باره‌گای بارزانی ڕاگه‌ێندراوێكی له‌باره‌ی دڕاندن و فڕێدانى لاپه‌ڕه‌كانی قورئانی پیرۆز بڵاوكرده‌وه‌

ئەوەی ڕووی داوە بەزاندنی هەموو سنوور و هێڵێكی سوورە

باره‌گای بارزانی له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: شەوی ڕابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چەند دیمەنی لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بڵاو كرانەوە كە زۆر بە داخەوە بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر فڕێدرابوون.

ڕاشیگه‌یاند: سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی خەڵك بابەتێكی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە و، هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەو كردە نابەجێیە بێت ئامانجی تێكدانی ئاساییش كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە و، پێویستە بە سزای خۆی بگات.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه‌: ئەوەی ڕووی داوە بەزاندنی هەموو سنوور و هێڵێكی سوورە و، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن و دەبێ ڕێگە لەو جۆرە تاوان و ڕەفتارە ناشاییستانە بگیرێت.

بارەگای بارزانی

٢٣ـی نیسانی ٢٠٢١