وه‌زاره‌تى كاره‌با راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌

وه‌زاره‌تى كاره‌با: هاوڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە کە لەئێستادا ڕەوشی کارەبا بەمشێوەیەی خوارەوەیە


 له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ مالپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌ ، وه‌زاره‌تى كاره‌بای هه‌رێم هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌له‌ئێستادا ڕه‌وشى كاره‌با بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

• 3580 مێگاوات کارەبا لەکوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت.
• بەرزترین خواستی بەکارهێنانی کارەبا 6000 مێگاوات کارەبایە.
• کاتەکانی بوونی کارەبا لەهەرێم بەتێکڕا لەنێوان 9- 12 کاتژمێردایە.


وه‌زاره‌تى كاره‌با راشیده‌گه‌ێنێت ، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لەمەترسی پێدانی کارەبا بۆ هاونیشتمانیان دەکات رەت دەکەینەوەو وەزارەتمان لەئەوپەڕی هەوڵدایە بۆ باشکردنی رەوشی کارەبا لەزیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، لەم پێناوەشدا لەرێکەوتی 8/12/2019ی ئەم مانگەوە توانیمان بڕی 250 مێگاوات کارەبا لەوێستگەی خۆرمەڵەو 150 مێگاوات کارەبا لە وێستگەی خەبات بخەینە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی یەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەباشی تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبا و سیانە و دابەشکردنی کارەبا بەشێوەیەکی دڵسۆزانە 24 کاتژمێر لەخزمەتی هاوڵاتیانی کوردستاندان


وه‌زاره‌تى كاره‌بای هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌  سەبارەت بەهەر گومانێک لەسەر نادادپەروەریی لەدابەشکردنی کارەبا بەسەر شارو شارۆجگەکاندا رەتی دەکەینەوەو هەروەکو پێشتر روونکردنەوەمان داوە جارێکی تر جەخت دەکەینەوە کە تاکو 30/11/2015 دابەشکردنی کارەبا لەسەر بنەمای یەکسانی کاتەکانی بوونی کارەبا بووە لەهەرێمی کوردستان، لەدوای 1/ 12/2015 بە پشت بەستن بەداتاکانی مانگەکانی ساڵی 2015 کە تێیدا کاتەکانی بوونی کارەبا یەکسان بوون لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی کە داواکرابوو لەسەر ئەو بنەمایە رێژەی خۆیان پێ بدرێت، هەربۆیە وەزارەتی کارەبا بڕیاری دا کارەبا لەسەر بنەمای رێژە بێت بەئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی کارەبای شارەکان بۆ واژووکردن لەسەر دەرئەنجامی رێژەکان.


له‌كۆتادا وه‌زاره‌تى كاره‌بای هه‌رێم رایده‌گه‌ێنێت كه‌ لەدوا کۆبوونەوەی وەزارەتماندا کە لە 10/9/2019 ئەنجام درا بەئامادەبوونی بەڕێزان پارێزگاری شارەکان جارێکی تر جەخت کرایەوە لەو رێژانەو سەلماندنی دادپەروەری لەدابەشکردنی کارەبا بۆیان .


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز