گەشتیارانی هەرێم ساڵانە نزیكه‌ی 400 ملیۆن دۆلار دەبەنە دەرەوەی كوردستان

زۆرترین گه‌شتیار بۆ توركیا رۆیشتوون

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی وه‌رزی هاوین ساڵانە ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌شتیاران سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن له‌ به‌رامبه‌ردا سێ هێندە و زیاتر گەشتیاری هەرێم سەردانی وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا دەكەن، بۆیە ئەو پارەی گەشتیارانی هەرێم دەیبەنە دەرەوە لە نێوان سێسه‌د و په‌نجا بۆ چوارسه‌د ملیۆن دۆلارە. مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە كوردستان تیڤی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە تا ئەندازەیەك پڕۆژەی گەشتوگوزاری هەیە كە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و چەندین هۆتێل و مێوانخانە و پڕۆژەی گەشتیاری هەن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەندازەی پڕۆژە گەشتیارییەكان وەك پێویست نین، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكان لە هەندێ شوێن لاوازە و لە هەندێ شوێن وەك پێویست نییە، خەڵكێكی تر زۆر ڕوودەكەنە وڵاتانی دەرەوە و دراوسێ. مه‌لا یاسین ده‌شلێت دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە شارەكان لە بۆنەكاندا تەنیا ئاماری هاتنی گەشتیار بۆ ناوخۆی هەرێم بڵاو دەكەنەوە، باس لە ئاماری ڕۆیشتنی گەشتیاری ناوخۆ بۆ دەرەوە ناكەن، لە كاتێكدا بەپێی ئامارەكان چەند گەشتیار بێتە ناو هەرێم، لەبەرانبەردا سێ هێندە و زیاتر گەشتیاری هەرێم سەردانی وڵاتانی دراوسێ وەك توركیا و ئێران و قوبڕس و ئەرمەنستان و ئازەربایجان و وڵاتانی تری عەرەبی و ئەوروپی دەكەن.