شاندێكى پارتى له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێی عێراق تاوتوێكرد

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدی


ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا شاندێكى په‌رله‌مانتارانى پارتى دیموكراتی كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێی عێراق كۆبوونه‌وه‌.

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ شاندێكى پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار پێكهاتبوون له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكی راسپێردراوی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تادا شاندی پارتی پیرۆزباییان له‌ ناوبراو كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت و ده‌ست به‌كاربوون وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق.

هه‌روه‌ها به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كه‌ هه‌ردوولا تاوتوێى بارودۆخى سیاسى و پێكهێنانى حكوومه‌ت و پرۆگرامى حكوومه‌تى داهاتوویان كردووه‌، سه‌رباری ئه‌مه‌ش كاركردن له‌ پێناو یه‌ك یه‌كخستنى ته‌واوی كۆششه‌كان بۆ سه‌رخستنى كاری حكوومه‌تى داهاتوو له‌ پێناو خزمه‌ت كردنی خواستی هاووڵاتیان كرایه‌وه‌.

داڕشتنەوە: سامان زاهیر