بارسێلۆنا و نێیمار رێككه‌وتن

یانه‌ی بارسێلۆنا ڕایگه‌یاند، ته‌واوی كێشه‌و ناكۆكیه‌كانی نێوان كارگێڕی یانه‌كه‌و نێیمار داسیلڤای ئه‌ستێره‌ی پێشووی بارسا چاره‌سه‌ركراوه.

بارسێلۆنا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا ئاشكرایكرد كه‌ به‌رپرسانی بلاوگڕاناو نێیمار ڕێككه‌وتنێكیان واژووكردووه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ش بریتی بوون له‌ سێ داوای یاسایی له‌ بواری پیشه‌یی و داواییه‌كی یاسایی له‌ بواری شارستانی.

ئیداره‌ی یانه‌ كاتالۆنیه‌كه‌ ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری نێوان بارساو نێیمار به‌ شێوه‌یه‌كی دۆستانه‌و دوور له‌ دادگاكان كراوه.

جێگای باسه‌ نێیمار له‌ ساڵانی 2013 تا 2017 یاریزانی بارسێلۆنا بوو، دواتر په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمان كرد.

له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا، نێیمار داوای یاسایی له‌سه‌ر بارسێلۆنا تۆماركرد به‌وه‌ی یانه‌كه‌ په‌نجا ملیۆن یۆرۆ قه‌رزاریه‌تی، له‌به‌رامبه‌ریشدا، بارسێلۆنا داوای شازده‌ ملیۆن یۆرۆی له‌ یاریزانه‌كه‌ ده‌كرد، به‌ڵام به‌م ڕێككه‌وتنه‌ كێشه‌كانی نێوانیان كۆتایی هات و به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ركرا.