ئه‌مریكا.. به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆڕی گازی ماڵان ده‌یان خانووی هاووڵاتیان سووتان

پۆلیس گازی ماڵان و كاره‌بای ناوچه‌كه‌ی بڕیوه‌ و كه‌مپی كاتی بۆ خه‌ڵك هه‌ڵداوه‌

به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئاشكرایان كرد، له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌، لانیكه‌م 39 خانوو و باڵه‌خانه‌ له‌ ده‌ورووبه‌ری بۆستۆن له‌ ویلایه‌تی ماساچۆست سووتاون و گومان ده‌كرێت كه‌ هۆكاری ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ لێچوونی گاز له‌ بۆڕی گازی ماڵان بێت.

پۆلیسی ناوچه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌: كه‌ ده‌یان راپۆرتیان پێگه‌یشتووه‌ له‌باره‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شاره‌كانی لارێنس و ئه‌ندرۆی باكوور و ژماره‌كه‌ش روو له‌ هه‌ڵكشانه‌. 

میدیاكانی ئه‌مریكا بڵاویانكرده‌وه‌ به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری ئاگره‌كه‌،‌ به‌شێكی به‌رچاوی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ خانوویه‌كانیان چۆڵكردووه‌، هاوكات وه‌ك پێشگیری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ئاگره‌كه‌‌، پۆلیس گازی ماڵان و كاره‌بای ناوچه‌كه‌ی بڕیوه‌ و كه‌مپی كاتی بۆ خه‌ڵك هه‌ڵداوه‌. 

به‌رپرسانی ناوچه‌ی مێرمیك ده‌ڵێن:‌ به‌هۆی گوشارو پاڵه‌په‌ستۆی زۆر بۆ سه‌ر بۆڕی گازی كۆلۆمبیا كه‌ به‌و ناوچه‌یه‌ تێده‌په‌ڕیت، ئه‌م ئاگركه‌تنه‌وه‌ و ته‌قینه‌وه‌ی بۆڕیانه روویانداوه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ تاكوو ئێستا حكوومه‌ت له‌و بواره‌دا هیچ لێدوانێكی فه‌رمی رانه‌گه‌یاندووه‌، میدیاكانی ئه‌مریكی ئاشكراشیان كردووه‌ له‌ شارۆچكه‌ی لارێنی وكه‌ له‌ یه‌ك كاتدا نزیكه‌ی 19 حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ روویداوه، هه‌روه‌‌ها پۆلیس ئاشكرایكردووه،‌ كۆمپانیای گازی كۆلۆمبیا سه‌رقاڵی گرتنه‌وی گازی ئه‌و بۆریانه‌یه‌.

تا ئێستا ئه‌م رووداوه‌ جیا له‌ زیانه‌ زۆره‌ ماددیه‌كانی، هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌ به‌ڵام به‌شێكی زۆری خانوو و باڵاخانه‌ی هاووڵاتیان له‌ شارۆچكه‌كانی سه‌ر به‌و ویلایه‌ته‌ سووتاون.