سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

سەبارەت بە پرسی ژنان و سواربوونیان بە تەنها لەگەڵ تەكسی


سەرۆكی یەكێتی زانایان رایگه‌یاند: هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن خوێندنەوەی هەڵەیان بۆ روونكردنەوەكەیان كردووە و ده‌شڵێت: ئێمە لەگەڵ ئازادییەكانی ژنانین.

ئەمڕۆ مامۆستا عەبدوڵا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندن خوێندنەوەی زۆر هەڵە بۆ ئەو بڵاوكراوەیە كرا، كە لەلایەن یەكێتی زانایانەوە سەبارەت بە پرسی ژنان و شوفێرانی تەكسی دەركرا، كە بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر لەشوفێرانی تەكسی بەشێوەیەكی ناڕەوا هەڵسووكەوتیان لەگەڵ سەرنشینانی ژنان دەكرد.

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت: دڵنیاین ژمارەیەكی یەكجار زۆر لەو كەسانەی، كە خوێندنەوەی هەڵەیان كرد بۆ بڵاوكراوەكەیان، ئەو بڵاوكراوەیەیان نەخوێندۆتەوە و بەبێ ئاگایی خۆشیان نەیان خوێندۆتەوە، چونكە ئەگەر خوێندنەوەیان هەبووایە ئەوا بەم شێوەیە خوێندنەوەیان بۆ ڕوونكردنەوەكانیان نەدەكرد، چونكە ئەو ڕوونكردنەوانە لەچوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام بووە و ئامۆژگاری موسڵمانانمان كردووە، ئامۆژگاریش مانای ئەوەنییە تەنها دەبێ جێبەجێ بكرێ، بەڵكو تۆ ئازادی لەوەی جێبەجێی دەكەی یاخوود نا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لەگەڵ مافە دەستوریی و یاساییەكان و ئازادیەكانی تایبەت بە ژنان و پاراستنی پێگەی ژنانین لەناو كۆمەڵگە، روونكردنەوەكەی ئێمە بۆ  پاراستنی ژنان بووە تاوەكو هیچ كەسێك نەتوانێ بێڕێزی بەرامبەر ژنان بكات.