له‌باره‌ی به‌رێوه‌چوونى تاقیکردنەوەکانى خولى دووەمى قۆناغى 12ى ئامادەیى راگه‌یاندراوێك بڵاوكرایه‌وه‌

له‌ 5 خاڵدا

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ئالان حه‌مە سه‌عیدساڵح وەزیرى پەروەردە، بە نووسراوەى فەرمى لە رێکەوتى (6/8/2019)، داواى لە بەرێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان کرد هه‌ر پێداویستیه‌كیان هه‌یه‌ ئاماده‌یی بكه‌ن بۆ جێ به‌جێ كردنی  له‌پێناو سەرکەوتنى پرۆسه‌ى به‌رێوه‌چوونى تاقیکردنەوەکانى خولى دووەمى قۆناغى 12ى ئامادەیى 

 

 راشیده‌گه‌یه‌نن  وەزیرى پەروەردە داوای له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ كردووه‌  کە پێویستە لە ڕێگاى هەمان سیستمەوە پەراوى سۆماى وەڵامى قوتابیان و خوێندکاران و وەڵامى نموونەى بۆ قوتابیان بە ڕێگاى ئەلیکترۆنى بخرێنە روو، تاوەکو هەموو قوتابى و خوێندکارێک وەڵامەکانى و وەڵامى نموونەى ببینیت, لەهەمان کاتدا وەزیرى پەروەردە چەند ڕێنماییەکى گشتى بۆ بەرێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان ولیژنەى باڵاى ئەزموونەکان خستە روو، کە گرنگترینیان بریتین لە:

1ـ نابێت پرسیارەکان هیچ جۆرە هەڵەیەکى تێدا بێت.

2ـ نابێت پرسیارەکان جێگاى گومان و لێڵى بن لە رووى وەڵامەوە و نابێت چەند وەڵامێک دروست بێت بۆ پرسیارێک.

3ـپێویستە لیژنەى باڵاى ئەزموونەکان تەواوى ووردبینى و شارەزاییان بەکاربهێنن بۆ ئەوەى هیچ کەم و کوڕییەک روونەدات.

4ـ ئایندەى قوتابیان/خوێندکاران لە قۆناغى دوانزە لە رووى راست و دروستى پرسیارەکان لە ئەستۆى بەرێوەبەرایەتى گشتى ئەزموونەکان و ئەو لیژنەیەیە کە سەرپەرشتى تاقیکردنەوەکان دەکات.

5ـ هەر هەڵەیەک رووبدات و کاریگەرى لەسەر قوتابیان/ خوێندکاران و پرۆسەکە هەبێت، رێکارى کارگێرى دەگیرێتەبەر بەرامبەر کەسان و لایەنى کەمتەرخەم و سزاى کارگیرى دەدرێت.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز