (ڕاوەستاوە لەو بانە) بەشداری دەکات. دوای تەواوبوون و هاتنەخوارەوەی لەسەر شانۆ، بەداخەوە تەندروستیی تێکدەچێت و دەستبەجێ دەیکوێننە نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک. لە کاتژمێر (٨)ی شەوی هەمان ڕۆژدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بۆ هەمیشە ژاوئاوایی دەکات.
لە ڕۆژی (٩/٥/٢٠٠٩)دا لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتی و هونەرمەند، لە گۆڕستانی (شۆریجە)ی شاری کەرکووک بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێردرێت.
بەو کۆچە ناوەخت و کتوپڕەی، خەمێکی گەورە لە نێو دڵ و دەروونی هەواداران، هونەرمەندان، ئازیزان و خانەوادەکەیدا دروست بوو. هونەرمەند سەلاح داودە تەنها لە خانەوادەکەی نەکەوت، بەڵکوو لە هونەری کوردی و لە هەموو میللەتی کورد ڕۆیشت؛ نیشتمان و نەتەوەکەی سەربەرز و بەختەوەرن بە هونەر و کەسایەتییەکەی. ئۆغری خێر و دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی هونەرمەند سەلاح داودە، هونەرمەندی باڵەبانژەن ئەحمەد داودە و تەواوی هونەرمەندە کۆچکردووەکانی گەلەکەمان؛ گڵکۆکانیان هەمیشە چراخان و لێوڕێژ بێت لە مەقامە ڕەسەنەکانی گەرمیان.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)
سەرچاوەکان:
«ڕۆڵی تەکیە و دیوەخانەکان لە گەشەکردنی هونەری مەقامبێژییدا»، نووسینی هونەرمەند (چالاک سدیق)، ئەدەب و هونەر، سایتی کوردستانی نوێ، ٢٨/٨/٢٠٢٥.
«ئاهێک بۆ مەرگی هونەرمەند سەلاح داودە»، وشیار ئەحمەد ئەسوەد، گۆڤاری چلاواز، ژمارە (٣٩)، ئایاری ٢٠٠٩، لاپەڕە (٢٣).
«دیمانە لەگەڵ هونەرمەند سەلاح داودە»، جیهانبەخش محەمەد کۆیی، گۆڤاری ڕامان، ژمارە (٦٤)، ٥/١٠/٢٠٠١، لاپەڕە (١٠١).
نامیلکەی ڕازێک بۆ هونەرمەند سەلاح داودە، باکووری، لاپەڕە (٦).
هەمان سەرچاوەی ژمارە (٣).
هەمان سەرچاوەی ژمارە (٣).
هەمان سەرچاوەی ژمارە (٢)، لاپەڕە (٢٣).







