كڤیتۆڤا كچه‌ تێنسزانى چیكى سه‌ركه‌وتننى به‌سه‌رئه‌ناستازیا سیڤاستۆڤای لاتڤی تۆماركرد

له‌ قۆناغی پێش كۆتایی پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی شتوتگارتی ئه‌ڵمانی


كچه‌ یاریزانی چیكی پێترا كڤیتۆڤا گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی شتوتگارتی ئه‌ڵمانی له‌ یاری تێنسی سه‌رزه‌وی له‌ ئاستی خانمان

 له‌ قۆناغی چاره‌گی كۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا، كڤیتۆڤای پۆلێنكراوی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی كچه‌ تێنسزانانی جیهان به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ئه‌ناستازیا سیڤاستۆڤای لاتڤی و پۆلێنكراوی سێزده‌می ڕیزبه‌ندی جیهانی برده‌وه، یاریه‌كه‌ یه‌ك كاتژمێرو سیی و دوو خوله‌كی خایاندو ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانیش دوو شه‌ش، شه‌ش دوو، شه‌ش سێ بوو، كڤیتۆڤای ته‌مه‌ن بیستونۆ ساڵ هه‌وڵ ده‌دات دووه‌م نازناو له‌ ڕكابه‌ریه‌كانی ئه‌مساڵ بباته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌ كانوونی دووه‌می ڕابردوودا نازناوی پاڵه‌وانێتی تێنسی سیدنی ئوستڕالی به‌ده‌ستهێنابوو

 له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی قۆناغی چاره‌گی كۆتایی هه‌مان پاڵه‌وانێتی، ناومی ئۆساكای ژاپۆنی و پۆلێنكراوی یه‌كه‌می ڕیزبه‌ندی جیهان به‌ زه‌حمه‌ت و به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك له‌ دۆنا ڤێكیچی كڕواتی و پۆلێنكراوی بیستوپێنجه‌می ڕیزبه‌ندی جیهانی برده‌وه‌و ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانیش شه‌ش سێ، چوار شه‌ش، حه‌وت شه‌ش بوو