سه‌رۆكی لێژنه‌ی باڵای فه‌توا: ده‌مانه‌وێ‌ فه‌توا زیاتر رێكخه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا

رۆڵ‌و پێگه‌ی فه‌توای له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رز‌و سه‌ركه‌وتووانه‌ نرخاند


 له‌میانه‌ی به‌ژداری كردنی له‌ به‌رنامه‌ی (روانگه‌ی زانایان)ی رادیۆی ده‌نگی زانایان  د. حسن موفتی سه‌رۆكی لێژنه‌ی باڵای فه‌توا، ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند ته‌وه‌رێكی په‌یوه‌ست به‌ لێژنه‌ی فه‌توا كرد‌و رۆڵ‌و پێگه‌ی فه‌توای له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رز‌و سه‌ركه‌وتووانه‌ نرخاند.


له‌سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌ گوتی: ئیسلام به‌ گرنگیه‌وه‌ له‌ پێگه‌ی فه‌توا ده‌ڕوانێت‌و كۆمه‌ڵێك چوارچێوه‌و بنه‌مای گرنگ‌و زانستی داناوه‌ بۆ فه‌توا، له‌سه‌ر ئه‌و پرنسیپه‌ ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی زانایان‌و له‌ لێژنه‌ی باڵای فه‌توا پشت به‌خوا هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ین به‌ شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌تر پرسی فه‌توا رێك بخه‌ینه‌وه‌.


سه‌باره‌ت به‌ هه‌یكه‌لی لێژنه‌ی فه‌تواش گوتی: لێژنه‌ی باڵای فه‌توا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت‌و له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی ته‌نفیزی داده‌نیشێت‌و له‌سه‌رجه‌م لقه‌كانی یه‌كێتی زانایانیش لێژنه‌ی فه‌توا هه‌یه‌‌و له‌خزمه‌تی پرسه‌ ئایینیه‌كان‌و خه‌ڵكی كوردستان دان.


له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی گوتی: ئێمه‌ نامانه‌وێ‌ له‌ كوردستان فه‌وزا هه‌بێت‌و هه‌ر كه‌س له‌خۆیه‌وه‌ فه‌توا بدات، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ‌ فه‌توا یه‌كخه‌ین‌و لێژنه‌ی باڵای فه‌توا ببێته‌ تاكه‌ مه‌رجه‌عی فه‌توا له‌ هه‌رێمدا.


سه‌رۆكی لێژنه‌ی فه‌توا گوتیشی: فه‌توایه‌كانمان به‌هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی‌و كوردی ده‌بێت‌و له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی‌و به‌ڵگه‌‌و روونكردنه‌وه‌ی تۆكمه‌و ته‌واوه‌وه‌ ده‌بێت.

شوان عه‌زیز