ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پێنج وەزارەت کرا

تا کۆتایی ئه‌م هەفتەیه لە سەرجەم وەزارەتەکان ئەنجام بدرێت


بە راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی لێژنەیه‌كى تایبەت ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی وەزارەتەکان بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ دووشەمە 15/7/2019 بە راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی دۆستانەدا ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کاروباری پێشمەرگە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە و کارەبا کرا.

دانا عەبدولکەریم دەسەڵاتەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شۆڕش ئیسماعیل دەسەڵاتەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی لە کەریم شنگالی، ئارامی حەمەی مینا دەسەڵاتەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە د. یوسف گۆران، ئالان حەمە سەعید دەسەڵاتەکانی وەزارەتی پەروەردەی لە پشتیوان سادق و کەمال محەمەد ساڵح دەسەڵاتەکانی وەزارەتی کارەبای وەرگرت.

وێڕای سووپاسکردنی وەزیرانی پێشوو، جەختکرایەوە لەسەر پێکەوەکارکردن و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وجێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و هەموو لایەک راسپێردران بۆ هەنگاونان بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

پرۆسەکە بە سەرپەرشتی لێژنەیهكى تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی وەزارەتەکان بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبوو لە شەعبان شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکوومەت و ئامانج رەحیم، سکرتێری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.

بڕیارە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتەکانیش تا کۆتایی ئه م هەفتەیه لە سەرجەم وەزارەتەکان ئەنجام بدرێت.