ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆبووەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و چەند بڕیارێكی دەركرد.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران درا بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دانانی رێکارە دەستوورییەکانی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠.

هەروەها بڕیار درا كە پێویستە باجەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە رێک بخرێنەوە، بە شێوەیەک کە دادپەروەری لە باجداندا هەبێ و رێگای خۆدزینەوە لە باج بگیرێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی دەركرد.

ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە ٧١ی ٢٠١٩، لە ٢٠١٩/٧/٢٨ تایبەت بە راڤەکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور کرد کە تێیدا بڕیار درا بە زیندوومانەوەی مادەی ئاماژەپێکراو.

لەمبارەیەوە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیران درا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بۆ دانانی رێکارەکانی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

پاشان کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی داڕشتنی میکانیزمێکی پێویست کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی هەشتەم لە بەشی چاکسازی لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە چاکسازی لە سیستەمی باج، بە جۆرێک دادپەروەری لە وەرگرتنی باج هەبێت، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەسەر گرنگی باجدان کردەوە کە پێویستە هەموو ئەو لایەن و کەس و کۆمپانیایانەی قەرزداری حکوومەتن و ئەو باجانەی لە سەریانە بە شێوەیەکی یاسایی بدەن. هەروەها پێویستە باجەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە رێک بخرێنەوە بە شێوەیەک دادپەروەری لە باجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاک لە بەرچاو بگیرێت. هەروەها رێگە بگیرێت لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ئەو یاسایانەش هەموار بکرێنەوە کە لەوبارەیەوە رێگرن.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکه، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی ئەو کەسانەی بە ناوی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمارکراون و سوودمەندبوون لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی .

لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکە بڕیاری دا هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە سێزدە هەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی دا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کاروباری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تاوتوێ کران وبڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەی راسپارد، کە پێشوازی گەرم و ئاسانکاری پێویست بۆ گەشتیاران بکەن کە بە بۆنەی جەژنەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.