هه‌سه‌ده‌: بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌ ته‌واوى بێ ئومێدى كردین

هه‌سه‌ده‌: خۆمان ئاماده‌ ده‌كه‌ین بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى توركیا

مسته‌فا بالی، گوته‌بێژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، رایگه‌یاند، ناچارین به‌شێكی زۆری پاسه‌وانی زیندان و كه‌مپه‌كانی داعش به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركاری توركیا بگوازینه‌وه‌.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی "سی ئێن ئێن"ى ئه‌مه‌ریكی، مسته‌فا بالی رایگه‌یاند" هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری ئاسایش و سه‌لامه‌تی ئه‌و زیندان و كه‌مپانه‌ بكه‌ین، كه‌ چه‌كدارانی داعشیان تێدایه‌".

گوتیشی" ناچارین به‌شێكی ئه‌و هێزانه‌مان بكشێنینه‌وه‌، كه‌ پاسه‌وانی زیندانییانی داعش و كه‌مپه‌كانیان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی له‌شكركێشی و داگیركاری توركیا ببینه‌وه‌".

ناوبراو سەبارەت بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە هەست بە نائومێدیەكی زۆر دەكەن بەرامبەر بە ئەمریكا، وتشی: توركیا تەنها لەسەر ئێمەی كورد هەڕەشە نییە، بەڵكو لە سەر هەموو كەمە نەتەوەییەكانی دیكەیە.

له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا و بڕیاری كشانه‌وه‌یان له‌ سووریا، گوته‌بێژه‌كه‌ی هه‌سه‌ده‌ رایگه‌یاند، "ئێمه‌ به‌ ته‌واوی نائومێد بووین له‌و بڕیاره‌ی تره‌مپ ده‌ریكردووه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ كردنه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م له‌شكركێشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانمان".