ئه‌رسه‌لان ده‌روێش شاكاری (دووژمنی گه‌ل) له‌ هه‌ولێر نمایش ده‌كات

یه‌كێك له‌ به‌نه‌باوبانگترین ده‌قه‌كانی نووسه‌ری نه‌روێژی مه‌زن (هینریك ئیبسن)

دوای نمایشكردنی زنجیره‌ شانۆگه‌رییه‌كی سه‌ركه‌وتووی كوردی كه‌ دواهه‌مینیان شانۆگه‌ری(تاریكتر له‌ شه‌وه‌زه‌نگ) له‌ نووسینی (د.دڵشاد مسته‌فا) له‌ مانگی دێسه‌مبه‌ری رابردوودا پێشكه‌شی كرد .

ده‌رهێنه‌ری كورد هونه‌رمه‌ند (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ده‌رهێنانی تێكسته‌ جیهانییه‌كان و شانۆگه‌ری (دوژمنی گه‌ل) یه‌كێك له‌ به‌نه‌باوبانگترین ده‌قه‌كانی نووسه‌ری نه‌روێژی مه‌زن (هینریك ئیبسن)  به‌م زووانه‌ له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت نمایش ده‌كات .

ktv

 له‌م شانۆگه‌ریه‌دا كه‌  له‌لایه‌ن كه‌ناڵی (كوردستان 24 ) سپۆنسه‌ریی میدیایی ده‌كرێت، وه‌زاره‌تی رۆشنیریی و لاوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ر،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆی هه‌ولێره‌وه‌ به‌رهه‌می ده‌هێنێت و (تیپی شانۆی سالار) ئه‌نجامی ده‌دات ، ده‌سته‌یه‌ك له‌ شانۆكاره‌ گه‌نجه‌ ئه‌كادیمییه‌كان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن وكاره‌ هونه‌رییه‌كانی ڕاده‌په‌ڕێنن ، رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان ( به‌همه‌ن حاجی، مه‌ولان حه‌مه‌ده‌مین، وه‌یلان سدیق، یوسف یوسفی، محه‌مه‌د تاهیر، یاسین عومه‌ر، سیما مسته‌فا، زیاد كه‌ریم) به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت ، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری تربه‌شدارن له‌وانه‌(زه‌هره‌ نه‌جات، هۆزان كاروان، نه‌ورۆز عه‌لی كه‌مال، بنیاد فه‌رحان، دیمه‌ن تاهیر، هاوكار خدر، محه‌مه‌د حه‌مه‌، شه‌نیارمحه‌مه‌د ، عه‌لی كه‌مال، گه‌رمیان گلی ، باوان كه‌یفی ، یارا ئه‌رسه‌لان ، ره‌هێڵ هه‌ورامان) هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان (دانا محه‌مه‌د وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر ، مه‌ولان حه‌مه‌ ده‌مین وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆ، سه‌رباز عه‌بدولڕه‌حمان وه‌ك جێ به‌جێكردنی سینۆگرافیا) به‌هاوكاری كۆمه‌ڵێك به‌هری تازه‌ ده‌ركه‌وتوو كاره‌ هونه‌رییه‌كانی (دیكۆر و روناكی و موزیك و ده‌نگ ) ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێر به‌هۆڵه‌شانۆییه‌كه‌ی پشتیوانی كاره‌كه‌ ده‌كات و نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندی دووره‌ وڵات (هاوده‌م ساڵح جاف) له‌ نه‌رویژییه‌وه‌ ده‌قه‌كه‌ی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی شیرینی كوردی.

ktv

سه‌باره‌ت به‌م كاره‌ شانۆییه‌ ده‌رهێنه‌ری ناسراو (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) ده‌ڵێت:

- ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ شاكارێكی هونه‌ریی ئه‌وتۆیه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بایه‌خێكی گرنگی هه‌بێت  له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا كه‌ ئومێد ده‌كرێت هه‌مووان به‌خۆدا چوونه‌وه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی به‌ چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست و بڕیارو وپه‌یوه‌ندی نێوان كاركردنی حكومه‌ت هاوڵاتی بكه‌نه‌وه‌و كه‌مته‌رخه‌میه‌كان و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی رابگیرێت و چاره‌سه‌ربكرێت.

( دوژمنی گه‌ل ) هاواری تاكێكی بوێرو ویژدان زیندووه‌ بۆ راچه‌نینی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ درۆو گومڕابوون و گه‌نده‌ڵی هه‌راسانی كردووه‌و ئاسووده‌یی راسته‌قینه‌ی لێ داماڵیوه‌. له‌م به‌رهه‌مه‌دا ئێمه‌ی ستافی كاره‌كه‌ ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ ده‌نگی (هێنریك ئیبسن) : كه‌ ده‌كرێت راستی و حه‌قیقه‌ت له‌لای(تاك)ی هۆشیارو هه‌ڵكه‌وتووبێت . نه‌ك له‌لای (زۆرینه‌)ی گومڕاكراوو به‌رژه‌وه‌ندی خواز! ، به‌ڵێ ده‌كرێت ئه‌وانه‌ی گه‌نده‌ڵ و ده‌ربارو خاوه‌نی ئیراده‌و هه‌ڵوێستی خۆیان نین ، به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی له‌كه‌داركردن و ناوزڕاندنی كه‌سانێك بن كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ن ، نه‌خاسمه‌ به‌ سوتاندنی ره‌ش و سپی به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی شه‌رمه‌زاریی و تاوانه‌كانیان. وه‌لێ كارو به‌رهه‌م و هه‌ڵوێستی مرۆڤ دۆستانه‌ و ژیان دۆستانه‌ی (تاكه‌) جوامێرو حه‌قبێژه‌كان هه‌ر ده‌مێنێت و له‌توانایدایه‌ دڕ به‌و تاریكی جه‌هل و گومڕاییه‌ بدات.

ktv

له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ (دوژمنی گه‌ل)و به‌شدارانی ده‌یانه‌وێت گوڕێك به‌ هیوای تاكی خۆنه‌ویست و ئیراده‌ پته‌و  بداته‌وه‌، بۆ چاكسازیی و به‌رده‌وام بوون له‌ حه‌قبێژیی و نه‌سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ ئه‌هریمه‌نی سته‌م وچه‌واشه‌كاریی و  خۆسه‌پاندنی كۆ به‌سه‌ر تاكدا.

هیوادارین به‌رهه‌مه‌كه‌مان جێگای سه‌رنج و لێ ڕامانی بینه‌ران بێت وئاماده‌ی نمایشكردنی بن له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا. سپاس و پێزانینم بۆ(به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تی هونه‌ریشانۆی هه‌ولێر ) و یه‌كه‌ یه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئازیزو خۆشه‌ویستی به‌شدار كه‌ هه‌موو ته‌قه‌لاو كۆششێكیان خستووه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌ جیهانییه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا كه‌ كاركردن له‌ شانۆدا هه‌روا سه‌خت تر ده‌بێت  له‌ده‌رنجامی نه‌بوونی هۆڵی شانۆیی وكه‌ره‌سه‌ ته‌كنیكی و هونه‌رییه‌ پێویسته‌كان و كه‌می كاره‌با و ... هتد، چونكه‌  له‌راستیدا كاركردن له‌م بواره‌دا پێداگریی و سووربوونه‌ بۆ به‌رده‌وامی و بره‌وپێدان به‌م هونه‌ره‌ و به‌شداریكردنه‌ له‌و هه‌وڵ و كۆششه‌ به‌رفراوانه‌ی هاوه‌ڵانمان له‌م پێناوه‌دا له‌شارۆ ده‌ڤه‌ره‌كانی وڵات خۆنه‌ویستانه‌ خستوویانه‌ته‌ گه‌ڕ.

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv