سكرتێری یه‌كێتی تۆپى پێى كوردستان وه‌ڵامی یانه‌ى سلێمانى ده‌داته‌وه‌

له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كدا

له‌روونكردنه‌وه‌یه‌كدا سكرتێری یه‌كێتى ناوه‌ندی تۆپى پێى كوردستان رایده‌گه‌ێنێت ، ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰۱۹/٦/۲٥ لە لاپەڕەی فەرمی یانەی سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بابەتێک نووسراوە، گوایە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان (سەفین کانەبی) رێگر بووە لە بەشدارییکردنی تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی سلێمانی لە خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، کە بڕیارە لە ۲ـی تەممووزی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

سكرتێری یه‌كێتى تۆپى پێى كوردستان ده‌شڵێت بەداخەوە تا ئێستە هەندێک لە یانەکانی کوردستان ئیش و کارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدەن و کار بە نووسراوی فەرمی ناکەن! ئێمە لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کار بە بەڵێن و قسەی زارەکی ناکەین، بەڵکو لە رێگەی نووسراوی فەرمی کارەکانی خۆمان دەکەین.

راشیده‌گه‌یه‌نێت  ، بۆیە ئێمە لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، سەرجەم وەرزشوانانی کوردستان تایبەتی وەرزشوانانی سلێمانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، کە تەواوی نووسینەکەی یانەی سلێمانی دوورە لە ڕاستی، یانەی سلێمانی بە نووسراوی فەرمی لە کۆبوونەوەی رابردووی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە رێکەوتی ۲۰۱۹/٦/۲۲ داوای نەکردووە تا بەشداری لە خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان بکات، بەڵکو به هیچ شێوەیەک باسیش نەکراوە، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش (سەفین کانەبی) ئاگاداری ئەم باسە نییە.

 له‌كۆتادا سكرتێری یه‌كێتى ناوه‌ندی تۆپى پێى كوردستان رایده‌گه‌ێنێت ، بە دڵنیایەوە ئەگەر یانەی سلێمانی وەک هەردوو یانەی ئاشتی و دەربەندیخان بە نووسراوی فەرمی داوایان بکردبا، بەشدار دەبوون و هیچ کێشەیەک نەدەبوو، لە کۆتاییدا بیری وەرزشوانی سلێمانی دەهێنینەوە، ئەگەر یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دژی یانەکانی پارێزگای سلێمانی بێت، ئەوا یانەی ئاشتیش لە سەنتەری شاری سلێمانییە