سوننه‌كانی عێراق پشتگیری خۆیان بۆ ئه‌مریكا دووپاتكرده‌وه‌

به‌ڵێنیان داوه‌ هیچ كات ناچنە پاڵ ئێران

لەگەڵ گرژتربوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا رو ئێران كە عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەكە، چەند گرووپێك و لایه‌نێكی چه‌كدار لە پارێزگا سوننەكان پشتگیری خۆیان بۆ ئه‌مریكا دووپات كرده‌وه‌.

رەعد سلێمان سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكگرتووی عەشایەری بەغدا و شەش پارێزگا سوننەكە له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، ژمارەیەك لە سەركردەی گرووپه‌ چەكدارەكان لە عێراق، پابه‌ندبوونی خۆیان دووپات كردۆته‌وه‌ بۆ پشتیوانی له‌ ئه‌مریكا، ئەگەر هاتوو جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا رووبدات.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، ئه‌وان به‌ڵێنیان داوه‌ هیچ كات ناچنە پاڵ ئێران بۆ زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا.

رەعد سلێمان روونی كردەوە كە سەركردەی ئەو هێزانە لە ترسی ئەوەی ئەمەریكییەكان لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتدا هێرشیان نەكەنەسەر، ئەو به‌ڵێننامه‌یا‌ن پڕ كردووەتەوە، له‌ كۆتاییدا رایگه‌یاند، روون و ئاشكرایە كە جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران روودەدات بۆیه‌ باشتر وایه‌  هه‌ڵوێستێكی دیاریكراویان هه‌بێت.