یەك ناكەین بە سفر

رای گشتیی كوردستان هەماهەنگ لەگەڵ سەرۆكایەتی، هاودەنگانە و بێ چەندوچوون، پشت لەهەر غایەڵەیەكی شومی بانگەشەی دوو ئیدارەیی بكەن جا بە هەر بەهانە و بڕو بیانوویەك
Thumbnail

پەیامی پرێس كۆنفرانسەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی بەخش بوو. ئان و ساتەكەشی وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانیی خەڵك بوو. رەواندنەوەی دڵەراوكێ و نیگەرانییەكان لەمەڕ ئەو بارگرژییە ناوەخت و ناموجەبە ناوخۆییەی هاتبووە ئاراوە، رۆڵ بینین و نەخش و پەیامی هێوركەرەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی دەخواست. 
چەمكی ( سفر ئیدارە) كە یەكەم جارە لە ئەدەبیاتی سیاسیی كوردستاندا دێتە بەرگوێ، لە پەیامی سەرۆكدا جێگەی سەرنج و تێرامان بوو. رەنگە كورتترین و ووردترین دەستەواژەی نوێ بێت بۆ گوزارشت لەو ماڵوێرانییەی لە هەناوی بانگەشەی خۆكوژانەی ( دوو ئیدارەیی)دا، خۆی مەڵاس داوە. 
سەرۆك پێی گووتین دوو ئیدارەیی مانای دابەشبوونی سیاسی و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان نییە بۆ دوو ئیدارە، بەڵكو مانای سڕینەوەی ژمارەكەمانە لەسەر نەخشەی سیاسی، مانای كۆتایی هاتن بە ( یەك) و شۆڕبوونەوە و پاشەكشەیە بەرەو (سفر و هیچ) و فەنا بوون. 
ئەگەر(سفر) خاڵی (نەبوون) و سەرەتای پڕكێشیی و گرتنەبەری رێگەی سەخت و پڕ قوربانی بێت بەرەو(بوون)، ئەوا گەڕانەوە لە بوونەوە بۆ نەبوون، لە یەكەوە بۆ سفر، جگە لە خۆكوژی، جگە لە دووبارە بەقوربانی كردنەوەی قوربانییەكان، جگە لە پوچگەڕایی و عەبەسیەتێكی شێتانە، جگە لە ماڵی خۆ بەدەستی خۆ وێران كردن، هیچی تر نییە. 
لە هاوكێشەی سەخت و دژوارەی ناوچەكەدا، كۆی هێزە كوردستانییەكان پێكەوە ئینجا بە زەحمەت و ئازار و ئاڵانگارییەكی زۆرەوە ( یەك) ێكین، دابەشبوونی ئەو یەكە، نەك هەر یەك لامان دەكات بە سفر، بەڵكو هەردوولامان دەكاتە دوو سفری بێ ئەرزش و بێ وجود لە ناو ژمارەگەلێكی خۆسەپێندا. 
سەرۆك و سەرۆكایەتی هەرێم لە سۆنگەی ئەركی خۆیان كە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێم و یەكێتیی حوكمڕانی هەرێمە، زامنی ئەو بەرژەوەندییە باڵایەن، بە حیكمەت و پەرۆشی و هێوریی سیاسییش دەتوانن ئیدارەی ناكۆكییەكان بدەن و رێنەدەن لایەنەكان لە دەوری ئەو ئامانجە نیشتمانییە بترازێن. به‌ڵام ئەو ئەركە پیرۆزە كاتێ سەركەوتوو و بێخەم تر دەبێت، رای گشتیی كوردستان هەماهەنگ لەگەڵ سەرۆكایەتی، هاودەنگانە و بێ چەندوچوون، پشت لەهەر غایەڵەیەكی شومی بانگەشەی دوو ئیدارەیی بكەن جا بە هەر بەهانە و بڕو بیانوویەك بێت. 
هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی لە كوردستانییان دەخوازێ لە زهنیەتی هەر یەكێكماندا بانگەشەی دوو ئیدارەیی یەكسان بێت بە سفر ئیدارە.

متعلقات

احدث الفيديوهات