توركیا ده‌روازه‌یه‌كى سنوریى له‌گه‌ڵ عه‌فرین ده‌كاته‌وه‌

وه‌زیری بازرگانی توركیا هه‌والى كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ی سنووری نێوان توركیاو عه‌فرینی راگه‌یاند

وه‌زیری بازرگانی توركیا رایگەیاند، دوێنێ ده‌روازه‌ی سنووری نێوان توركیا و عه‌فرینیان كردووەتەوە. 

روخسار په‌كجان، وه‌زیری بازرگانی توركیا رایگه‌یاند "دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 8-11-2018، ده‌روازه‌ی سنووری نێوان پارێزگای هاتای عه‌فرینی كردووەتەوە‌ و ده‌رفه‌تی بازرگانیكردن له‌ ناوچه‌ی چڵه‌ زه‌یتوون به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌نجامده‌درێت". 

په‌كجان راشیگه‌یاند، زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ كاری به‌رده‌وام ده‌كرێت بۆ كردنه‌وه‌ی رێگە سه‌ره‌كییه‌كان و دروستكردنی رێڕه‌وی ئاسان بۆ هاتووچۆی بارهه‌ڵگره‌كان و ئۆتۆمبێله‌كان، هەروەها سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاساییه‌ نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش گیرانه‌به‌ر بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كه‌ی نێوان توركیا و ناوچه‌ی چڵه‌ زه‌یتوون. 

لە مانگی 3ی ئەمساڵ سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی نزیک لە ئەنقەرە دوای نزیکەی دوو مانگ لە ئۆپەراسیۆنێک بەناوی "چڵە زەیتوون" كانتۆنى عەفرینیان  داگیر كرد.