ئوسترالیا.. هێرشبه‌رێك به‌ چه‌قۆ سێ كه‌سى كرده‌ قوربانى

له‌ ئێستادا هێرشبه‌ره‌كه‌ برینداره‌ و له‌ ره‌وشێكى خراپدایه‌

به‌پێى هه‌واڵێكى ڕۆیته‌رز، ئه‌مڕۆ هه‌ینى 9ى تشرینى دووه‌مى 2018، پیاوێك له‌ ناوه‌ندى شارى مه‌ڵبورنى ئوسترالیا سێ كه‌سى كرده‌ قوربانى و به‌هۆى هێرشه‌كه‌وه‌ یه‌كێكیان گیانى له‌ده‌ستداو و دووانى دیكه‌ش برینداربوون.

ده‌یڤید كلایتون به‌رپرسى پۆلیسى فكتۆریا رایگه‌یاند: هێرشبه‌ره‌كه‌ به‌ چه‌قۆ هێرشى كرده‌ سه‌ر سێ كه‌س له‌ ناوه‌ندى شارى مه‌ڵبورن و به‌داخه‌وه‌ یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كان گیانى له‌ده‌ستدا و دوو كه‌سه‌كه‌ى دیكه‌ش برینداربوون .

دواتر هێرشبه‌ره‌كه‌ به‌ چه‌قۆكه‌ى ده‌ستى هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس كردووه‌ پۆلیسیش به‌ ته‌قه‌ وه‌ڵامى هێرشبه‌ره‌كه‌ى داوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستادا هێرشبه‌ره‌كه‌ برینداره‌ و له‌ ره‌وشێكى خراپدایه‌ و خراوه‌ته‌ ژێر چاودێرى پۆلیس له‌ نه‌خۆشخانه‌. 

كلایتون ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كیان نییه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌و هێرشه‌ كه‌ ئایا په‌یوه‌ندى هه‌بووبێت به‌ كرده‌وه‌ى تێرۆریستى له‌م قوناغه‌دا، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ چاوكراوه‌یى ده‌مێنینه‌وه‌ و پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین .

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز