نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی باڵای ئه‌مه‌ریكی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاوتوێ ده‌كه‌ن

پێشهاته‌كانی سووریا و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان و كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌كانی، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسى و ئه‌منى و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، پارێزگاری له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ بكرێت كه‌ له‌ ئه‌نجامی قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كاندا بۆ له‌ناوبردنی داعش دراون و له‌و پێناوه‌دا ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێكه‌وه‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن بۆ ڕێگرتن له‌ مه‌ترسی و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/10/2019 له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دێڤد شینكه‌ر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانی عێراق، خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ و داواكاریی خۆپیشانده‌ران، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، پێشهاته‌كانی سووریا و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فرات و كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌كانی، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، دۆخی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی تیرۆر و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، بنیاتنانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری، به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریی وڵاتانی هاوپه‌یمان له‌مباره‌یه‌وه، دابینكردنی ده‌رفه‌تی كار و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستا و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشی، تاوتوێ كران.