سائیرون پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی رەتكردەوە

لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنگی لەسەردراوە


‌فراكسیۆنی سائیرون له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و پرۆژه‌ یاسا نوێیه‌ی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق بۆ په‌رله‌مانی ناردبووه‌.

فراكسیۆنی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی رەتكردەوە، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنگی لەسەردراوە.

فراكسیۆنی سائیروون لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: فراکسیۆنی هاوپەیمانیی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق پابەندبوون بە بەیاننامەكەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رادەگەیەنێت. دەبێنە دەنگێكی داواكار و بەرگریكاری مافە یاساییەكانی خۆپیشاندەران، لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی دیكەش هەوڵی تێپەڕاندنی پاكێجی چاكسازی و یاسا گرنگەكان دەدەین كە داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێدەكەن، بەتایبەتی گۆڕینی یاسا و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و هەمواركردنی دەستوور.

فراکسیۆنی سائیروون هەروەها دەڵێت، پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان رەتدەكەینەوە، كە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەرداوە، ئەگەر پێچەوانەی ئیرادەی گەلی عێراق بێت لەبارەی هێشتنەوەی سیستمی هەڵبژاردنی كۆن و ئێستا و دابەشكردنی كورسییەكان بەپێی سیستمی سانت لاك كە هەژموونی پارتە دەستڕۆییشتوەكان و پەراوێزخستنی ئەوانی دیكە دەسەپێنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەموو جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی لەكاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەكەینەوە، بەتایبەتی دەستوەردانی ئەمریكای قێزەون، داواش لە دەزگا ئەمنییەكان دەكەین بەگیانێكی نیشتمانی و برایانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن و نەبنە ئامرازێكی سەركوتكار دژی رۆڵەكانی گەلی عێراق، چونكە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و توڕەیی گەلیان دەكاتەوە".