(قـــــــه‌لبی مــــــن)

خۆت به‌ قوربانی گه‌لت كه‌ ، فه‌رزه‌ قــــوربانی له‌ بۆ

سامی عه‌وودال

قه‌لبی من ، گه‌ر چه‌شنی لاله‌ بێتو نه‌وتی تێبكه‌ن ،

ئاگری دوژمن بێته‌ گیانم ، وه‌ك چرا من پێ بكه‌ن ،

شه‌ق شه‌قی كه‌ن گۆشت و ئێسقان ،یه‌ك به‌ یه‌ك خێی تێ بكه‌ن ؛

بێ ترس من دێمه‌ مه‌یدان ، حوكمه‌ ئازادیم ده‌وێ ،

گه‌ر نه‌سووتێم و ، نه‌خنكێم ، چۆن هه‌ژارم سه‌ر كه‌وێ !؟

*********************************

نه‌چمه‌ ناو جه‌رگی هه‌ژاران ، شان به‌ شانی وه‌ك برا ؛

رۆح و لاشه‌م ئێش نه‌كا ، بۆ میلله‌تێكی حه‌ق خورا ؛

به‌و شه‌وی پڕ ترس و تاریك ، من نه‌سووتێم وه‌ك چرا ،

كۆمه‌ڵی دامای هه‌ژاران ، چۆن ده‌بینن بچنه‌ پێش !؟

لێمگه‌ڕێن ؛ من با بسووتێم ، ببمه‌ خاك و خۆڵه‌مێش !

*********************************

ببمه‌ خاك و خۆڵه‌مێش ، با تا هه‌ژارم پێ بگـــا ،

با بسووتێم ، به‌ڵكه‌ گه‌نج و لاوه‌كانم تێ بگـــــا ،

بێته‌ مه‌یدان ، خۆێن بڕێژێ ، تا حه‌قی خۆی پێ بگـــا ،

تا بزانێ غه‌رقی خوێنه‌ ،كێ حه‌قی وی خواردووه‌ ؟

با له‌ بۆ حه‌ق خوێم بڕێژێ ، ده‌رچێ دوژمن ، تا زووه‌ !!

*********************************

تا له‌ ناو میلله‌ت نه‌مێنێ ، فیكـــری ئینسانی ده‌نی

نه‌ك له‌ ناو مێشك بمێنێ ، ببته‌ مـــادده‌ی بۆگه‌نی

شه‌عبی چاكی پێ نه‌خۆش بێ ، ببته‌ حاڵی مرده‌نی

خۆشه‌ مردن ، بۆ به‌ڵای وا هیچ و پووچ و پڕ خه‌ته‌ر

نه‌ك بژی عامیل به‌ برسی و ، رووت و قووتی ده‌رده‌سه‌ر !

*********************************

(سامی)قوربانی گه‌لت به‌ ، قه‌ت مه‌ژی به‌و زیلله‌ته‌

هه‌ر كه‌سێ بـــمرێ له‌ رێگای نیشتمان و میلـــــله‌ته‌

نامرێ هه‌رگیز ، ده‌مێنێ ، چونكه‌ خـــــاوه‌ن غیره‌ته‌

خۆت به‌ قوربانی گه‌لت كه‌ ، فه‌رزه‌ قــــوربانی له‌ بۆ :

نیشتمانی حوڕ و سه‌ربه‌ست ، ئوممه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ

له‌ په‌یجی دیوانی دلدار وه‌رگیراوه‌

كوردستان تیڤی/ كامران