جیاوازی کاندیدانی پارتی 

ئەی ئەوە نییە پارتی بووەتە پارێزەری ماددە دەستورییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان
Thumbnail

دەنگدان مافی سروشتی هەر تاکێکە، دەنگدەر کێ هەڵدەبژێرێت و کێ دەکاتە نوێنەری خۆی لە حکومڕانی و بڕیارداندا، خۆی ئازادە و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ لەجیاتی دەنگدەر بڕیار بدات. 
لە وڵاتدا، دیموکراسی هەرگیز بەدەستنایەت ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت، واتا هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئاشتیانە بتوانێت بەشداربێت لە بنیاتنانی حکوومەتێکی دیموکراسی، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەشداری پڕۆسەکە نەکات، دەبێت بە بەڕێوەبردنێکی نادادپەروەری و حکوومەتێکی گەندەڵ و دیکتاتۆر ڕازی بێت.
لە کوردستان پێگەی پارتی هەمیشە لە بەرفراوانی و گەورەبوون و بەهێزیدایە، لە حکومڕانیدا تا ئێستا پشکی شێری بەرکەوتووە و لە بەرپرسیارییەتی ڕاینەکردووە و لە خاوەنبڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتیشدا سەرکەوتوو بووە، ئەگینا هەمیشە براوە و یەکەمی هەڵبژاردنەکان نەدەبوو، گەلیش پارتی بە نوێنەری خۆی هەڵنەدەبژاردەوە.
کاندیدانی پارتی هەمیشە گوێڕایەڵی ئەو بەرنامە و پڕەنسیپانەن کە پارتی دایدەڕێژێ بۆ ئەوەی لەڕووی یاسایی و نیشتیمانی و بەرپرسیاریەتی خزمەتی گەلی کوردستان بکەن، ئەمەش بەپێچەوانەی هەندێک لە کاندیدان کە دوای بەربژێرکردنیان و چوونیان بۆ پەرلەمانی عێراق، نەک هەر تەنها لە حزبەکەیان کشاونەتەوە، بەڵکو لەبەرانبەر بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی دژی گەلی کوردستانیش وەستاونەتەوە. 
لە بەغدا، پارتی قسە و بڕیاری یەکلاییکەرەوەی بۆ هەموو پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان پێیە، هەر پارتیش هەم وەک حزب، هەمیش وەک خاوەن سەرۆکێکی کارێزما، بووەتە مەرجەعی دوابڕیاری گەلی کوردستان. 
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی حکومڕان لە کوردستان، توانیویەتی سەرنجی وڵاتانی زلهێز بۆ ئاوەدانی و سەقامگیری و ئاساییشی هەرێمی کوردستان ڕابکێشێت، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەیەکی ئارام هەڵکەوتووە، ئێستا پارتی وەک نوێنەری گەلی کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن قەزیە و بڕیاربەدەستی هاوکێشەکانە و هەولێری پایتەختی کردۆتە ترافیکی دیبلۆماسیەت و کاروانسەرای بەرپرسان و سەرۆکی دەوڵەتە زلهێزەکان. 
  پرسیارێک هەیە دەڵێ، پارتی چی پێکراوە تا دووبارە دەنگی پێ بدەمەوە؟ ئەی ئەوە نییە پارتی بووەتە پارێزەری ماددە دەستورییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و ئەو پرسانەی تایبەت بە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانن پارتی هەمیشە بەرگری لێ دەکات، هەر پارتییە لەسەری مکوڕ و داکۆکیکارە، جیا لەوانەی دیکە کە بەپێچەوانەوە کاردەکەن بۆ ڕازیکردنی لایەنێکی دیاریکراو بە مەبەستی بەرژەوەندیخوازی خۆیان، پارتی ئەگەر بەهێز بێت، هەرێمی کوردستانیش بەهێز دەبێت. 
کێ ژیانت بۆ دابین دەکات و دەبێتە هۆکاری دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییت، کێ ئاساییش و ئارامی ژیانت دەپارێزێت و هەوڵی بەردەوامیت دەدات بە سەربەرزی و شکۆمەندی، شەرم مەکە شانازی پێوە بکە، لەهەموو وڵاتانی دونیا وایە، حزبێک بتوانێ ژیانت بگۆڕێت و داکۆکیکاری مافە نەتەوەییەکانت بێت، پێویستە بە ڕاشکاوی هەوڵ بۆ سەرخستنی بدەیت. 
کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر بنەمایەک هەڵبژێردراون کە ببنە مایەی بەدەستهێنانی دەستکەوت و مایەی شکۆمەندی بن بۆ گەلی کوردستان، لەڕووی نەتەوەییەوە خاکدۆست، ئەزمووندار و پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا، ڕۆشنبیری یاسایی یەکێکە لەو بناغانەی زۆربەیان پێیدا فلتەرکراون، تا بەهەمان نەهج و پڕۆگرامی نەتەوەیی پارتی، ئەوانیش درێژە بەم کاروانە بدەن و شەڕی بواری دارایی و یاسایی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بکەن. 
پارتی لەڕابردوو تاکە حزبی نەتەوەیی بووە، زیاتر لە پارتەکانی تر بووبێتە زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دەنگدان بە کاندیدانی پارتی، مانەوەی ئەو ئاساییش و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و بەرگریەیە، کە پارتی پێی گۆشکراوە، تا گەلەکەی بە هەموو ئایین و پێکهاتە نەتەوەکانییەوە سەربەرزانە بژیت.