ئه‌مریكا ره‌شنووسی نوێ تایبه‌ت به‌پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ڤه‌نزوێلا ئاماده‌كرد

له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تاوتوێ ده‌كرێت


ئه‌مریكا ره‌شنووسی بڕیارنامه‌یه‌كی ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڤه‌نزویلا و به‌نیازه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تاوتوێی بكه‌ن.


 له‌مباره‌یه‌وه‌ دیپلۆماتكارانی رۆژئاوایی به‌ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزیان راگه‌یاند، له‌ ره‌شنووسی پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكادا هاتووه‌ و داوای هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و شه‌فاف له‌ ڤه‌نزویلا ده‌كات كه‌ تیایدا چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شدار بن. هه‌رچه‌ند له‌ ره‌شنووسه‌كه‌دا رێكه‌وت و به‌روارێكی دیار یكراوه‌ ئاماژه‌ی پێ نه‌كراوه‌ بۆ به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام دانوستانه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و پێده‌چێت به‌ بنبه‌ست بگات، له‌به‌رئه‌‌وه‌ی رووسیا ڤیتۆی ده‌كات. رووسیا پاڵپشتی نیكۆلاس مادۆرۆ ده‌كات و له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی پشتیوانی له‌ خوان گوایدۆ ده‌كه‌ن. 


 ئه‌و ره‌شنووسه‌ی ئه‌مریكا ئاماده‌ی كردووه‌ تیایدا نیگه‌رانی واشنتۆن ده‌ربڕیوه‌ بۆ به‌ركارهێنانی توندوتیژی مادۆرۆ له‌ دژی ئه‌و به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی كه‌ چه‌كدار نین. واشنتۆن له‌ ره‌شنووسه‌كه‌دا داوای له‌ گوتیرێس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌، رێكخراوه‌‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م پرۆسه‌یه‌ ئاماده‌ بكات بۆ چاودێری كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڤه‌نزویلا. ‌