وه‌زاره‌تی ناوخۆ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ باره‌ی نووسراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

نووسراوه‌كه‌ كه‌ هی سەردەمی کابینەی هەشتەمە


وەزارەتی ناوخۆی هەرێم روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوكرده‌وه‌، لە بارەی نووسراوێک كه‌ هی سەردەمی کابینەی هەشتەمە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەک لە بارەی نووسراوێکی بڵاودەکاتەوە کە ئاراستەی پارێزگای دهۆک کراوە و تایبەتە بە خەرجییەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک .

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، پارێزگاکان لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە نووسراو ئاراستەی وەزارەتەکان دەکەن، ئەم نووسراوەش هی سەردەمی کابینەی هەشتەمە کە پارێزگای دهۆک داوای رەزامەندی کردبوو لە وەزارەتی دارایی و ، وەزیری پێشووی داراییش داوای کردبوو لە سەر بودجەی پارێزگا  پارەکە خەرج بکرێت ، بەڵام پارێزگای دهۆک وەڵامی نووسراوەکەی دابووەوە کە بودجەی پێویستیان نییە .

بۆیە دواتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەزامەندی وەرگیراو لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە پارێزگای دهۆک ئاگادار کراوەتەوە لە رەزامەندییەکە .

واتا وەزارەتی ناوخۆ پارەکەی خەرج نەکردووە بەڵکو تەنیا پارێزگای دهۆکی لە رەزامەندییەکە ئاگادار کردووەتەوە.