مەحمود عوسمان: هیچ لایەنێكی كوردی بەدیلی پارتی و یەكێتی نابێت لەبەغدا

عوسمان: هیچ لایەنێك ناتوانێت پارتی و یەكێتی پەراوێز بخات


مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد پێی وایە بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی هیچ لایەنێك ناتوانێت پارتی و یەكێتی پەراوێز بخات و جەختیش دەكاتەوە هیچ لایەنێكی كوردی بەدیلی پارتی و یەكێتی نابێت لەبەغدا.

ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقی پەسەندكردو دوابەدوای ئەوەش جموجوڵی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیی دەستی پێكردوە.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ چەند كۆبونەوەیەك لەنێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچن بەمەبەستی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی.
 
مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاندوە" ھێشتا زووە بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و تازە ئەمڕۆ دادگا ئەنجامەکانی پەسەند کردوە، چونکە ئەوانەی گەورەترین کوتلە پێک دێنن لەبەغدا پێویستیان بە کۆمەکی کورد ھەیە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی مەرجن بۆ بەغدا تا کورد بەشداری بکات لە پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیدا.

لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لەڕێککەوتنی ھەندێ لایەنی کوردو عێراقی دەکەن بۆ پێکھێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی، ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە" ھیچ لایەنێک ناتوانێ  پارتی و یەکێتی پەراوێز بخات و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەراورد ناکرێن، بۆیە هیچ لایەنێکی کوردی بریتی پارتی و یەکێتیی نین لەبەغدا، لەبەر ئەوەش ھەر لایەنێکی بیەوێ کورد بەشدار بێت و ڕێککەوتنی لەگەڵ بکات، سەرەتا پێویستی بەوە ھەیە پارتی و یەکێتی ڕازی بن، لەبەرئەوەی زۆرینەی کۆرسییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بردوەو سەرکەتوی ھەڵبژاردنن.