سلێمانی.. دروستكردنی وێنه‌ی سێ‌ ره‌هه‌ندی مرۆڤ

سێ‌ بابه‌ت له‌خۆ ده‌گرن

هونه‌رمه‌ندێكی شاری سلێمانی ئه‌زموونێكی نوێی كاری هونه‌ری و فۆتۆگرافی تاقی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ویش دروستكردنی وێنه‌ی سێ‌ ره‌هه‌ندی ناسراو به‌ 3D ، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م ئه‌زموونی له‌و شێوه‌یه‌یه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا تاقی ده‌كرێته‌وه‌.

په‌یام ئاوات ته‌مه‌ن 25 ساڵان كه‌ خاوه‌نی بیرۆكه‌كه‌ و پڕۆژه‌كه‌یه‌، پێش دوو مانگ ده‌ستی به‌ كردنه‌وه‌ی ستۆدیۆیه‌كی تایبه‌ت به‌و كاره‌ كرد و له‌ئێستادا كاره‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ كۆتایی و ده‌ستی به‌ كاركردن كردووه‌، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌سه‌ره‌تاوه‌ كارێكی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام پێشوازی باشی لێكراوه‌.

په‌یام ئاوات به‌ ئاژانسی ئانادۆڵو راگه‌یاند: "كاره‌كانم سێ‌ بابه‌ت له‌خۆ ده‌گرن، یه‌كه‌م كه‌ بابه‌تێكی نه‌رمه‌ و خوورییه‌ به‌ته‌واوه‌تی كاری ده‌ستییه‌، ئه‌وه‌ی دووه‌م وه‌ك گه‌چ ده‌رده‌چێت و كاری ئامێر و ده‌ستیشی تێدایه‌، بابه‌تی سێیه‌م كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م وه‌ك پلاستیك ده‌رده‌چێت و كاری ئامێر و ده‌ستی پێكه‌وه‌یه‌".

كاره‌كانی په‌یام له‌ رێگه‌ی ستۆدیۆیه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ 36 كامێرای له‌ هه‌موو لاكانه‌وه‌ تێدا جێگیر كراوه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا وێنه‌كه‌ ده‌چركێنێت، دواتر له‌ رێگه‌ی ئامێرێكی تایبه‌ته‌وه‌ وێنه‌ سێ‌ ره‌هه‌ندییه‌كه‌ دروست ده‌كات.

ئه‌و گوتی: "ئه‌و ستۆدیۆیه‌ی هه‌مانه‌ سیدی سكانه‌ره‌ و له‌ كۆمه‌ڵێك كامێرا پێكهاتووه‌ و له‌ هه‌موو زاوییه‌كانه‌وه‌ 36 كامێرا دانراوه‌ و وێنه‌كان ده‌گرن، دواتر له‌ رێگه‌ی پڕۆگرامی تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه‌ و به‌ گرافیك وێنه‌كان یه‌كده‌خرێن و وه‌ك سكانی لێدێت".

سه‌باره‌ت به‌ نرخی وێنه‌ سێ‌ ره‌هه‌ندییه‌كان، خاوه‌نی پڕۆژه‌كه‌ گوتی: "ره‌نگه‌ به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ زۆر بێت، به‌ڵام كاره‌كه‌ كارێكی زه‌حمه‌ته‌ و نرخه‌كان به‌پێی مادده‌ و قیاس و شێوازی وێنه‌كان ده‌گۆڕێت".

په‌یام باس له‌وه‌ش ده‌كات، تا ئێستا پێشوازی هاووڵاتیتان له‌ كاره‌كه‌ی كه‌ كارێكی نوێیه‌ له‌ هه‌رێم و عێراقدا باش بووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان و هاووڵاتییان سه‌ردانیان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌/ AA

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv