ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتنامه‌ى ئاى ئێن ئێفى ناوه‌كى روسیا ده‌كشێته‌وه‌

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ساڵى 1987 واژۆی له‌سه‌ركرابوو

به‌پێى هه‌واڵێكى بى بى سى، ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى له‌ ڕێككه‌وتنامه‌ى ئاى ئێن ئێفى ناوه‌كى له‌گه‌ڵ روسیا ده‌كشێته‌وه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ساڵى 1987 دا له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌وكاته‌ى ئه‌مریكا رۆناڵد ڕیگان و میخایل گۆرباچێڤى سه‌رۆكى یه‌كگرتووى سۆڤیت واژۆیان له‌سه‌ركردبوو.

به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ دروستكردنى مووشه‌كى مه‌ودا مامناوه‌ند كه‌ مه‌وداكه‌ى له‌ نێوان 500 بۆ 5.500 كیلۆمه‌تردا بێت قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت. 

به‌ڵام سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانى ناتۆ روسیایان تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ى پێشێلكارى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى كردووه‌ به‌ دروستكردنى موشه‌كێكى نوێ له‌ جۆرى كروز، مۆسكۆش ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ڕه‌تكردبوه‌وه‌. 

ئه‌مریكییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌، ئه‌وان به‌ڵگه‌یان هه‌یه‌ كه‌ روسیا په‌ره‌ى به‌ چه‌ند موشه‌كێكى جۆرى 9 ئێم 729 كردووه‌ كه‌ ناتۆ به‌ مووشه‌كى ئێس ئێس سى ـــ 8 ناوی ده‌بات، دواجار ئه‌و تۆمه‌تانه‌ درایه‌ هاوپه‌یمانه‌كانى واشنتۆن له‌ ناتۆ دواتر هه‌موویان هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ئه‌مریكا.

هاوكات مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2ى ئابى 2019، له‌ لێدوانێكدا گوتى، "روسیا به‌ته‌نها به‌رپرسه‌ بۆ نه‌مانى ڕێككه‌وتنامه‌كه‌"، هه‌روه‌ها گوتیشى به‌ پشتگیرى ته‌واوى هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ناتۆ ئه‌مریكا بڕیارى داوه‌ و روسیا پێشێلكارى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كردووه‌ و له‌ئه‌نجامدا پابه‌ندیه‌كانمان ڕاگرتووه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه‌.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ مانگى شوباتى ڕابردوو هۆشدارى دابووه‌ روسیا له‌ ڕێككه‌وتنامه‌كه‌ ده‌كشێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر روسیا پابه‌ند نه‌بێت پێیه‌وه‌ى، هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ 2ى ئاب وه‌ك دوایین به‌روار بوو بۆ پابه‌ندبوون به‌ رَێككه‌وتنه‌كه‌وه‌.

پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م له‌ هۆشدارییه‌كانى ئه‌مریكا ڤیلادمیر پوتین پابه‌ندبوونى روسیاى راگرت به‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ پێی سپێردرابوو كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه‌دایه‌.

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز