كیبۆرد هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستیت دروست ده‌كات

ڤایرۆس و به‌كتریای زۆر له‌سه‌ری كۆ ده‌بێته‌وه‌ و هۆكاری زۆر نه‌خۆشییه‌

كیبۆردی كۆمپیوته‌ره‌كان بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تری مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ، به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی زۆرترین ڤایرۆس و به‌كتریا له‌سه‌ر دوگمه‌كانی كیبۆرد، له‌كاتی به‌كارهێنانیشی په‌نجه‌كانمان ئه‌و ڤایرۆس و به‌كتریایانه‌یان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، كاتێك بێ ده‌ستشۆردنیش په‌نجه‌كانمان به‌ ده‌م و لووته‌وه‌ بخشێنین ڤایرۆس و به‌كتریاكان ده‌چنه‌ هه‌ناومانه‌وه‌ و تووشی چه‌ندین نه‌خۆشیمان ده‌كات.

دمیتری ریابینین سه‌رۆكی كۆمپانیای Hi- Tech Mail.ru ئاشكرای كرد كه‌ كیبۆردی كۆمپیوته‌ر به‌ ته‌واوی گۆڕاوه‌ بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی ڤایرۆس و به‌كتریاكان، زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تووشی نه‌خۆشی پێست و چاو و نه‌خۆشی ڤایرۆسی و به‌كتریایی تر ده‌بن، هۆیه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ڤایرۆس و به‌كتریا له‌سه‌ر كیبۆرده‌كانیان هه‌بووه‌ و پاش به‌كارهێنانی كیبۆرده‌كه‌ش ده‌ست و په‌نجه‌یان به‌ چاو و لووت و ده‌میان هێناوه‌ و ڤایرۆسه‌كان بۆ نێو جه‌سته‌ی مرۆڤ گوێزراوه‌‌ته‌وه‌.

پاككردنه‌وه‌ی كیبۆرد یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ گرنگه‌كان چونكه‌ ڤایرۆس و به‌كتریای زۆر له‌سه‌ری كۆ ده‌بێته‌وه‌ و هۆكاری زۆر نه‌خۆشییه‌، سه‌باره‌ت به‌مه‌ش دمیتری گووتی" پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك به‌لای كه‌مه‌وه‌ مانگی جارێك كیبۆرده‌كانی پاك بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌كتریا و ڤایرۆسه‌كانی له‌سه‌ر لا بچن و نه‌مێنن، ده‌توانن بۆ ئه‌مه‌ش پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی نه‌رم، یان كلێنسێك كحوولی به‌سه‌ردا بكه‌ن و كیبۆردی پێ بسڕنه‌وه‌، به‌مشێوه‌یه‌ سه‌رجه‌م به‌كتریا و ڤایرۆسه‌كان له‌ناو ده‌چن و نابنه‌ هۆی نه‌خۆش كه‌وتنی ئێمه‌ و پاریزراو ده‌بین له‌ ڤایرۆسه‌كان.

ئا/ فاتیمه‌ سعدالدین