له‌نده‌ن.. 100 كارمه‌ند و 20 ئوتۆمبێڵى ئاگر كوژێنه‌وه‌ هه‌وڵى كوژاندنه‌وه‌ى باڵه‌خانه‌یه‌كى چوار نهۆمیان دا

دانیشتوانى باڵه‌خانه‌كه‌ توانیویانه‌ خۆیان رزگاربكه‌ن

به‌پێى هه‌واڵێكى بى بى سى نیوز، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ى ئه‌یلولى 2019، له‌ شیربرۆك وه‌ى ویستر پارك له‌ باشوورى خۆرئاواى له‌نده‌نى پایته‌ختى به‌ریتانیا، 125 كارمه‌ند و 20 ئوتۆمبێڵى ئاگر گوژێنه‌وه‌ هه‌وڵى كوژانه‌وه‌ى باڵه‌خانه‌یه‌كى چوار نهۆمیان دابوو. 

گراهام ئاده‌مز كارمه‌ندى بنكه‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌ى له‌نده‌ن رایگه‌یاند: پێش كاتژمێر 1:30 به‌ كاتى گرینیج ئاگاداری رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ كراینه‌وه‌ و ده‌ست به‌جێ به‌ره‌و شوێنى ئاگره‌كه‌ رۆیشتین به‌ڵام ئاگره‌كه‌ به‌خێرایى ته‌نى به‌ چوار نهۆمه‌كه‌ دابوو كارمه‌نده‌كان به‌ جیدى كاریان ده‌كرد بۆ كونتڕۆڵكردنى ئاگره‌كه‌، هه‌روه‌ها گوتیشى خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كاتژمێر 6:30 ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵكرا به‌ڵام كارمه‌نده‌كانمان بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێریك له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌ و هانى خه‌ڵكى ده‌ده‌ن خۆیان له‌ شوێنى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ به‌ دوور بگرن. 

له‌ كاتى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كه‌ى باڵه‌خانه‌ چوار نهۆمیه‌كه‌ دانیشتوانى باڵه‌خانه‌كه‌ خێرا توانیویانه‌ خۆیان و ئه‌ندامانى خێزانه‌كانیان له‌ باڵه‌خانه‌كه‌ رزگاربكه‌ن. 

دیه‌ن فه‌وله‌ر دانیشتوى نهومى چواره‌م له‌ باڵه‌خانه‌كه‌ كه‌ ته‌نها سێ هه‌فته‌یه‌ ماڵى هاتۆته‌ ئه‌وێ و له‌وێ ده‌ژیت گوتى: شه‌و خه‌به‌رم بووه‌ له‌ لێدانى ده‌رگاى شوقه‌كه‌م كاتێك ده‌رگاكه‌م كرده‌وه‌ دراوسێیه‌كه‌م پێ وتم خێرا خۆت ده‌رباز بكه‌ باڵه‌خانه‌كه‌ ئاگرى گرتووه‌ و ده‌ست به‌جێ منداڵه‌كانم ده‌ركرد به‌ڵام هه‌موو شتوومه‌كه‌كانمان سووتان. 

به‌پێى ئاماره‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ ئێستادا هۆكاری ئاگر كه‌وتنه‌كه‌ نه‌زانراوه‌ .

به‌شى خزمه‌تگوزارى فریاكه‌وتنى له‌نده‌ن رایگه‌یاند: خوشبه‌ختانه‌ ئه‌م رووداوه‌ قوربانى لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌ و تا ئێستا هیچ بریندارێكیش تۆمارنه‌كراوه‌. 

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز