دوای ڕادەستکردنی نەوت !

حەوت ساڵە بەغدا بەپالپشتی هەندێ هێزی کوردی بەردەوامە لەبرسیکردنی کوردستانیان
Thumbnail

بەگوێرەی مادەی (١١١ و ١١٢) دەستوری ئێراق هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنانی و فرۆشتنی نەوتی هەیە،لەژێر ڕۆشنایی ئەو دوو مادە دەستوریەو لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە باڵاکانی خەلَکی کوردستاندا . حکومەتی  هەرێمی کوردستان سیاسەتی نەوتی داڕشت و نەوتی کوردستانی گەیاندە بازارەکانی جیهان .

ئەمە بۆ کورد دەسکەوتێکی مەزن و مێژووی بوو،بەهۆی ئەم دەسکەوتەوە کوردستان بووە ڕەقەمێکی بەهێز لەسەر نەخشەی ئابوری جیهان، دەیان کؤمپانیای جیهانی بۆ وەبەرهێنان هاتنە کوردستان ،دەیان ولاَت کونسولَخانەیان لە هەولێر کردەوە ، لەهەمووشیان گرنگتر کوردستان لەهەموو ڕوویەکەوە بوژایەوەو گەشەکردنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی،پێشکەوتنەکان بەڕادەیەک بوون لەدەرەوەی چاوەڕوانی خەڵکی بیانی و خودی خەڵکی کوردستانیش بوون .

ناحەزو نەیارانی کورد ئەمەیان پێ هەزم نەکراو بڕیاریاندا بەهەر نرخێک بێت سنورێک بۆ ئەو هەموو پێشکەوتن و گەشەکردنە دابنێن کە لەکوردستان بەدی هاتوون،بەم نیەتەو بەڕاسپاردەی عەمامە بەسەرەکان سیاسەتی برسیکردنیان بەسەر کورددا جێبەجێ کرد . 

حەوت ساڵە بەغدا بەپالپشتی هەندێ هێزی کوردی بەردەوامە لەبرسیکردنی کوردستانیان،دوای حەوت سال و لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردودا بەغدا بەڕوونی نیەتی خۆی لەجێبەجێکردنی سیاسەتی برسیکردندا بۆ هەموو لایەک ڕوون خۆیا کرد، ئەویش ناچار کردنی کوردە کە نەوت ڕادەستی بەغدا بکاتەوە، مخابن ئەو گروپە کوردیانەی ناویان لەخۆ ناوە هاپەیمانی (هیوا) لەگەڵ هاوبیرو هاوڕێکانیان لەهەندێ میدیای بەناو ئەهلی و سەربەخۆ (ستاندەرد ،لڤین ،ئاوێنە ،شارپرێس .....هتد) سەرسەختانە سەنگەریان لەبەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان گرتووەو هەوڵ دەدەن لەڕێگای هەندێ لێکدانەوەی ناڕاست و دوور لەلۆژیک و عەقلانیەت قەناعەت بەخەڵکی کوردستان بێنن کە ڕادەستکردنی نەوت لەبەرژەوەندی ئەواندایە! 


هەڵبەت ڕوونە  کاتێک بەغدا سیاسەتی برسیکردنی بەسەر کوردستاندا جێبەجێ کرد ،هەر بۆ ئەوە بوو تا لەڕێگای کومەڵێک سیاسی و قەڵەم بەدەستی کوردەوە ،دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەلایان کوردستانەوە وەکو بەڵایەک بۆ خەڵکی کوردستان وێنا بکات !
بویە لەیەکەم ڕۆژی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەوە . فەرمانی بەو قەلەم بەدەست و سیاسیانە کرد کە کار لەسەر ناشیرین کردنی سیاسەتی نەوتی کوردستان بکەن ، مخابن ئەوانیش وەکو سەربازێکی گۆێ ڕایەل ڕۆلی خۆیان لەو بارەوە گێڕاو هەتا ئێستاش بەردەوامن .


بێ گومان نەوتی کوردستان وەکو چەک یان کارتێکی بەهێز کە کاریگەری  لەسەر مانەوەی هەرێمی کوردستاندا هەیە لەدەستێکی ئەمیندایە ( سەرۆک بارزانی) بۆیە بەبێ زامن کردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردو  مافە دەستوریەکانی ڕادەست ناکرێت و لەدەستی کورددا دەمێنێتەوە، ئاخر ڕادەستکردنی نەوت بەبێ ڕیککەوتنێکی هاوسەنگ کە ماف و داخوازیە دەستوریەکانی کورد گارانتی بکات،کارەساتی بەدواوە دەبێت.

دوای ڕادەستکردنی نەوت بەغدا بەئاسانی دەتوانێت تا ئاستی هەڵوەشانەوە کار لەسەر قەوارەی فیدراڵی بکات بەم شێوەیە : هەڵوەشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو ڕادەستکردنی چەکەکانی ،هەڵوەشانەوەی نوێنەرایەتیەکانی هەرێم لەوڵاتان ، هەڵوەشانەوەی دام دەزگاکانی ئاسایش ، کونترۆڵکردنی دەروازە سنوریەکان ، دواتر بەبیانوی سەپاندنی یاسا هیزەکانی حەشدی شەعبی ڕەوانەی کوردستان دەکات و ڕەنگە بۆ هەر پارێزگایەکیش فەوجێکی حەشدی شەعبی بکاتەوە .
دوای هەموو ئەمانە کورد ناچار دەکات بەحوکمێکی زاتی کارتؤنی وەکو ئەوەی سەردەمی سەدام رازی بێت ،هەلَبەت ئەوەش دەبێت بەمواسةفاتی ئێرانی و لەضوارچێوەی فەتوای مەلاکاندا بێت .

ڕەنگە هەندێ کاڵفام و نەفس نزم هەبن بێژن مادام موچە دێت هەموو ئەمانەمان قەبوڵە ! بێ گومان ئەوانیش  با دڵنیا بن لەو حاڵەتەدا ڕەنگە کەمتر لەسەدا بیستی موچە خۆرانی ئیستا موچەیان پێ بدرێت و ئەوانی دیکە نان بڕاو دەکرێن و لەشوێنی ئەوان و وەکو سەردەمی سەدام عەرەب دەهێنرێتە کوردستان و لەدامودەزگاکان دادەمەزرێن و شارەکانی کوردستانیش وەکو بەغداو بەسرا غەرقی زبڵ و خاشاک دەبن و دەبێت گەنجانی ئێمەش بەمواسه‌فاتی ئێرانی ئیلتزام بەڕێنمایەکانی چەتەکانی ڕەبع و اللەو عەسائیبی ئەهلی حەق بکەن .

ئەوە ڕاستی ئەو ئامانج و نیەتەیە کە لەپشت داوای رادەستکردنی نەوتەوە هەیە لەلایان بەغداو گروپەکانی نێو هاوپەیمانی هیواو میدیاکانی محوەری مقاومە . بەڵام با دڵنیابن تا  کورد بارزانی و پێشمەرگەی هەبێ ،ئەوە وەکو خەونێک دەمێنێتەوەو هەرگیز بەدی ناهێت .

متعلقات

احدث الفيديوهات