كورته‌يه‌ك له‌ژيانى تايبه‌تى و هونه‌رى هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى

له‌ساڵى (1968)ى زاينى له‌  شارى سه‌قز به‌دنياهاتووه‌
Thumbnail

هه‌ر شار و شارۆچكه‌يه‌كى كوردستان به‌گشتى جيا له‌هه‌موو كايه‌كانى ژيان ، هونه‌رى موزيك و گۆرانى پشكى گه‌وره‌ى به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ وهونه‌رمه‌ندانى ئه‌و شارو شارۆچكانه‌ى كوردستان به‌هه‌وڵ و تێكۆشانى خۆيان بناغه‌ى موزيك و گۆرانى كورديان ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ڕازاوه‌تر كردووه‌،  يه‌كێك له‌وشاره‌ جوان و لێوڕێژ له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان شارى ( سه‌قزه‌) له‌رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ،كه‌ به‌كانگاى هونه‌ر ناسراوه‌ و چه‌ندين هونه‌رمه‌ندى گۆرانبێژ و موزيكژه‌نى تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌و هه‌ريه‌كه‌يان به‌كاره‌ هونه‌ره‌كانيان سنورى جوگرافياى شارى سه‌قزيان به‌زاندووه‌و خۆيان ناساندووه‌ ، هونه‌رمه‌ندانى  وه‌ك ( برايانى زيزى ، ڕه‌شيدخانى فه‌يزنه‌ژاد ،حه‌بيبوڵڵاى نيك بين ،  محه‌مه‌دى ناهيد  ، سه‌يد محه‌مه‌دى سه‌فايي ،ڕه‌سوڵ ميرزا پوور ، بێهنامى تاهيرى  و  ،،،،تاد) له‌شاره‌كانى ديكه‌ى كوردستانه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان ڕوويان له‌شارى سه‌قز كردووه‌ به‌مه‌به‌ستى سوود وه‌رگرتن و په‌ره‌پێدانى هونه‌ره‌كه‌يان.

جيا له‌و هونه‌رمه‌نده‌ پڕ به‌رهه‌م و تێكۆشانه‌ هونه‌رييه‌ كه‌ ئاماژه‌م پێداون ، مه‌به‌ستمه‌ كێوماڵێك به‌ كاره‌ هونه‌رييه‌كانى هونه‌رمه‌ندێكى ژه‌نيارى زاده‌ى شارى سه‌قز بكه‌ين ،كه‌ ماوه‌ى  (15) ساڵه‌ هاتۆته‌ باشوورى كوردستان و له‌شارى سلێمانى نيشته‌جێ يه‌و  به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر ڕێگاپيرۆزه‌كه‌ى هونه‌رى موزيكژه‌نين .

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى  ....

ناوى ته‌واوى  ( عه‌بدوڵڵا جه‌ليل ئيبراهيم ) له‌يه‌كێك خانه‌واده‌ هونه‌ردۆست و ڕێزگر له‌ هونه‌ر، له‌ساڵى (1968)ى زاينى له‌  شارى سه‌قز به‌دنياهاتووه‌ .

1

وه‌ك هه‌ر منداڵيكى ئاسايي خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن ،له‌قۆناغى خوێندنى سه‌ره‌تايي درك به‌ده‌نگخۆشيي عه‌بدوڵڵا ده‌كرێت ، واته‌ سه‌ره‌تا به‌ گۆرانى خوێندن ده‌ستى به‌كارى هونه‌رى كردووه‌ ، تا ته‌مه‌نى (10) ساڵى خولياى فێربوونى مۆسيقا له‌ناخيدا چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و ڕوو ده‌كاته‌ لاى هونه‌رمه‌ند ( حه‌بيبوڵڵاى نيك بين ) هونه‌رمه‌ند نيك بين له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى شارى سنه‌ يه‌ و له‌شارى سه‌قز سه‌رپه‌رشتى فه‌رهه‌نگ و هونه‌رى شارى سه‌قزبووه‌ ،ماوه‌يه‌ك له‌لاى هونه‌رمه‌ند حه‌بيبوڵلاى نيك بين ده‌مێنێته‌وهتا ئه‌و مامۆستا فێركاره‌ به‌ڕێزه‌ى شارى سه‌قز به‌جێدێڵيت و ڕووده‌كاته‌ شارى تاران ،  عه‌بدوڵڵاى مێرمنداڵ بۆ به‌رده‌وامى له‌و حه‌زو خوليايه‌ى ده‌بێته‌ قوتابى له‌لاى   هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش و ژه‌نيارى (ڤيۆلۆن)  (ڕه‌شيدخانى فه‌يزنه‌ژاد ) فێرى ژه‌نينى ئامێرى ( جۆزه‌) ده‌بێت ، به‌ڵام هه‌نگاوى زياترى بۆ دنياى هونه‌ر و فێربوونى موزيك،  عه‌بدوڵڵاى هونه‌رمه‌ند درێژه‌ به‌خوێندنه‌كه‌ى ده‌دات  تا بروانامه‌ى (ديپلۆم) به‌ده‌ست دێنێت .

له‌يه‌كێك له‌و ئاهه‌نگانه‌ى كه‌له‌ته‌مه‌نى منداڵيدا وه‌ك گۆرانيبێژ له‌شارى سه‌قز به‌شداربووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى موزيكژه‌ن ( ڕه‌شيدخانى فه‌يزنه‌ژاد (عود) ، ڕه‌سوڵى ميرزاپوور (ڤيۆلۆن ) ، حه‌بيبوڵڵاى نيك بين( كلارنێـت _قه‌ره‌ناى) ،ناسرى ئه‌خوان ( ڤيۆلۆن) ، ناسرى ئيسماعيلى (زه‌ڕب) ، هۆشه‌نگ قاڵيچه‌چى ( سه‌نتور ) ،به‌هرۆزى نيك بين ( سه‌نتوور ) ، هونه‌رمه‌ند (ناسرى ڕه‌زازى ) به‌گۆرانى خوێندن له‌و كۆنسێرته‌دا به‌شداربووه‌ .(*1)

2

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى  له‌نێوان ساڵانى ( 1975 تا 1978) به‌شدارى چه‌ندين  ئاهه‌نگ و كۆنسێرتى كردووه‌ وه‌ك گۆرانيبێژ ، دواى ئه‌وه‌ى بڕوانامه‌ى ديپلۆم وه‌رده‌گرێت ، ماوه‌ى  (2) دووساڵ ده‌بێت به‌سه‌ربازو  له‌و ماوه‌يه‌دا خولياو حه‌زى زۆرى بۆ موزيك فه‌رامۆش ناكات و به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێت به‌دواى هونه‌رمه‌ندانى ژه‌نياردا تا زانيارى زۆرتر له‌سه‌ر موزيك و ئامێرى ( جۆزه‌ _ كه‌مانچه‌) و ده‌زگاكانى مه‌قام وه‌ربگرێت و خه‌رمانى هونه‌رى خۆى پێ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات .

له‌وماوه‌يه‌دا زۆر سود له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ى خه‌ڵكى شارى ئه‌سفه‌هان ( محه‌مه‌دى ئازه‌رى ، موزه‌فه‌رى موئه‌يه‌دى ،ئه‌كبه‌رى قازى پوور) وه‌رده‌گرێـت، دواى ته‌واو بوونى  ماوه‌ى سه‌ربازى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شارى سه‌قز بۆ به‌ده‌ستهێنان و ڕۆچوونى زياتر بۆ دنيا فراوانه‌كه‌ى هونه‌رى موزيك،  ساڵى (1992) ڕووده‌كاته‌ شارى تاران  ده‌چێته‌ خزمه‌تى هونه‌رمه‌ند ( ئه‌رده‌شيرى كامگار) بۆوه‌رگرتنى زانيارى زياتر به‌شێوه‌ى ته‌كنيكى له‌سه‌ر ئامێرى ( كه‌مانچه‌)ماوه‌ى (6) ساڵان ماوه‌ته‌وه‌ ، له‌و ماوه‌يه‌شدا هونه‌رمه‌ند چۆته‌ په‌يمانگاى هونه‌رمه‌ندى كه‌مانچه‌ژه‌نى نێودار ( داودى گه‌نجى) له‌و په‌يمانگايه‌ش زۆر وانه‌ى به‌سوودى له‌سه‌ر ژه‌نينى ئامێرى كه‌مانچه‌ وه‌رگرتووه‌ ،

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى ،  خولياو حه‌زى زۆرترى بۆ هونه‌ره‌كه‌ى ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه‌ و زياتر گه‌ڕاوه‌ به‌دواى مامۆستاى شاره‌زا تا له‌ڕووى ئه‌كاديميه‌وه‌ زانستى موزيك وه‌ربگرێت ، هه‌رله‌و گه‌شته‌يدا بۆتاران دواى ئه‌و دووهونه‌رمه‌نده‌ ( ئه‌رده‌شيرى كامگار و داودى گه‌نجى ) چۆته‌ ديدارى هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عه‌لى كيانى نه‌ژاد)ژه‌نيارى ( نه‌ى كه‌سائي) زۆر سوودى لێوه‌رگرتووه‌و خه‌رمانى هونه‌رى خۆى پێ ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردووه‌ .

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى دواى ئه‌و هه‌موو كۆشش و تێكۆشانه‌ هونه‌رى يه‌ توانى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت ، تا له‌ساڵى (1993) له‌فيستڤاڵيكى نێوده‌وڵه‌تى له‌شارى تاران ،به‌ئامێرى كه‌مانچه‌ به‌شدارى بكات  و پله‌ى يه‌كه‌م به‌ده‌ست بێنێت.

ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عه‌لى كيانى نه‌ژاد) گروپێكى هونه‌رى به‌ناوى ( جه‌وان) دابمه‌زرێنن و هونه‌رمه‌ندانى گۆرانيبێژ له‌ده‌ورى گروپه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و چالاكى هونه‌رى ئه‌نجام بده‌ن ، گۆرانيبێژانى  وه‌ك ( محه‌مه‌د جه‌واد شه‌جه‌ريان ، هومايۆنى كازمى ، به‌هرۆزى ته‌وه‌كولى و جه‌مشيدى عه‌زيزخان) ئه‌م كارانه‌ى هونه‌رمه‌ند ڕێگه‌ خۆشكه‌رن بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى بباته‌ ده‌ره‌وه‌ى ئێران و له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ كاروچالاكى هونه‌رى ئه‌نجام بدات .

هونه‌رمه‌ند كه‌ريمى دواتر له‌گه‌ڵ گروپى (بێستوون) ى شارى كرماشان ، به‌سه‌رپه‌رشتى  هونه‌رمه‌ند ( عه‌لى ڕه‌زا به‌شير پوور ) و هاوكارى گۆرانيبێژان ( جه‌مشيدى عه‌زيزخان و مه‌رۆى مسته‌وفى) كۆنسێرتيان ئه‌نجامداوه‌ ،

له‌شارى سه‌قز بۆ ماوه‌ى (2) ساڵ  واته‌ ( 1992 _1993) خولى فێربوونى موزيكى كردۆته‌وه‌ و مامۆستاى خوله‌كه‌ بووه‌ .

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى  له‌ساڵى (1995) له‌گه‌ڵ گروپێكى موزيكى شارى سنه‌ ، بۆمه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى  كۆنسێرت بۆ هونه‌رمه‌ندى لاوى شارى سنه‌ ( كه‌مالى سه‌فى خانڕووده‌كاته‌ باشوورى كوردستان، له‌شارى هه‌ولێر و سلێمانى  و هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هيد  كۆنسێرت ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ماوه‌ى (2) دوو ساڵ ( 1998 تا 2000)  به‌شدارده‌بێت وه‌ك كه‌مانچه‌ ژه‌ن له‌گه‌ڵ كارو چالاكييه‌ هونه‌رييه‌كانى گرووپى ( چل ده‌ف ) .

وه‌ك ئه‌ندامێكى گرووپى موزيكى ( مه‌ستانو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( به‌هرۆزى ته‌وه‌كولى ) ڕووده‌كه‌نه‌ وڵاتانى ( ڕووسيا و توركمانستان و ژاپۆن) به‌كارى ئه‌نجامدانى كۆنسێرت  و چالاكى هونه‌رى ، هه‌روه‌ها له‌ساڵى (2000) له‌گه‌ڵ گروپى ( لاوژه‌ى موكريان) به‌هاوكارى هونه‌رمه‌ندى شارى سه‌قز ( بێهنامى تاهيرى ) گه‌شتێكى هونه‌رى بۆ وڵاتى ( سويد و به‌لجيكا) ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى ده‌روێشێكى ماندووى موزيك و گۆرانى كوردى ، به‌رده‌وام سه‌رقاڵى كارى هونه‌رى و هاوكارى هونه‌رمه‌ندان بووه‌ ، له‌ساڵى (2003 بۆ 2004) گروپێكى موزيك به‌ناوى ( هۆره‌) له‌شارى سه‌قز داده‌مه‌زرێنێت و كۆنسێرتى  بۆ هونه‌رمه‌ند ( نادرى وسوقى ) له‌شارى (سنه‌ و مه‌ريوان ) ئه‌نجامداوه‌ ،

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى  له‌ساڵى (2005) به‌يه‌كجارى هاتۆته‌ باشوور و له‌شارى سلێمانى نيشته‌جێ بووه‌ ،  ژيانى دوور له‌زێده‌كه‌ى نابێته‌ له‌مپه‌ر و له‌كارى هونه‌رى بوه‌ستێ ، نه‌خێر هه‌ر زۆر زوو  ڕايه‌ڵه‌ى په‌يوه‌ندى هونه‌رى و برايانه‌ى له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانى باشوور به‌گشتى و شارى سلێمانى گرێداو  و جێى خۆى له‌نێودڵى هونه‌رمه‌ندان و نێوه‌ندى هونه‌ريدا كردۆته‌وه‌،

له‌شارى سلێمانى  گروپى موزيكى ( مه‌حوى ) دامه‌زراندووه‌ ،له‌فێرگه‌ى (چلئاواز) وانه‌ى موزيك ده‌ڵيته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها وه‌ك مامۆستايه‌ك له‌په‌يمانگاى (نه‌وا) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و مامۆستايان ( خاليد سه‌ركار و فه‌ره‌نسيس دادود ) له‌سه‌ره‌تاى ساڵى (2007) گروپێكى موزيكى دامه‌زراندووه‌ به‌ناوى ( گروپى موزيكى خاك) سه‌ربه‌ڕاديۆى خاكه‌ ،هه‌روه‌ها كارمه‌ندى گرێبه‌ستيشه‌ له‌به‌شى هونه‌ره‌ميللييه‌كانى سلێمانى و له‌كاتى ئێستادا سه‌رقالى نوسينه‌وه‌ى چه‌ند كارێكى مۆسيقايه‌.

3

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى  له‌ماوه‌ى كارى هونه‌ريدا له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى وڵات،  به‌شێوه‌ى تاك يان گرووپ له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ گۆرانيبێژانه‌ كارى هونه‌رى ئه‌نجامداوه‌ ( محه‌مه‌دى ماملێ ، عه‌زيز شارۆخ ، ناسرى ڕه‌زازى ، حه‌مه‌ جه‌زا ، به‌هرۆزى ته‌وه‌كوللى ، جه‌مشيدى عه‌زيز خانى ، مه‌رۆ مسته‌وفى ، ئيبراهيم خه‌يات ، محه‌مه‌د جه‌واد شه‌جه‌ريان )

ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ بڵێم هونه‌رمه‌ند جيا له‌شاره‌زايي له‌ ژه‌نينى ئامێرى ( جۆزه‌ _ كه‌مانچه‌) شاره‌زايي هه‌يه‌ له‌ژه‌نينى ئامێره‌كانى ( سێ تار ، ده‌ف و زه‌ڕب) ، خێزانداره‌ و يه‌ك كوڕى هه‌يه‌ ،

سڵاو و ڕێز له‌خه‌رمانى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵاى كه‌ريمى  و هه‌ميشه‌ ته‌ندروست و پر ووزه‌و هه‌ستى هونه‌رى به‌رده‌وامتر فره‌ به‌رهه‌متر بێت.

26/12/2020 هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌ : (*1) كتێبى كه‌شكۆڵى نوسينه‌كانم  ، هونه‌رمه‌ند وريا ئه‌حمه‌د  ، لاپه‌ڕه‌ (405)

_به‌هۆى په‌يوه‌ندى ته‌له‌فۆنييه‌وه‌ زۆرجار له‌گه‌ڵ هه‌واڵپرسين  هه‌ندێك زانياريم له‌خودى هونه‌رمه‌ند وه‌رگرتووه‌ و له‌لاى خۆم گه‌ڵاڵه‌م كردووه‌ ( ج،د)  

جه‌مالى ده‌لاك