سه‌ركۆماری ئێران هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌مریكا و ئیسرائیل

به‌بۆنه‌ی 18ی نیسان رۆژی نه‌ته‌وه‌یی سوپا

به‌بۆنه‌ی 18ی نیسان رۆژی نه‌ته‌وه‌یی سوپاوه‌، به‌ئاماده‌بوونی سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی و به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌، له‌به‌رده‌م مه‌زاری سه‌ركرده‌ی شۆڕشی 1979ی ئێران خومه‌ینی له‌ تارانی پایته‌خت، رێوڕه‌سمێكی سه‌ربازی به‌ڕێوه‌چوو.

حه‌سه‌ن روحانی لێره‌دا وتارێكی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌مریكا و ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ و گوتی: "چه‌ندین سه‌ده‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ژیاون و كێشه‌یان نه‌بووه‌. وه‌ك برا ژیاون و پابه‌ندی مافی دراوسێیه‌تی بوون. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌ی داگیركاریی ئه‌مریكا و ئیسرائیله‌".

ئه‌و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا دژی به‌هێزبوونی وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه‌ و گوتی: "ئه‌مریكا ئه‌و هێزانه‌ی خۆشناوێت كه‌ خۆیان راده‌ستی ناكه‌ن و سه‌ر بۆ شكۆی دانانه‌وێنن. وه‌رن با پێكه‌وه‌ ناوچه‌كه‌مان له‌ داگیركاران پاكبكه‌ینه‌وه‌".