ڕێكخراوێكى ئەمەریکی: شانازی بە ڕۆڵی پێشمەرگە دەكەین

خۆشحاڵیی خۆى بە ئەزموونی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان نیشاندا

پاشنێوەڕۆی ئەمڕۆ، پێنچشەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٩، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینگەی تایبەتیی خۆی پێشوازیی لە شاندێكی ڕێكخراوی خێرخوازیی مەسیحیی ئەمەریکی (S.R.I)، بە سەرۆكایەتیی مایكل پۆپ ستار و شاندی یاوەری كرد.  

لە دیدارەكەدا كە مووسا گەردی، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادە بوو، هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان، بە ناوى پەرلەمانی كوردستانەوە ستایشی ڕۆڵی ڕێكخراوەكەى كرد بەرامبەر ئەو هاوكاری و كۆمەكانەی پێشكەش بەو خەڵكە لێقەوماو و ئاوارانەى دەكەن كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و دەستخۆشیی لێ كردن و ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەو قەیرانانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووى هەرێمی كوردستان بوونەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان بووە پەناگەیەكی ئارام بۆ سەرجەم لێقەوماوان و ئاوارەكانی ئەو ناوچانەى كە كەوتنە ژێردەستی داعش، چ ئەوانەی لە عێراقەوە ڕوویان كردە هەرێمی كوردستان، یان ئەو خوشك و برایانەی كە لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد و ژمارەیان زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو بوو، ئەمەش وای كرد قورساییەكی زۆر بخاتە سەر هەرێمی كوردستان و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن، هەرێمى كوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا درێغیى نەكردووە لە هاوكاریكردنى تەواوی ئاوارەكان، بەڵام ئەو هاوكارییە بەتەنیا بە هەرێمی كوردستان ناكرێت".

هەر لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكارە یاساییەكانی بۆ شاندی میوان شی كردەوە.

مایكل پۆپ ستار، سەرۆکی ڕێكخراوی خێرخوازیی مەسیحیی ئەمەریکی (S.R.I)، ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ لە باوەشگرتنى ئەو ڕێژە زۆرەی لێقەوماوان و ئاوارەكان كە بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ڕۆڵى هێزەكانى پێشمەرگەى كوردستانیشی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانى داعش بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: "شانازی بە ڕۆڵی هێزى پێشمەرگەی كوردستان دەكەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستانی داعشی كرد".

مایكل پۆپ خۆشحاڵیی خۆیشی بە ئەزموونی پێكەوەژیانی ئاشتییانەى نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند: "شانازی بە دۆستایەتیی كورد و كوردستانیانى هەرێم دەكەم و هەرێمی كوردستان مۆدێلێكى پێشكەتووە لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەى نێوان سەرجەم پێكهاتەكان لە جیهاندا".

لە كۆتاییی دیدارەكەدا شاندی میوان ئامادەییی خۆیان نیشان دا بۆ بەردەوامبوون لە ناردنی ئەو هاوكاری و كۆمەكانەی كە پێشكەشی ئاوارەكان دەكرێت. جێگرى سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش وەك ڕێزلێنانێك لە هەوڵ و ماندووبوونیان بۆ ئەو هاوكارییانەی پێشكەش بە ئاوارە و لێقەومانی دەكەن لۆگۆى پەرلەمانی كوردستانی وەك دیارییەك بە ڕێكخراوەكە بەخشى.

شایانی باسە كاری سەرەكیی ئەو ڕێكخراوەیە، كۆكردنەوەى هاوكاری و كۆمەكە لە ئەمەریکا بۆ لیقەوماوان و ئاوارەكان لە سەرتاسەرى جیهاندا، لە ساڵی (٢٠١٥)ەشەوە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ئەو هاوكاری و كۆمەكانە پێشكەش بە لیقەوماوان و ئاوارەكانى هەرێمى كوردستان دەكەن.