پۆلیسی کۆیە: تاكو ئێستا ئاوات بۆکانی، گۆرانیبێژی میللی رۆژهه‌لاتى كوردستان ده‌ستگیر نه‌كراوه‌

تەقەی لە دوو ھاوڕێى خۆی کردووە و برینداری کردوون

بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ڕایدەگەیەنێت، ئاوات بۆکانی، گۆرانیبێژی میللی رۆژهه‌لاتى كوردستان، تەقەی لە دوو ھاوڕێى خۆی کردووە و برینداری کردوون، به‌لام تاكو ئێستاش دەستگیر نەکراوە.

عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ڕایگەیاند" شەوی ڕابردوو 9/1/2019، ئاوات بۆکانی لە سەیرانگەی چنارۆک لە کۆیە، لەگەڵ دوو ھاوڕێی کە خەڵکی ھەولێرن، دەبێتە دەمەقاڵییان و ئاڵۆزی دەکەوێتە نێوانیان، ئاوات بۆکانیش تەقەیان لێ دەکات و دوو کەسیان بریندار دەکات، به‌لام تاكو ئێستا ناوبراو دەستگیر نەکراوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ڕوونیشی کردەوە" ھۆکاری کێشەکە جارێ نازانرێت، ئێمە فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرکردووەو بریندارەکانیش بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی شارى ھەولێر کراون".