به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می عێراق دانیشتنی به‌جینۆساید ناساندنی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ دواكه‌وت

باڵیۆزخانه‌ی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ پێگه‌یاندن به‌ لایه‌نی داواكراو ڕابگه‌یه‌نێت

ئه‌مڕۆ23 ی ته‌موزی 2018 له‌ دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ واده‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی دادگایی كردنی ئه‌و كۆمپانیا و لایه‌نانه‌ بوو كه‌ چه‌كی كیمیاییان به‌ ڕژێمی به‌عس فرۆشتبوو، وه‌ هاوكاری سه‌دام حسێن و ڕژێمه‌كه‌ی  بوون له‌ جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد.

دانیشتنه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی دادوه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و پارێزه‌رانی ناوخۆ و بیانی له‌ كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ دانیشتنه‌كه‌شدا پارێزه‌ران سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته‌ به‌رده‌سته‌كانیان دژ به‌و كۆمپانیاو لایه‌نانه‌ خسته‌ ڕوو كه‌ هاوكاری ڕژێمی به‌عس بوون له‌ جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد.

به‌ڵام به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی لایه‌نی داواكراو، دادوه‌ر داواكه‌ی دواخست بۆ ڕۆژی 27/11/2018.

ئه‌یاد كاكه‌یی، پارێزه‌ری كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی لایه‌نی داواكراوی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌می باڵیۆزخانه‌ی عێراق گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ پێگه‌یاندن به‌ لایه‌نی داواكراو ڕابگه‌یه‌نن.

دوای دانیشتنه‌كه‌ش كه‌س و كاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئومێدیان خواست لایه‌نی داواكراو له‌ دانیشتنی دووه‌می دادگا ئاماده‌بێت تاكو ئه‌م تاوانه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی جارێكی تر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری قوربانیان بكرێته‌وه‌.

سه‌رهه‌نگ هه‌ڵه‌بجه‌یی