خۆپیشاندانی ملیۆنی له به‌غدا ده‌ستیپێكرد

موقته‌دا سه‌در: نابێت جگه‌ له‌ ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایه‌كی دیكه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له‌ لایه‌نگرانی كرد كه‌ به‌شداری له‌ خۆپیشاندانی ملیۆنی له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق بكه‌ن دژ به‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خاكی عێراق و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق، ئه‌مڕۆ هه‌ینی خۆپیشاندانی "هه‌ینی سه‌ربه‌خۆیی له‌ به‌غدا ده‌ستیپێكرد. 

موقته‌دا سه‌در له‌ په‌یامێكیدا بۆ خۆپیشانده‌ران داوای كرد كه‌ رێگه‌ نه‌درێـت هیچ كه‌سێكی سیاسی به‌شداری خۆپیشاندانه‌كان بكات و جگه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای عێراق نابێت هیچ جۆره‌ ئاڵایه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبكرێت، 

سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی خۆپیشاندانی ملیۆنی به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ ناوچه‌كانی به‌غدای پایته‌خت به‌ره‌و گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانی ملیۆنی به‌ڕێ كه‌وتن و خۆپیشاندان له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌هره‌مانه‌ ده‌ستیپێكرد. 

لای خۆشیانه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق هه‌ردوو پردی جادریه‌ و دوونهۆمی و ژماره‌یه‌ك ڕێگای سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدا به‌ رووی خۆپیشانده‌ران داخست. 

هاوكات باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاش هۆشداری داوه‌ته‌ خۆپیشانده‌ران و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزی كردووه‌، ئه‌گه‌ر نزیك باڵیۆزخانه‌كه‌ ببنه‌وه‌.