لە ئەنجامى ژێرئاوكەوتنى بەلەمێک كەناراوەكانى لیبیا نزیكه‌ی 74 كۆچبەرى نایاسایى خنكان

رێكخراوى كۆچى نێودەوڵەتیى رایگەیاند، لە ئەنجامى ژێرئاوكەوتنى بەلەمێک لە نزیك كەناراوەكانى لیبیا لە دەریاى ناوەڕاست، لانی كەم حه‌فتاو چوار كۆچبەرى نایاسایى خنكاون.

لەو راگەیەندراوەى كە لە رێكخراوى كۆچى نێودەوڵەتیى سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، رووداوەكە لە نزیک كەناراوەكانى ئەلخومس لە شارى لیمان روویداوە،  ئاماژەى بەوە كرد كە بەلەمەكە زیاتر لە سه‌د و بیست  كۆچبەرى هەڵگرتبوو كە ژن و منداڵیشى تێدابوو.

هەر بە گوێرەى راگەیەندراوەكە، لە رووداوەكە لانی كەم حه‌فتاو چوار كۆچبەرى نایاسایى گیانیان لەدەدستداوە و چل و حه‌وت كەسیش لەلایەن ماسیگران و ئاسایشى كەناراوەكانەوە گەیندراونەتە كەناراوەكان.

راگەیەندراوەكە، باسى لەوەش كرد كە كارەكانى گەڕان و رزگاركردن بەردەوامە و تاكو ئێستا تەرمى سی و یه‌ك كەسیان دۆزیوەتەوە.راگەیەندراوەكەى رێكخراوى كۆچى نێودەوڵەتى زانیارى ئەوەشى بڵاوكردەوە كە لە یه‌كی تشرینى یەكەمەوە تاكو ئێستا لە ناوەڕاستى دەریاى ناوەڕاست لانی كەم هەشت رووداوى دەریایى روویداوە.