حەشدی شەعبی هەڕەشەى تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات

له‌م ماوه‌یه‌ چەندین جار بنکەو بارەگاکانی حەشدی شەعبی کراونەتە ئامانج

قاسم ئەعرەجی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق و سەرکردەی میلیشیای بەدر، کە بەهێزترین میلیشیای حەشدی شەعبییە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، هەڕەشەى له‌ ئیسرائیل كرد.

قاسم ئەعرەجی لەبارەی بۆردومانکردنی بنکەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، روو لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکات و باسی تۆڵەکردنەوە و ”تەربیەتدانی ئیسرائیل“ دەکات و ده‌لێت" چاو بە چاو و ددان بە ددان لەگەڵتان دەکەین“.

ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بە پەندێکی عەرەبی کردووە، کە دەڵێ، ”حەق بە شمشێرە و ئەوەی ناتوانێ بەدوای شاهێدحاڵدا دەگەڕێت“.

لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.

هه‌روه‌ها له‌م باره‌وه‌ پسپۆێکی ئەمنیی عێراقی هۆشداریی لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر عێراق دەدات.

کازم حاج، پسپۆڕی ئەمنیی عێراقی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، زۆرینەی سیاسەتمەدارە عێراقییەکان داوای دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان دەکەن و پێویستە پەرلەمان و حکوومەت یاسایەک دابڕێژن و ئەو هێزانە لە وڵاتەکەیان دەر بکەن.

کازم حاج بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلی بۆ سەر بنکە و سەربازگەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هێرشی زایۆنیزم- ئەمریکی ناو بردووە.

ئەو پسپۆڕە هۆشداریی لە بەردەوامیی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەشدی شەعبی داوە و رایگەیاندووە، بێ دەنگیی حکوومەت وادەکات هێرشەکان بەردەوام بن و خەڵکی دیکەش هێرش بکاتە سەر عێراق.

کازم حاج پێی وایە بۆ بەرگرتن بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، عێراق پێویستیی بە کڕینی سیستەمی مووشەکیی بەرگری و جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی کڕینی چەک هەیە، وەک ئاماژەیەک بۆ پشت لە ئەمریکا کردن و کڕینی چەکی رووسی.