كتێبیكی نوێ ده‌رباره‌ی مێژووی كورد بڵاوكرایه‌وه‌


 كتێبێكی نوێ ده‌رباره‌ی مێژووی كورد له‌ لایه‌ن زانكۆی كه‌یمبریجی به‌ریتانییه‌وه‌ ده‌رچوو،له‌ نووسینی  كتێبه‌كه‌ دا چل و یه‌ك نووسه‌ری كورد و بیانی به‌شدارن . 
سێ نووسه‌ر له‌و چل و یه‌ك نووسه‌ره‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌رچوونیان كردوه‌ كه‌ بریتین له‌ حامید بۆزئه‌رسه‌لان و جه‌نگیز گونه‌ز و والی یادیرگی.
كتێبه‌كه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا نوسراوه‌ و 964 لاپه‌ڕه‌ له‌ خۆده‌گرێت،كتێبه‌كه‌ بۆیه‌ گرنگه‌ چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كتێبانه‌ی له‌ زنجیره‌ كتێبه‌كانی مێژووی زانكۆی ناوداری كه‌یمبریج ده‌رده‌چن و مێژووی كوردی له‌ سه‌ده‌ی پازده‌یه‌مه‌وه‌ تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌وه‌ تاوتوێكردوه‌.
هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كتێبه‌كه‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌ری ناسراو و خاوه‌نی كتێبی (مێژوویه‌كی كورتی كورد)، ده‌یڤید ماكداوڵ كراوه‌. ده‌یڤید مامۆستایه‌ له‌ زانكۆی سه‌واسی به‌ریتانی. له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌یدا ڕاشكاوانه‌ ڕه‌خنه‌ی گرتوه‌ و سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشی له‌ نووسه‌ره‌كانی كتیبه‌كه‌ ڕای خۆشی به‌رامبه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان خستۆته‌ڕوو.
ئه‌م كتێبه‌ بۆیه‌ گرنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن زانكۆیه‌كی گرنگی وه‌ك كه‌یمبریج سه‌رپه‌رشتی ده‌رچوونی كراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ زنجیره‌ كتێبه‌كانی (Cambridge Histories)، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ له‌سه‌ر كورد و كوردستان و مێژوه‌كه‌ی. زنجیره‌ كتێبه‌كانی مێژوه‌كانی كه‌یمبریج له‌ ساڵی 1902 و ده‌ست به‌ بڵاوكردنه‌وه‌یان كراوه‌ و تا ئێستا 350 كتێب یان قه‌باره‌ بڵاوبۆته‌وه‌.
هیوادارین ئه‌م كتێبه‌ به‌ زووترین كات بكرێته‌ كوردی.
هۆشیار سیوه‌لی