به‌ به‌شداری 300 كۆمپانیا سێزده‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌

له‌ 22 وڵاتی جیاواز

سێزده‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی ھه‌ولێر به‌ به‌شداری ٣٠٠ كۆمپانیا له‌ ٢٢ وڵاتی جیاوازه‌وه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا ده‌كرێته‌وه‌ و ماوه‌ی چوار رۆژ ده‌خایه‌نێت.

  به‌رێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای IFP-عێراق بۆ رێكخستنی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی، جۆرج خوری له‌ لێدوانێكی گوتی: ئه‌مڕۆ ھه‌رێمی كوردستان له‌ ھه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و بوون به‌ ناوچه‌یه‌كی ئابووری، بۆ ئه‌مساڵ هاوكات دوو پێشانگای گرنگ ده‌كرێنه‌وه‌، یه‌كه‌میان پڕۆجێكت عێراق/ھه‌ولێر پێشانگای بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كه‌رته‌كانی بیناسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و كاره‌با. دووه‌میشیان پێشانگای خۆراكی كشتوكاڵی عێراقی-ھه‌ولێر.

جورج خوری راشیگه‌یاند كه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م پێشانگایه‌ سه‌رنجی ژماره‌یه‌كی زۆری پسپۆران و پیاوانی خاوه‌نكار و خاوه‌ن پڕۆژه‌كان و بازرگانه‌كان له‌ھه‌موو ناوچه‌كانی عێراق رابكێشێت و ئه‌مه‌یشی به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی ئابووری هه‌رێمی كوردستان زانی.

له‌باره‌ی ژماره‌ی كۆمپانیا و وڵاتانی به‌شداربوو له‌ پێشانگاكه‌، جورج خوری گوتی: "له‌م پێشانگایه‌دا، ٣٠٠ كۆمپانیا له‌ ٢٢ وڵاتی جیاوازه‌وه‌ به‌شدارن كه‌ بریتین له‌؛ عێراق، توركیا، ئێران، فه‌ڕه‌نسا، چیك، كوێت، قه‌ته‌ر، ھیندستان، لوبنان، سریلانكا، ئۆكراینا، كه‌نه‌دا، چین، پۆڵۆنیا، ئیمارات، سوید، میسر، سعوودیه‌، ئوردن، كینیا، ئه‌مه‌ریكا وھۆڵه‌ندا".

 ناوبراو گوتیشی: "ئه‌م پێشانگایه‌ له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌، ٣٠/٩/٢٠١٩ كاتژمێر ١١ی به‌یانی ده‌كرێته‌وه‌ و ماوه‌ی چوار رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌ جگه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان، به‌شێكی زۆر له‌ كۆنسولخانه‌كان پشتگیری كۆمپانیاكانی وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن و له‌ رێووڕه‌سمێكدا شایسته‌دا رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٣٠/ئه‌یلوول/٢٠١٩ كاتژمێر ١١ی به‌یانی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی ھه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت".