كاریگەری قۆناغی دووەمی سزاكانی سەر ئێران لەسەر هەرێمی كوردستان

سزا سه‌پێندراوه‌كه‌ بۆ سه‌ر ئێران چووە بواری جێبەجێكردنەوە


ئەمڕۆ دووەمین قۆناغی ئەو سزایانەی لە دوای كشانەوەی تاك لایەنەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

گوتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سەلام عەبدوڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم سزایانەی كە سەپێنراوە بەسەر ئێراندا، بڕیارێكی ناوخۆیی ئەمریكایە بەڵام كاریگەرییەكی نێودەوڵەتی هەیە و بەپلەی یەكەم كاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە دەبێت كە كاڵا و كەلوپەل رەوانەی ئێران دەكەن، هەروەها كاریگەری لەسەر ئەو كۆمپانیا نەوتیانە دەبێت كە لە ئێران كار دەكەن ، لەگەڵ ئەو بەندەر و كەشتییەوانیانەی كە لە ئێران هەیە ".

ئەو گوتی: "وەك هەرێمی كوردستان شتێكی زۆر كەم دەنێرینە ئێران و شتێكی ئەوتۆ نییە كە كاریگەری ئابوری هەبێت، بەڵام ئەوەی كە لە ئێرانەوە رۆژانە بۆمان دێت و كەلوپەلی رۆژانە و بەرهەمە خۆراكییەكانن سزاكان نایگرێتەوە ".

گوتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی گوتی:" سزاكان تەنها ئەو بازرگانانە دەگرێتەوە كە لە رێگەی بەندەر عەباسی ئێرانەوە بە ترانزێت كاڵا و كەلوپەل دەهێننە هەرێمی كوردستان، ئەوەش زیاتر ئامێرە كارەباییەكان دەگرێتەوە و كاریگەری ئەوتۆی نابێت و پێویستە لەسەر ئەو بازرگانانە رێگەیەكی نوێ بدۆزنەوە بۆ گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، تائێستا هیچ شتێكیان پێنەگەیشتووە لەسەر گۆڕانكاری لە دەروازە سنوورییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها لەناو بازاڕی شارەكەش هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر نرخی كاڵا و خۆراكدا نەهاتووە.

كاریگەری قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران تائێستا لەسەر هەرێمی كوردستان رون نییە و بازرگان و سەرمایەداران تائێستاش لە گفتوگۆ و راوێژكردندان بە كەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا، بۆ ئەو مەبەستەش لە سلێمانی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە كاریگەریەكانی ئەو گەمارۆیە لەسەر ڕەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە سەرۆك و ئەندامانی رێكخراوە بازرگانی و ئابوورییەكان و كەسانی پسپۆڕ بەڕێوەچوو.

سەرپەرشتیاری كۆبونەوەكە، سیروان حەمە شەریف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" وەك هەرێمی كوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی چەند كیلۆمەترێكی زۆر هاوسنورین لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە ئەو سزایانە كاریگەری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت، ئێمە دەمانەوێت بزانین كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێم چییە و چ خۆپارێزییەك بكەین بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان لێی دەربچین".

دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز