عێراق 64 منداڵی چه‌كدارانى سەربە داعش راده‌ستى ئۆزپاكستانى كرده‌وه‌

ئه‌و منداڵانه‌ لە گرتووخانەكانی عێراقدا زیندانیكرابوون


حكوومەتی عێراق شه‌ست و چوار منداڵی چەکدارانی سەربە رێكخراوی داعش كە هەڵگری رەگەنامەی ئۆزپاكستانن گەڕاندووەتەوە وڵاتەكەیان. 

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگه‌یاند شەوی رابردوو بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئۆزپاكستان و رێكخراوی یونیسێف ئەو شه‌ست و چوار منداڵە کە هەڵگری رەگەزنامەی ئۆزپاكستانن گەڕاندراونەتەوە بۆ وڵاتەكەیان .

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد كە دایك و باوكی زۆربەی  ئەو منداڵانە بەتۆمەتی ئەندامبوونیان لە رێكخراوی داعش و شەڕكردن دژبە هێزە عێراقییەكان سزادراون و لە گرتووخانەكانی عێراقدا زیندانیكراون. 

بەگوتەی سەرچاوەكە حكوومەتی عێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە دەیانەوێت منداڵەكانی سەربە داعش بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەكەیان.

 لای خۆشیەوە حكوومەتی ئۆزبەكستان وەرگرتنەوەی ئەو شه‌ست و چوار منداڵەی چەکدارانی سەربە رێكخراوی داعش پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند کە ئەو منداڵانە رووبەڕووی كێشەی زۆر بوونەتەوە دوای ئەوەی خێزانەكانیان رێگەی هەڵەیان هەڵبژاردووە كاتێك چوونەتە نێو رێكخراوەكەوە هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌ركی به‌خێوكردنیان له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت بێت.