"مۆم" نوێترین به‌رھه‌می سینه‌مایی بڕیار به‌ختیاره‌

ماوه‌ی كورته‌فیلمه‌كه‌ ١٢ خوله‌كه‌

ھونه‌رمه‌ندی ده‌رھێنه‌ر له‌ نوێترین كاری ھونه‌ری خۆی دا له‌ بواری ده‌رھێنان دا، كۆتایی ھێنا به‌ فیلمێكی دۆكیومێنتاری نوێ به‌ ناوی (مۆم)، ئه‌و به‌رھه‌مه‌ 12 خووله‌كه‌ و چیرۆكه‌كه‌ی باس له‌ ژیانی منداڵێكی كورد ده‌كات، كه‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌ و ئازاره‌كانی ئه‌و منداڵه‌ له‌ خوێندن و ژیانی تایبه‌تی ده‌گێڕێته‌وه‌.

(بڕیار به‌ختیار) له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: نوێترین به‌رھه‌می من له‌ بواری سینه‌مادا دروستكردنی كورته‌ فیلمێكی دۆكیومێنتارییه‌ به‌ناوی  MOM، كه‌ وه‌ك ده‌رھێنه‌ر كارم تێدا كردووه‌ ماوه‌ی كورته‌فیلمه‌كه‌ ١٢ خوله‌كه‌ و له‌ شارۆچكه‌ی پیره‌مه‌گروونی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی وێنه‌گیراوه‌.

ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ ژیانی مندڵێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌كات، كه‌ ھه‌ر له‌ له‌ دایكبوونیه‌وه‌ ھه‌ردوو ده‌ستی نیه‌، به‌ڵام بێ ھیوا نه‌بووه‌ له‌ ژیان و سه‌رقاڵی ژیانكردنه‌ و خوێندكاری پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تاییه‌.

ئێستا سه‌رجه‌م كاره‌كانی فیلمه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و له‌ داھاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ینێرینه‌ فێستیڤاڵه‌ جیھانییه‌كان .

به‌رھه‌مھێنانی ئه‌م فیلمه‌ یه‌كه‌م پڕۆژه‌ ده‌بێت بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ، ھه‌روه‌ھا له‌ پلانمدایه‌ له‌ ھه‌مان ساڵدا چه‌ند كورته‌ فیلمێكی دیكه‌ش دروست بكه‌م.

گوتیشی: داوامان له‌ ھیچ لایه‌نێكی حكومی نه‌كردووه‌ بۆ سپۆنسه‌ر كردنی ئه‌م كاره‌، چونكه‌ پێم وایه‌ پێویسته‌ سینه‌مای سه‌ربه‌خۆ دروست ببێت له‌ كوردستان..

ئا/ شیڤان شێرزاد

كوردستان تیڤی/ كامران