بەرھەم ساڵح پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەکات

بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی کابینەی نۆیەم لە پەرلەمانی کوردستان


سەرۆککۆماری عێراق بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری دەکات، لای خۆیانەوە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ پشتیوانیکردنی کابینەی نۆیەم.

د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کرد، بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی کابینەی نۆیەم لە پەرلەمانی کوردستان.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبای گەرمی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک و تەواوی کابینەی نۆیەم کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

ھاوکات پشتیوانی خۆی بۆ کابینەی نۆیەم دەربڕی لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسیدراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجامدا بۆ ھەمان مەبەست و پیرۆزبای گەرمی لێکرد.

لای خۆیانەوە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ پشتیوانیکردنی کابینەی نۆیەم.