وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پۆمپیۆ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كردووه‌

دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە هەولێر


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "مایک پۆمپیۆ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد لە بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان".

لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر پاڵپشتی ئەمریکا بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەغدا کردەوە". 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایدەگەیێنێت: "مایک پۆمپیۆ جەختی لەسەر بەهای پەیوەندی ستراتیژیی لەگەڵ عێراق و پەیوەندی دۆستانەی ماوەدرێژیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، کە بۆ ئاسایشی دووقۆڵی و سەقامگیری ناوچەکە گرنگە".

پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 9-1-2019 مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.