ئەبوبەكر بەغدادی: داعش به‌رده‌وامه‌و رۆژانه‌ لە چەندین شوێنی جیاواز هێرش ئەنجام دەدات

په‌یامێكى دەنگیی ئەبوبەكر بەغدادی بڵاودەكرێتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، تۆمارێكى دەنگیی نوێی "ئەبوبەكر بەغدادی" سەرۆكی گروپی تیرۆریستى داعش كه‌ له‌ تۆڕی (الفرقان)ى سه‌ربه‌ داعش بڵاوكراوەتەوە، تیایدا ناوبراو رێنمایی دەداتە لایەنگران و شوێنكەوتوانی و داوای جیهادیان لێدەكات.

لەو تۆماره‌ دەنگییەدا، ئەبوبەكر بەغدادی داوا دەكات كار بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكانی تر بەیعەت بە خەلافەتی داعش بدەن و راشیگەیاند" ئەوەی لە جەنگەكانی رابردوو روویاندا، لەمێژووی هاوچەرخی جیهاددا یەكەم و بێوێنە بوو، كە بووە هۆی رشتنی خوێنی ئەمەریكا و بەكرێگیراوانی لە گۆڕەپانی شەڕی درێژكراوەی لەمێژینە.

بەغدادی ئاماژە بەوەش دەكات، كە چالاكیی رۆژانەی داعش بەردەوامە لە چەندین بەرەی جیاواز و داواش لە لایەنگرانی دەكات خەڵكانی سوننە مەزهەب بانگهێشت بكەن.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا، بەغدادی باسی شەڕكردنی داعش دەكات لە هەشت وڵاتی جیاوازدا و دەڵێ چەكدارەكانیان لە عێراق، سووریا، یەمەن، ئەفغانستان، سۆماڵ، لیبیا و تونس بەردەوامن لە شەڕكردن، داواش لە داعشیەكان دەكات چاكە بكەن و بۆ بەرهەمەكەی چاوەڕوانی پاداشی خوا بن.

جەخت لەوەش دەكاتەوە كە رۆژانە داعش لە چەندین شوێنی جیاواز هێرشه‌كانى خۆی ئەنجام دەدات، وەك وڵاتی مالی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نزیك و داواش دەكات هێرش بكرێتە سەر هێزە ئەمنییەكان و لێكۆڵەر و دادوەرانی ناو ئەو گرتوخانانەی چەكدارانی داعشیان تێدا بەند كراوە.