هونەرمەند شەوکەت ڕەشید (١٩٣٠ – ١٧/٤/١٩٩١)
ژەنیار، ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ و قسەخۆش..!
ئەو هونەرمەندەی تا دوا هەناسەی بەردەوام بوو لە خزمەتی هونەری موزیک و گۆرانی!
زۆر دەگمەنن ئەو کەسایەتییانەی کە هەموو ژیانی خۆیان دەبەخشن بە گەلەکەیان؛ بەردەوام وەک مۆم دەسووتێن و تیشکی ڕووناکییان بۆ دەوروبەریان دەبێت و خۆیان لێی بێبەش دەبن. هونەرمەند شەوکەت ڕەشید یەکێکە لەو هونەرمەندە فرەبەهرانەی دڵسۆزانە، خەمخۆرانە، هەمیشە خۆبەخشانە و بێ پشوودان لە خزمەتی ئەو ڕێبازەدا بوو کە هونەری موزیک و گۆرانیی کوردییە. تا دوا ساتەکانی ژیانی، ڕێبوارێکی ماندووینەناس و بەئەمەکی ڕێگای هونەر بوو وەک موزیکژەن، گۆرانیبێژ، فێرکار، ئاوازدانەر، ئامادەکار و دابەشکاری موزیک.
ژیانی هونەری
ژیانی هونەریی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید لێوانلێو بووە لە کاری هونەری، خزمەتکردن، فێرکردن و بەخششی هونەری لە شارەکانی کەرکووک، سلێمانی و کۆیە. هەرچەندە خودی هونەرمەند بە توانا و کارە هونەرییەکانی بوونی خۆی سەلماندووە، ناو و کەسایەتیی هونەریشی لە یادەوەریماندا و لە خانەی موزیک و گۆرانیدا بە پیرۆزی دەمێنێتەوە.
گەڕەکی مەڵکەندی
یەکێک لە گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی و شوێنی لەدایکبوونی هونەرمەندان (شەوکەت ڕەشید، عوسمان عەلی و حەمەی نێرگز)ە، هەروەها شوێنی گەورەبوون و گەشەکردنی هونەرمەند و مامۆستا (ئەنوەر قەرەداخی)یە لە بواری هونەردا.
هونەرمەند (شەوکەت ڕەشید عیزەت عەبدوڵڵا هەمزە ئاغای بابان) لە خێزانێکی هەژار و هونەردۆستدا کە پێکهاتبوون لە (حەوت خوشک و چوار برا)، لە ساڵی (١٩٣٠) لە گەڕەکی مەڵکەندی هاتووەتە دنیاوە. خۆی براگەورەی براکانی بووە بە ناوەکانی (سەلاح، ئەنوەر، فوئاد و ئازاد).
بۆ دەڵێم خێزانێکی هونەردۆست؟ لەبەر ئەوەی (ڕەشید عیزەت)ی باوکی، فەرمانبەری میری بووە و سەلیقەی هونەریشی هەبووە؛ شمشاڵژەنێکی باش و بەتوانا بووە و شمشاڵێکی ڕەنگ زەردی جوانی هەبووە، هەر کات خۆی سەلیقە و زەوقی هەبووایە شمشاڵی بۆ منداڵەکانی ژەنیوە(١).
ئەو هەستە هونەرییە و سۆزە شیرینەی شمشاڵەکەی باوکی، کاریگەریی لەسەر هەردوو برا (شەوکەت و سەلاح ڕەشید) داناوە. هونەرمەند سەرنجی دەخستە سەر شمشاڵژەنینی باوکی تا دەست و پەنجە و سینەی پڕهەناسەی بە شمشاڵژەنین ڕابهێنێت. شەوکەت ڕەشید لە ناوەڕاستی ساڵانی سییەکان دەخرێتە بەر خوێندن؛ منداڵێکی ڕووخۆش و سیمابەخەندە بووە و لەو کاتەوە هەست بە توانا و بەهرەی دەنگخۆشی لەودا کراوە. لەناو پۆل و گۆڕەپانی قوتابخانەکەیدا زۆرجار گۆرانییان پێ گوتووە؛ هەرچەندە لە سەرەتاوە لەبەر ئەوەی شەرمی کردووە کارێکی دژوار بووە بۆی، بەڵام بە هاندانی مامۆستاکان و هاوڕێکانی شەرمی وەلاناوە و سروود و گۆرانیی بۆ قوتابیان و مامۆستاکانی گوتووە. ئاستی خوێندەواریی هونەرمەند تەنها قۆناغی شەشەمی سەرەتایی بووە و تەواوی کردووە، دواتر شانی خستووەتە بەر کارکردن و لە قوتابخانە و خوێندن دوورکەوتووەتەوە.
هونەرمەند کاتێک تەمەنی دەبێتە (١٨) ساڵ، واتە ساڵی (١٩٤٨)، بانگهێشت دەکرێت بۆ سەربازی (دیارە لەو سەردەمەدا ئەو سەربازیکردنە بە زۆرەملێ بووە) و ڕەوانەی شاری کەرکووکی دەکەن. پۆشاکی سەربازی دەپۆشێت و لە گۆڕەپانی مەشقکردندا پرسیار لە سەربازەکان دەکرێت کە کێ خوێندەواریی هەیە؛ هونەرمەند یەکێک دەبێت لەو سەربازانەی کە خوێندەواریی هەیە. دوای جیاکردنەوەیان، هونەرمەند شەوکەت ڕەشید داوا دەکات ڕەوانەی تیپی (جوق و مۆسیقای سەربازی)ی بکەن، لەبەر ئەوەی حەز و ئارەزووی لە مۆسیقا هەبووە. داواکەی پەسەند دەکرێت و دەبێت بە یەکێک لە ئەندامانی تیپی جوق و مۆسیقای سەربازی و درێژە بە مەشقکردن و فێربوونی ئامێرە مۆسیقییەکانی وەک (کلارنێت، نای، ساکسفۆن، عوود، باڵەبان، تەپڵ و جومبوش) دەدات. ڕۆژ بە ڕۆژ توانا و بەهرە هونەرییەکەی زیاتر دەردەکەوێت؛ ئەندامێکی چالاکی تیپەکە دەبێت و بە عەشقەوە کارەکانی ئەنجام دەدات و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، تا دەگاتە پلەی سەرپەرشتیاری تیپی جوق و مۆسیقای سەربازی. هونەرمەند شەوکەت ڕەشید کەسێکی خۆپەرست نەبووە، بەڵکوو خولیای ئەوە بووە ئەو فێربوون و زانیارییانەی پەیدای کردووە تەنها بۆ خودی خۆی نەبێت، بەڵکوو بە پەرۆشەوە هەوڵی دەدا چەندین کەس فێری مۆسیقا بکات.
ساڵانێکی زۆر لە شاری کەرکووک دەمێنێتەوە و زیاتر ڕۆدەچێتە ناو ڕۆحی مۆسیقاوە و شارەزاییەکی باش لە ئامێرەکانی (کلارنێت، جومبوش و عوود)دا پەیدا دەکات و دەبێتە ژەنیارێکی بەناوبانگ لە شاری کەرکووک و سلێمانیدا.
وەک هونەرمەندێکی ژەنیاری لێهاتوو دەردەکەوێت و هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی هەبووە، بۆ مەبەستی تۆمارکردنی گۆرانی ڕوو دەکاتە ڕادیۆی کوردیی بەغدا. نووسەر و بێژەری بەتوانا (کەمال ڕەئووف محەمەد ١٧/١/١٩٤٢ – ٣٠/٩/٢٠١٨) ئاماژە بە یەکەم ڕۆژی تۆمارکردنی گۆرانی لە ڕادیۆ دەکات و دەڵێت: «بۆ یەکەمین کەڕەت لە ڕۆژی شەممە (١/٢/١٩٥٨) سترانی لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا بڵاوکردووەتەوە». بەپێی زانیاریی مامۆستا و هونەرمەند (باکووری ٥/١١/١٩٢٨ – ٢/١١/٢٠٢٢) کە نووسیویەتی، دەڵێت: «یەکەم گۆرانی بەناوی (چاوی کاڵت دڵ ئەفڕێنێ) بووە، و دواتر لە دوای ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ەوە لە ئاهەنگەکانی سلێمانی، کەرکووک و بەغدادا وەک کلارنێتژەن و سترانبێژ دەرکەوتووە»(٢).
هونەرمەند لەو کاتانەی لە تیپی جوق و مۆسیقای سەربازی و مەشقکردن لەسەر ئامێرە مۆسیقییەکاندا بوو، لە هەمان کاتیشدا ئاستی خوێندەواریی خۆی بەهێز کرد تا بڕیاری دا بەشداریی تاقیکردنەوەی دەرەکی (خاریجی) بکات. مامۆستا و هونەرمەند و نووسەر باکووری نووسیویەتی: «زیرەکایەتی و چوستوچالاکیی هونەری، چ لە چوارچێوەی جوقی عەسکەریی کەرکووک و چ لەو تیپە مۆسیقییانەی بەشداریی تێدا کردبوون، بووە هۆی قبووڵکردنی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا، تا شەوکەت ڕەشید وەک (قوتابییەکی خاریجی) تاقیکردنەوەی وەزاری ئەنجام بدات، تاقیکردنەوەکەشی کرد و بە پلەی نایاب (امتیاز) بڕوانامەی وەرگرت لە ساڵی (١٩٦٧ – ١٩٦٨)دا»(٣).
لە هەمان ساڵدا کە بڕوانامە بەدەست دەهێنێت، واتە (١٩٦٨)، هونەرمەند دەچێتە تەلەفزیۆنی کەرکووک و یەکەم گۆرانیی بەناوی (کاڵێ هەی لیمۆ) تۆمار دەکات.
کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی – مەڵبەندی گشتیی سلێمانی، لە ساڵی (١٩٦٩)دا دادەمەزرێت و لە ڕێکەوتی (٣١/١٢/١٩٦٩)دا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەو سەردەمەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێ دەدرێت. ئامانجی ئەم کۆمەڵەیە هەوڵدان بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی هونەرمەندان و نزیکبوونەوەی بەهرەداران لە هونەر و وێژە، لە پێناوی خزمەتکردنی هونەر و وێژەیەکی ڕەسەن بە شێوەیەکی تایبەتی و هونەرێکی جیهانی بە شێوەیەکی گشتی. لەم چوار بەشە سەرەکییە پێکهاتبوو: (بەشی گۆرانی، مۆسیقا و هەڵپەڕکێ؛ بەشی نواندن؛ بەشی وێژە؛ بەشی هونەری شێوەکاری).
هونەرمەند شەوکەت ڕەشید یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەران و ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی. ئەم تیپە گەلێک بەرهەمیان لەسەر شانۆ و تەلەفزیۆن پێشکەش کرد. ئەندامانی بەشی گۆرانی و مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بریتی بوون لە: (شەوکەت ڕەشید، نامدار قەرەداخی، سەلاح ڕەشید، عەلی حەمەڕەزا، حەمەسەعید عەبدوڵڵا، شێرکۆ عادل، هوشیار کەمال). گۆرانیبێژەکانی تیپی ناوبراو پێکهاتبوون لە هونەرمەندان: (عوسمان عەلی ١٩٤٤ – ٢١/٦/٢٠٠٥)، (حەمەی نێرگز ١٩٤٤ – ٢٣/٩/٢٠١٣)، (سەلاح مەجید ٨/٣/١٩٥١)، (ئیبراهیم سەعید ناسراو بە بلەی سەعە کەڕ ١٩٤٢ – ١/٩/٢٠١٠) و... تاد.
سەبارەت بە سەرەتاکانی کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوردی و ئەو ڕۆحی هاوکارییەی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید بۆ دەوروبەرەکەی هەیبوو، مامۆستا و هونەرمەند (نامدار قەرەداخی، ١٩٥١ هەڵەبجە) دەڵێت:
«سەرۆکی کۆمەڵ، هونەرمەندی کۆچکردوو (ئەحمەد دەنگ گەورە ٦/٦/١٩٣٠ – ٢٢/١٢/٢٠٠٤) بوو. دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ بریتی بوون لە (نووری وەشتی ١٩٣٥ – ١٢/٥/٢٠٠١)، (تەها خەلیل ١٩٤٠ – ١٧/١١/٢٠١٠)، نەوزاد مەجید، شەوکەت ڕەشید و (جەلال کۆچەر ١٩٤٣ – ٣/٣/١٩٩٣) و کەسانی تریش بوون. دواتر هەندێک لەوانە دوور کەوتنەوە؛ بۆ نموونە هونەرمەندی کۆچکردوو شەوکەت ڕەشید، چونکە لە کەرکووک لە تیپی جوق فەرمانبەر بوو، دوو ژنیشی هەبوو (ماڵێک لە سلێمانی و ماڵێکی دیکەی لە کەرکووک بوو)، بۆیە نەیتوانی تا کۆتایی لەگەڵماندا بمێنێتەوە. بەڵام هەرگیز نابێت ئەوە لەبیر بکەم کە هونەرمەندان بە گشتی و کۆچکردوو شەوکەت ڕەشید بە تایبەتی زۆر بە گەرمی باوەشیان بۆ کردمەوە و فەرموویان لێ کردم و هانیان دام؛ لەناو تیپەکەدا جێگەیان بۆ کردمەوە و دەستیان گرتم. جگە لە لایەنی هونەری لە لایەنی ڕۆحییشەوە کاک شەوکەت یارمەتیی داوم، چونکە هیچی وام نەدەزانی کەچی لەو تیپەدا بەشدارییان پێ کردم. هەمیشە دەڵێم قەرزاری ئەوم وەک گەنجێک کە خۆم کرد بە ژووری کۆمەڵدا و گوتم دەمەوێت ببم بە ئەندام. ئەو کاتە کاک شەوکەت سەرۆکی تیپەکە بوو، بە شێوەیەک فەرموو فەرمووی لێ کردم، بە ڕوویەکی خۆش و پێکەنین و بەو ڕەفتارە جوانەی شەرمەکەی شکاندم و گوتی: کەمانەکەت دەربکە و لەگەڵماندا بەشدار بە! ئەم ڕەفتارەی ئەوەندەی تر منی هاندا کە بەردەوام بم»(٤).
هونەرمەند شەوکەت ڕەشید وەک ئاوازدانەر، موزیکژەن، گۆرانیبێژ، موزیکزان و نۆتەزان، برەوی بە ڕێگای پیرۆزی هونەر دا و خزمەتێکی بێوێنەی بە هونەری موزیک و گۆرانیی میللەتەکەی کرد. ئاوازی بۆ زۆر لە هونەرمەندان داناوە وەک: (ئیبراهیم خەیات، عوسمان عەلی، حەمەی نێرگز، سەلاح ڕەشید، سەلاح مەجید، حەمە جەزا و کامەران عومەر). کارە هونەرییەکانی وەک موزیکژەن، گۆرانیبێژ، ئامادەکار و دابەشکاری موزیک لە چەند تیپێکی مۆسیقادا چڕ کردبووەوە؛ ناوبراو ئەندامی شانازیی تیپی مۆسیقای کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوردی، تیپی مۆسیقای بێکەس و تیپی مۆسیقای سۆلاڤ لە شاری کەرکووک، هەروەها تیپی باواجیی کۆیە بووە.
هونەرمەند شەوکەت ڕەشید و تیپی مۆسیقای سۆلاڤ...
هونەرمەند بەهۆی ئەو ناو و ناوبانگەی وەک موزیکژەنێکی بەتوانا پەیدای کردبوو، هاوکات بەهۆی کارەکەیەوە لە شاری کەرکووک، دۆستایەتی و هاوڕێیەتیی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو شارەدا دروست کرد. لە ساڵی (١٩٥٨)دا (تیپی مۆسیقای بێکەس) لە شاری کەرکووک دادەمەزرێت؛ ماوەیەک هونەرمەند شەوکەت ڕەشید بووەتە ئەندامی تیپی ناوبراو، دواتر بووەتە ئەندام لە تیپی مۆسیقای سۆلاڤ. یەکێک لە هاوڕێ دێرینەکانی هونەرمەند، موزیکژەن و شاعیر (ڕەمەزان زامدار) دەڵێت:
«هونەرمەند شەوکەت ڕەشید لە ساڵی ١٩٦٤ هات بۆ تیپەکەمان، منیش یەکسەر کردم بە ئەندام لە تیپی مۆسیقای سۆلاڤ. جگە لە من و شەوکەت ڕەشید، ئەم هونەرمەندانەشمان لەگەڵدا بوو: (عەبدولئیلا محێدین، سەلاح سەرراج، سەردار فەتاح، سەلاح ڕەشید، ئەنوەر تاهیر کۆیی، حەمەڕەزا و قادر مەردان)، لە دواییشدا شەوکەت ڕەشید بوو بە سەرۆکی تیپەکە. هونەرمەند هاوکاری و بەشداریی لە چالاکییەکانی تیپە مۆسیقییەکانی شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کۆیەدا کردووە، هەروەها ئەندامێکی چالاکی تیپی مۆسیقای تەلەفزیۆنی کەرکووکیش بوو»(٥).
هونەرمەند جگە لە بەهرە و توانای ژەنینی ئامێرەکانی موزیک و دەنگە خۆشەکەی، یەکێک بوو لەو کەسایەتییە قسەلەگوێ، نوکتەباز، خۆشمەشڕەب و کۆڕگەرمکەرانەی دۆست و یاران و هاوڕێیانی. ئەو خەسڵەتانە بووبوونە هۆی ئەوەی کە هەمووان خۆشیان بوێت و هەمیشە بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە لە شەوکەت ڕەشید بڕوانن. لە ساڵی (١٩٦٧)دا لە چەند ئاهەنگێکی ماڵانی هونەرمەندی نەمر (حەسەن زیرەک) لە شاری سلێمانی، وەک ژەنیار لەگەڵ هونەرمەندانی وەک (ویلیەم یوحەننا، عەزۆلەی تەپڵ، سەلاح ڕەشیدی برای، حەسەنی نەی) بەشدار بووە؛ یەکێک لەو ئاهەنگانەی هونەرمەند حەسەن زیرەک لە ماڵی خودی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید ساز کرا بوو.
دەکرێت ئەو زانیارییەش بخەینە ڕوو کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی پێشوودا، هەردوو هونەرمەندی برا (محەمەد و حەسەنی ماملێ) بە سەردان هاتوونەتە شاری سلێمانی؛ بە هاوکاریی هونەرمەندان شەوکەت ڕەشید، سەلاح ڕەشید، ویلیەم یوحەننا و ئیبراهیم خەیات، کاسێتێک بۆ هونەرمەند محەمەدی ماملێ لە ماڵی (غەریبە قەڵەو) تۆمار دەکەن.
لە دوای بەیاننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، بارودۆخێکی لەبار بۆ دنیای ئەدەب و هونەر دێتە کایەوە و چالاکیی هونەری (گۆرانی، مۆسیقا و شانۆگەری) لە گەشەسەندندا دەبێت. هونەرمەند شەوکەت ڕەشید وەک ژەنیارێکی کارامە، چالاک و پڕوزە، لەتەک هونەرمەندانی تیپی باواجیی کۆیە لە شارەکانی کۆیە و سلێمانی چەندین ئاهەنگ دەگێڕن؛ لەوانە ئاهەنگی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی (١٩٧٠) لە یانەی فەرمانبەرانی سلێمانی، هەروەها لە ڕێکەوتی (١٩/٧/١٩٧٠) لە یانەی فەرمانبەرانی کۆیە.
لە لایەن کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی – مەڵبەندی گشتیی سلێمانییەوە، هەندێک لە هونەرمەندانی تیپی مۆسیقای باواجیی کۆیە بانگهێشت دەکرێن بۆ شاری سلێمانی؛ لە هۆڵی ئامادەیی سلێمانیی کچان بۆ ماوەی (١٠) دە ڕۆژ لە (١٣/٩/١٩٧٠)دا هونەرمەندانی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی و باواجی ئاهەنگ دەگێڕن. هونەرمەند شەوکەت ڕەشید یەکێک بوو لە ئەندامانی شانازیی نێوان تیپە مۆسیقییەکان، لەگەڵ هونەرمەندان: (نامدار قەرەداخی، جان تۆماس جانۆ، زاهیر محەمەد، ئەنوەر تاهیر «مەلا ئەنوەر»، وریا ئەحمەد، سەردار ئەحمەد، هارووت باڵانگیان، سەلاح ڕەشید).
لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکاندا، بە هەوڵ و تێکۆشانی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید و هەندێک لە هونەرمەندانی ژەنیاری شاری کەرکووک، تیپێکی مۆسیقا دادەمەزرێنن بەناوی (تیپی مۆسیقای تەلەفزیۆنی کەرکووک). شەوکەت ڕەشید سەرپەرشتیی ئەو تیپەی کردووە و لە ڕێگەی ئەم تیپەوە زۆر هاوکاریی ئەو هونەرمەندانەی دەکرد کە لە تەلەفزیۆندا کاری هونەرییان تۆمار دەکرد.
بە سەرپەرشتیی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید، لە یاریگای شاری سلێمانی بە بۆنەی (ڕۆژی منداڵانی جیهان) لە ساڵی (١٩٧١)دا ئاهەنگی موزیک و گۆرانی پێشکەش دەکەن.
لە ڕێکەوتی (٢٥/٢/١٩٧٤)دا هونەرمەندانی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی – مەڵبەندی گشتیی سلێمانی، لە هۆڵی (خولد)ی شاری بەغدا ئۆپەرێتی (بووک و زاوا) پێشکەش دەکەن؛ بە دەرهێنانی هونەرمەند (تەها خەلیل) و موزیک لەلایەن هەردوو هونەرمەند (شەوکەت ڕەشید و هوشیار ئەحمەد ناسراو بە وشە بابە). لەو میهرەجانەدا پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست دەهێنن.
هونەرمەند شەوکەت ڕەشید لە باشووری کوردستان وەک دووەمین هونەرمەندی ژەنیار و باشترین و بەتواناترین لەسەر ئامێری (کلارنێت) لە دوای هونەرمەند (قادر دیلان ١٩٢٨ سلێمانی – ١٨/٣/١٩٩٩ چیک) ئەژمار دەکرێت؛ چارەکە تۆنی بۆ ئامێری کلارنێتەکەی زیاد کردووە و لە ژەنینی ڕۆژاواییەوە گۆڕیویەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی.
لەگەڵ هەموو ئەو بەهرە هونەرییانەی کە هەیبوون، خەسڵەتێکی دیکەی بەهرەی دەنگخۆشیی بوو کە خاوەنی چەندین گۆرانییە، وەک: (چاوی کاڵت دڵ ئەفڕێنێ، کاڵێ هەی لیمۆ، زۆر دەمێکە چاوەڕوانم، ئاخ لەبۆ شارەزایە، جەژنە جەژنی شادییە، چەند جوانە، کێ ئەڵێ تۆبەکە لە مەێ، ئایە و ئۆییە، قوربانی چاوی کاڵت بم، سروودی نەورۆز و سروودی بارزانی نەمر). توانای دەنگناسیشی هەبوو؛ خاوەن دەنگە بەسۆز و خۆشەکانی پەلکێش دەکرد تا هەنگاو بنێنە نێو دنیای هونەری موزیک و گۆرانی.
لە ساڵی (١٩٨٣)دا لە تەلەفزیۆنی کەرکووک، هونەرمەند شەوکەت ڕەشید بەرنامەیەکی لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی خۆی بەناوی (ئارەزوومەندان) بەڕێوە دەبرد. لە ڕێگەی ئەو بەرنامەیەوە گەنج و لاوە دەنگخۆشەکانی کوردی بانگهێشت دەکرد تا دەنگخۆشی و توانا هونەرییەکانیان نەشارنەوە، بیخەنە ڕوو و خزمەتی هونەری نەتەوەکەیانی پێ بکەن. هونەرمەند بە ڕوویەکی خۆشەوە ئەو گەنج و لاوانەی دەدواند و زیاتر هانی دەدان. لەو سەردەمەدا بەرنامەی ئارەزوومەندان یەکێک بوو لە بەرنامە سەرنجڕاکێش و پڕچێژەکانی تەلەفزیۆنی کەرکووک؛ بینەران چەندە چێژیان لە هونەری دەنگخۆشیی ئەو بەهرەمەندانە وەردەگرت، دوو هێندەش قسەخۆش و شێوازی خۆشمەشڕەبانەی شەوکەت ڕەشید هۆکاری زیاتری ڕاکێشانی بینەرانی بەرنامەکە بوون.
هەرچۆنێک خوێندنەوە بۆ ژیانی ئەم هونەرمەندە نەمر و دڵسۆزە بکرێت هێشتا کەمە، چونکە هەموو ژیانی بۆ هونەری ڕاستەقینەی نەتەوەکەی تەرخان کردووە. لە دوای گەڕان و وردبوونەوە لەو ژیانە لێوڕێژە لە بەخششی هونەریی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید و دڵسۆزیی بۆ هونەری نەتەوەکەی بەبێ کۆڵدان، هەمیشە لە خەمی پێشخستنی هونەری گەلەکەیدا بووە و دەیویست گەنج و لاوی کورد فێری ئامێرەکانی مۆسیقا بن. لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە چاوم کەوت بە یادەوەرییەکی برای هونەرمەند (کوردە سابیر) کە دەڵێت:
«هونەرمەند شەوکەت ڕەشید لە ساڵی (١٩٧٨)دا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو، بە گۆچان دەڕۆیشت؛ بەو بارودۆخە تەندروستییە ناجێگیرەوە هات بۆ شاری سلێمانی و بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی، تیپی مۆسیقای ئامێری هەوایی دروست کرد کە پێکهاتبوو لە (٢٢) ئەندام». ئەمە دەسەلمێنێت کە ئەم هونەرمەندە لە نالەبارترین بارودۆخی تەندروستیشیدا هێشتا لە خەمی هونەر و هونەرمەندانی نەتەوەکەیدا بووە.
لە ساڵی (١٩٨٤)دا دوو گۆرانی لە ڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆنی کەرکووکەوە بڵاو بوونەوە، کە زۆر بە خێرایی بوونە باسوخواس و سەرنجی خەڵکیان ڕاکێشا و بوونە وێردی سەر زمانی گوێگران و بیسەران: گۆرانیی (پەیمان – ئێمە گیانێکین) لە هۆنراوەی (ڕەزا حەمەی شاعیر) و ئاوازی هونەرمەند (ئیبراهیم خەیات ١٩٣١ – ٣/٥/٢٠٠٥)، و گۆرانیی (بەهاری عومرم) هۆنراوەی (شێخ حەسیب قەرەداخی ١٩٢٩ – ٩/١/١٩٩٧) و ئاوازی هونەرمەند (سەلاح ڕەشید ١٩٤٢ هەڵەبجە – ١٣/٣/٢٠٢٦ کەنەدا). ئەو دوو گۆرانییە دوای چەندین ساڵ بە جوانترین، پڕواتاترین و خۆشترین میلۆدی و بەرهەمی سەردەمی زێڕین ناسراون. سەبارەت بە چۆنیەتیی تۆمارکردنی ئەو دوو گۆرانییە، ڕۆڵی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید چی بووە؟
هونەرمەند سەلاح ڕەشیدی برای بۆمان دەگێڕێتەوە:
«ساڵی ١٩٨٤ بوو، ڕۆژێک کاک شەوکەتی برام تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: کاک برایمی خەیاتیش لەگەڵ خۆت بهێنە و ڕەزامەندیی یەکی گۆرانییەکم بۆ وەرگرتوون. لەگەڵ کاک برایم چووین بۆ کەرکووک؛ کاک شەوکەت لە شەو و ڕۆژێکدا بۆ گۆرانیی (بەهاری عومرم) مۆسیقاکەی دابەش کرد، کاک برایمیش گۆرانیی (ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا). هەردووکمان گۆرانییەکانمان لە ڕۆژێکدا تۆمار کرد؛ گۆرانییەکانی هەردووکمان ناوبانگێکی زۆر باشیان دەرکرد لەسەر ئاستی کوردستان و خەڵک زۆر پێیان سەرسام بوون»(٦).
بە مەبەستی یادکردنەوە و وەبیرهێنانەوەی ژیانی هونەریی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید، دوای گەڕانی زۆرم بەدوای سەرچاوەدا، هەندێک جار لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی یان سۆشیال میدیاوە هەوڵم داوە ڕا و بۆچوونی نووسەران، هونەرمەندان و شاعیران لەمەڕ ئەو هونەرمەندە وەربگرم تا بزانم تێڕوانینیان چییە. بۆ ئەو مەبەستە هانام بردە بەر شاعیری جوانی و هەستناسک (حەمە عەزیزی شاعیر) لە وڵاتی کەنەدا. سەبارەت بە شەوکەت ڕەشیدی فرەبەهرە گوتی:
«هونەرمەندی کۆچکردوو کاک (شەوکەت ڕەشید) ژەنیارێکی دیار و داهێنەر بوو لە ژەنینی ئامێری (کلارنێت)دا، وێڕای ژەنیارییەکەی، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژیش بوو. لە مێژووی تەمەنی هونەرەکەیدا خولیایەکی دڵسۆزانە و عەشقێکی پاکی هەبوو بۆ بایەخدان بە گەشەسەندنی ڕەسەنایەتی و بەسەردەمیکردنی گۆرانیی کوردی لەو سەردەمەدا کە کاک (شەوکەت)ی تێدا ژیاوە. ئەم هونەرمەندە گەلێک لەمە زیاتر هەڵدەگرێت و شایستەی قەدرگرانی و ڕێزلێنانە، بەڵام مەخابن ئەمیش وەک سەدان سەربازی ونبووی نێو بواری ئەدەب و هونەر، ناو و بیرەوەری و ئاستی بەرزی هونەرەکەی کاڵ بووەتەوە و خراوەتە ژێر خۆڵی فەرامۆشی و لەبیرچوونەوەوە»(٧).
مامۆستا و هونەرمەند (نامدار قەرەداخی) بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لەگەڵ مامۆستاکەیدا ژیاوە و کاری هونەرییان ئەنجام داوە، دەربارەی کۆمەڵێک خەسڵەتی دیکەی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید دەدوێت:
«کاک شەوکەت ڕەشید مێژوویەکی پڕسەروەری هەیە لە زۆر ڕووی هونەری و کۆمەڵایەتییەوە. ژەنیارێکی مۆسیقیی بەتوانا بوو؛ یەکێکە لە هەرە ژەنیارە بەتواناکانی ئامێری کلارنێت. جگە لە کلارنێت هەوڵیشی دا ئامێری عوود و جومبوش و هەندێک ئامێری تریش بزانێت. جگە لە ژەنیاری ئاوازدانەرێکی باش بوو؛ هەموو ئەو گۆرانییانەی خۆی، ئاوازی خۆی بوون، هەروەها ئاوازی زۆریشی داوە بە هونەرمەندان. سەرەڕای ئەمانەش دابەشکارێکی مۆسیقای باش و بەتوانا بوو، جگە لەم خەسڵەتانە سەرپەرشتیارێکی باشیش بوو. هەروەها دامەزرێنەری چەند تیپێکی مۆسیقی بوو وەک: کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی، تیپی مۆسیقای سۆلاڤ لە شەستەکاندا (کە ئەندامێکی چالاکی بوو)، و دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای تەلەفزیۆنی کەرکووکیش بوو؛ هەرچەندی دەربارەی بدوێین هێشتا کەمە»(٨).
وەک ئاماژەمان پێ دا هونەرمەند کەسایەتییەکی خۆشمەشڕەب، قسەخۆش و قسەلەڕوو بووە. پێم خۆشە یەکێک لە بەسەرهات و قسەخۆشەکانی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید بنووسم کە وەستا (هیوای مەدحەتی کەبابچی) لە شەقامی کانی ئاسکان گێڕایەوە:
«هونەرمەند شەوکەت ڕەشید یادی بەخێر زۆرجار دەهاتە لای من بۆ کەباب خواردن. ڕۆژێک تەشریفی هێنا و داوای کەبابی کرد، منیش گوتم: کاک شەوکەت سیرت بۆ بکەمە کەبابەکەوە؟ بە ڕوویەکی خۆش و پڕخەندەوە فەرمووی: من زوڕنا لێ دەدەم، بۆم تێکە با هەر سیر بخۆم و زوڕنا لێ بدەم!».
شەوکەت ڕەشیدی هونەرمەند دوای چەندین ساڵ خزمەتکردن لە ساڵی (١٩٨٩) خانەنشین دەکرێت، بەڵام هەست و نەستی هەر لەلای خزمەتکردن بە هونەری موزیک و گۆرانی بوو.
لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هونەرمەند دوو جار هاوسەرگیریی کردووە؛ ماڵێکی لە کەرکووک و ماڵێکی لە شاری سلێمانی بووە. لە ساڵی (١٩٥٧) خاتون (سەدیقە محێدین) و لە ساڵی (١٩٦٠) خاتون (میسریە ئەحمەد عەبدوڵڵا) دەخوازێت. لە هاوسەری یەکەمی دەبنە خاوەنی (چوار کوڕ و کچێک) بە ناوەکانی (سامان، سەروەت، سۆران، سەرتیپ و سۆزان)، لە هاوسەری دووەمی (سێ کوڕ و چوار کچ) بە ناوەکانی (ساماڵ، سروە، سۆلاڤ، سیروان، مەریوان، سوزناک و سارا)(٩).
بەداخێکی زۆرەوە، هونەرمەند شەوکەت ڕەشید لە مانگی ئابی ساڵی (١٩٩٠) دووچاری نەخۆشیی (جەڵتەی مێشک) دەبێت و ئازاری نەخۆشییەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ تەنگی پێ هەڵدەچنێت.
هاوڕێی دێرینی هونەرمەند و ڕاگەیاندنکار و بێژەری دێرینی تەلەفزیۆنی کەرکووک (هاشم جەباری) دەڵێت:
«هاوڕێیەتیم لەگەڵ هونەرمەند شەوکەت ڕەشید دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ١٩٧١؛ هاوڕێیەتییەکەمان هێندە پتەو بوو تا گەیشتە هاتوچۆی خێزانی و پێکەوە چەندین سەیران و گەشتمان کردووە بۆ بەغدا، حللە، سلێمانی، هەولێر، شەقڵاوە و... تاد. لە ڕێگەی ئەوەوە چەندین هونەرمەندم ناسی. ئەو هونەرمەندە خزمەتێکی بێئەندازەی هونەری کوردی کرد و دەیان هونەرمەندی لە بواری گۆرانی و موزیک پێگەیاند. لە زۆربەی ئاهەنگە تایبەتی و بۆنەکاندا بە تەنیا کلارنێت، جومبوش و عوودی دەژەنی و گۆرانیی دەچڕی. لە ڕاپەڕینی (١٩٩١) و لە کاتی ڕزگارکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، من و شەهید (ئەسعەد شێخ بزێنی) و نووسەری کۆچکردوو (محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە) سەردانی شەوکەتمان کرد کە ئەو کات نەخۆش بوو و بە گۆچان دەڕۆیشت؛ لەو کاتەدا هەواڵی ڕزگارکردنی شارۆچکەی مەخموور ڕاگەیەندرا و ئەویش بە گریانەوە گوتی: وا خەریکە کەرکووکیش ڕزگار دەبێت، منیش مەرگ تەنگی پێ هەڵچنیوم و ئەم ئازادییەی کەرکووک نابینم».
هونەرمەند شەوکەت ڕەشید بارودۆخی تەندروستیی تێکدەچێت و لەلایەن کوڕەکانییەوە بە مەبەستی چارەسەرکردن لە شاری کەرکووکەوە دەبرێت بۆ شاری سلێمانی بۆ لای پزیشکە پسپۆڕەکەی (دکتۆر فوئاد بابان). کاتێک دەگەنە دەروازەی شاری سلێمانی (زێدی لەدایکبوونی)، لە ڕۆژی (١٧/٤/١٩٩١)دا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە هونەر و هونەرمەندان و دۆست و یارانی دەکات.
کاتێک شەوکەت ڕەشیدی هونەرمەند گیان دەسپێرێت و ئەو ئەستێرە گەشەی موزیک، ئاواز و گۆرانیی کوردی دەکوژێتەوە، میللەتەکەمان لە گەورەترین بەدبەختی، نەهامەتی و تەنگژەدا دەژیا؛ ئەویش کۆچی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان بوو، واتە کۆڕەوەکە. لەو کاتەدا هونەرمەند لە گۆڕستانی شێخ محێدین لە شاری سلێمانی بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێردرێت. هەزاران چەپکەگوڵ بۆ سەر گڵکۆی پیرۆزی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید، و بۆ هەمیشە یاد و یادەوەرییە شیرینەکانی بەرز و لە لووتکەی شکۆداریدا دەمێننەوە.
سەرچاوەکان:
دیدار لەگەڵ هونەرمەند سەلاح ڕەشید (١١/٦/٢٠١٤)، سازدانی جەلال هانیسی.
کتێبی مێژووی ڕادیۆی کوردی بەغداد (١٩٣٩ – ١٩٥٨)، نووسینی (بابی لالۆ) کەمال ڕەئووف محەمەد، بەرگی یەکەم – جزمی یەکەم، لاپەڕە (٦٦٠).
کتێبی گۆرانیبێژە نەمرەکان، باکووری، بەشی دووەم، لاپەڕە (١٩٩ و ٢٠٠).
گۆڤاری چلاواز، دیمانە لەگەڵ هونەرمەند نامدار قەرەداخی، سازدانی هونەرمەند وریا ئەحمەد، ژمارە (٤٧)، کانوونی دووەمی ٢٠١٠.
«لە ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید»، ئامادەکردنی: ستار جەباری، تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک.
سایتی وشە، «شەوکەت ڕەشید.. هونەرمەندێکی فرەبەهرەی بواری موزیک و گۆرانی»، ستار جەباری.
پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند و شاعیر (حەمە عەزیز)، هەولێر – کەنەدا.
دیدار لەگەڵ هونەرمەند (نامدار قەرەداخی)، کەناڵی (خاک)، ١٥/٢/٢٠٢٦.
هەمان سەرچاوەی ژمارە (٣)، لاپەڕە (٢٠٠).







